بیروڕا
سەربەخۆیی و دێموکراتیزاسیۆن.
ڕامبود لوتفپووری

بێگومان هەردووکیان پێویستن، کورد هەم دەبێ کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ و هەم خاوەنی سیستمێکی ئازاد و دێموکراتیک بێت و باشترین دۆخ ئەوەیە هەردووکی پێکەوە هەبن، بەڵام ئەگەر نەکرا ئەولەوییەت بە کامیانە؟

لەمێژساڵە کورد خەباتی ڕزگاریخوازانە بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆی دەکات، کەچی مخابن هەر جارە بە هۆیەک خەباتەکەی هەرەسی هێناوە و ناچار بووە سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە، هەندێک جار هەلی سەربەخۆیی ڕەخساوە بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی هەندێک یا یەکێک لەم مەرجانەی خوارەوە بە ئامانج نەگەیشتوە:

۱: هوشیاریی نەتەوەییی خەڵک و ئامادەیی سیاسیی کۆمەڵگا.

۲: هەبوونی رێبەریی کارامە و زانا

۳: هەلی مێژوویی و لەباربوونی هەلومەرجی نێودەوڵەتی

هەرجارە کە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد شکستی هێناوە ماوەیەکی زۆر و بگرە زیاتر لە بیست تا سی ساڵی خایاندوە کە بتوانێ بناغەی سەرهەڵدانێکی تر دابنێت. هەموو ئەم شۆڕشانەش تێچوویەکی گیانی و ماڵیی زۆریان بۆ کورد و کوردستان هەبوو.

کەواتە دەبێ ئێستا و لەم سەردەمی زانیاری وهوشیارییەدا بەو ئاکامە گەیشتبێتین کە ناکرێ چیتر ئەم هەلە دەگمەن و پڕتێچووانە بە ئاسانی و لە پێناو هیچ بابەتێکی تردا بەفێڕۆ بدرێن. ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریش پێشمەرجی هەرچەشنە گەشەیەک دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆیە، کەواتە ویستی گەشەی سیاسی و دیمۆکراتیزاسیۆنیش بەبێ بوونی دەوڵەت وەک خواستی چێکردنی نهۆمی دووهەمی خانوویەکە کە ئێستا نهۆمی یەکەمی ناتەواوە، یان هەر لە جێدا دروست نەکراوە. ئەم بابەتە بۆ گەشەی ئابووریش وەڕاست دەگەڕێ، کە دەوڵەتی خۆت نەبوو چۆن دەتوانی بناغەکانی ئابووریت بەهێز بکەی و کەرتە جیاوازەکانی ئابووری پێش بخەی و بە گشتیی ستراتێژیی ئابووریی نەتەوەیی بنیات بنێیت؟

مەبەست لەم بابەتە دەرخستنی ئەو راستییەیە کە لە نێوان سەربەخۆیی و دیمۆکراتیزاسیۆندا ئەولەوییەت بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیییە. وەک باسم کرد خەباتی ڕزگاریخوازانە گەلێک پڕ تێچوو و هەلەکانی سەرکەوتنیشی زۆر دەگمەنن؛ کەواتە نابێ لە پێناو هیچ شتێکی تردا قوربانی بکرێت. گەشەی سیاسی و دیمۆکراتیزاسیۆنی کوردستان بە پلەی یەکەم پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەیە، ئینجا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دامەزرا و دیمۆکراتیکیش نەبوو شتێکی ئەوتۆمان نەدۆڕاندوە. خۆ ئێمە ئێستا لە ژێر سێبەر و دەسەڵاتی داگیرکەراندا لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا ناژین کە پەرۆشی لە دەستچوونی دێموکراسی و ئازادییەکەی ئێستامان بین.

لە دەسەڵاتێکی نادێموکراتیکی کوردی و خۆماڵیدا ڕەنگە سەبارەت بە ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانمان کێشەمان هەبێت و زەختمان لەسەر بێت بەڵام لانیکەم چیتر ئاریشەی شوناسمان نابێ و لە بەر کوردبوون تووشی کوشتن و زیندان و ئاوارەیی نابین. ئەمە لە خۆیدا هەنگاوێکە بۆ پێشەوە.

جگە لەوەش کاتمان بۆ خەباتی دێموکراسیخوازی لە بەردەستدا دەبێ و دەتوانین لە ڕێگای ڕێفۆرم یا تەنانەت شۆڕشیشەوە بە ئاراستەی پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکدا هەنگاو هەڵێنین. هیچ نەتەوەیەک هەتا ئێستا لە جیهانی سێهەمدا نەبووە کە پێش دامەزراندنی کیانی سەربەخۆ و گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و دەوڵەتی نەتەوەیی توانیبێتی پڕۆژەی گۆڕانی دێموکراتیک پێش یا سەر بخات.

لە دۆخی ژێردەستەییدا نەتەوەی ژێردەست لە پێکهێنانی سیستمی سیاسیدا بکەری سەرەکی نییە، بەڵکوو دەبێتە پاشکۆی ئەو سیستمەی داگیرکەر کاری پێ دەکات. تەنانەت هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی ڕزگاریخوازانە یا ئازادیخوازانەکەشی دەبێتە جۆرێک پەرچەکرداری هاوچەشن لە میکانیزمەکانی تەعامولی داگیرکەر.

بۆ نموونە ئەگەر گاندی لە هیندوستاندا خەباتی ناتوندوتیژ و مەدەنی هەڵدەبژێرێ سەرەکیترین هۆکاری ئەوەیە کە لەگەڵ داگیرکەر و دوژمنێک بەرەوڕوویە کە بریتانیایە و پڕەنسیپەکانی دێموکراسیی قەبووڵ کردوە . بەڵام بێگومان ئەم مێتۆدە قەت بۆ کورد وڵامدەر نەبووە و نابێت، چوونکە داگیرکەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان تا سەر ئێسقان دڕندە، دیکتاتۆر و نادێموکراتیکن. کەواتە کورد ناچار بووە دەست بۆ چەک و خەباتێکی توندوتیژ بەرێت. لە کەشی وەها خەباتێکیشدا بیرکردنەوە لە دێموکراتیزاسیۆنی کۆمەڵگایەک کە هیچ کۆنتڕۆڵێکیشت بەسەریدا نییە تەواو نالۆژیکی و وەک ئارەزوویەکی عارفانەیە.

بۆیە گاندی ئەگەر توانی تا ڕادەیەک هاوکات لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانە، پارێزەری بەها دێموکراتیکەکان بێت و بەستێن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە هیندوستاندا خۆش بکات ، لە ڕاستیدا پارێزگاریی لەو بەها و سیستمە کرد کە داگیرکەری بریتانیا هێنابوویە هیندوستانەوە. بەڵام ئێمەی کورد لە ژێر دەسەڵاتی ئەم داگیرکەرە دڕندانەدا دەبێ هاوکات لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانە هەوڵ بۆ پاراستنی کام کولتوور و سیستمی دێموکراتیک بدەین؟

دیارە ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە واز سیاسەت و دروشمە دێموکراتیکەکانمان بێنین، بێگومان ئەوانە بەشێک لە پێناسە و ڕەواییی خەباتەکەمانن، بەڵکوو وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێ کرد مەبەستم تێگەیشتن لەم پێویستییەیە کە ئەلەوییەت بە چییە؟

بێگومان پێشخستنی پرۆژەکانی ڕزگاری و ئازادی پێکەوە دۆخی ئایدیال و باشترە، بەڵام ئەگەر نەکرا دەبێ سەرەتا هەموو هێزەکانمان لە سەر پرۆژەی ڕزگاری و گەیشتن بە دەوڵەتی نەتەوەییی خۆمان چڕ بکەینەوە، چونکە ئەمە بەشێکی سەرەکی لە ئاریشە و تێچووەکانمان بۆ کەم دەکاتەوە و بەستێنی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسیشمان بۆ خۆش دەکات.

بۆ نموونە ئێستا لە دوو بەشی کوردستان واتە باشوور و ڕۆژئاوا هەلومەرجەکانی سەربەخۆیی زیاتر لە هەموو کاتێکی تر لەبارە و لە هەر دوو پارچەدا دەسەڵاتێکی دیفاکتۆی کوردی بوونی هەیە، ئەم دەسەڵاتانەش بە هەموو کەموکۆڕییەکانییانەوە بەڵام دەسەڵاتگەلێکی سەرەڕۆ نین و لە بەراورد لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دێموکراتیکتر و کراوەترن. ڕاستە هەموو پارامێترە دێموکراتیکەکانیان لە خۆ نەگرتووە، بەڵام پێشیان نامۆ نین و نیمچە دێموکراسییەکیان تێدا بەدی دەکرێ.

کەواتە ئێستا و لەبەردەم ئەم هەلە مێژووییەدا سەرەکیترین ئەرکی حیزب و دەسەڵاتدارانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی ئەم هەلە و چەسپاندنی مافە نەتەوەیییەکانی کورد لەم دوو پارچەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدایە. بێگومان کردەوە و لێدوانی هەر حیزب و لایەنێکی کوردیش لە ژێر هەر بیانوویەکدا کە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە بێت و ڕێگا بۆ لەبارچوونی ئەم هەلە خۆش بکات بەبێ ئەملاوئەولا دەچێتە خانەی خەیانەتەوە و ڕاست خزمەت بە مانەوەی دەسەڵاتی داگیرکەر دەکات. هەر حیزب و لایەنێک کە بەرد بخاتە سەر ئەم ڕێگایە بەرپرسیارەتیی خوێنی نەوەکانی داهاتووی (کە ڕەنگە لە پێناو خەباتی ڕزگاریخوازانەدا بڕژێت ) دەکەوێتە سەرشان و شەرمەسارییەکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار دەکات.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و رۆژهەڵات نیوز لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.
69 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌