بیروڕا
ئێمە و فەیسبووک( زانیاری و شرۆڤە)
ڕامبود لوتفپووری

یەکێک لەو ئامرازی پێوەندییانەی کە لە دەیەی ڕابردوودا بە خێرایی پەرەی سەندووە و بووەتە ژێدەرێک بۆ گەیاندنی زانیاری و پێوەندیی کۆمەڵایەتی، تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکە کە لە ڕاستیدا فەیسبووک لە لایەک بووەتە بیاڤێک بۆ تێگەیشتن لە ڕای گشتیی کۆمەڵگا و لە لایەکیتریش بووەتە تریبوونێک بۆ کارتێکەری و دانانی باندۆر لە سەر ڕای گشتیی کۆمەڵگا و هاوکێشەکانی، لە کەس شاراوە نییە کە توانایی و کاریگەریی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە ئاستێکدا بووە کە توانیویەتی بەشێکی بەرچاو لە ڕووداوەکانی جیهان بخاتە ژێر باندۆری خۆیەوە و لە زۆر نموونەدا بووەتە سەرچاوەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە و تەنانەت سەرهەڵدانی چەندین بزاوتی مەزنیش لە جیهاندا.

میکانیزمی ئەم پڕۆسەیە

لێرەدا فەیسبووک وەکوو ئامێرێک کار دەکات کە داتای خاو لە کۆمەڵگا وەر دەگرێت و پاش شەنوکەو (پردازش) کردنی وەک بەرهەمێکی توکمە بۆ بەکارهێنان پێشکەشی کۆمەڵگای دەکاتەوە، بە دیوێکیتردا فەیسبووک دەوری پسپۆڕێکی شارەزا لە کۆمەڵناسی و دەروونناسی دەبینێت کە ئازار و ئارەزووەکانی تاک و کۆمەڵ بە پەرش و بڵاوی وەردەگرێت و پاش خەبتاندنیان، وەکوو پڕۆژەیەکی گشتگیر و کرداری پێشکەشی کۆمەڵگای دەکاتەوە، بەڵام دروستی، بێخەوشی و دڵنیایی ئەم کارکردە دوو مەرجی سەرەکی هەیە:

یەکەم؛ داتا و زانییارییەکان لە شوێنی ڕاستەقینە و دروستەوە واتە لە ناخی کۆمەڵگای مەبەستەوە هاتبن.

دووهەم؛ شرۆڤەکاری شارەزا و ڕاستبین لێکدانەوە و پرۆسێسیان بکات.

بۆ ئێمە چۆنە؟

هەرچەند ڕەنگە ئاکامی باسەکە تا ڕادەیەک بۆ هەموو کۆمەڵگای کورد لە چوار پارچەی کوردستان ڕاست بێت بەڵام ئەوەی لەم بابەتەدا مەبەستی سەرەکییە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئایا ئەو زانیارییانەی کە وەکوو داتای خاو لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێنە سەر لاپەڕەکانی فەیسبووک تا چەندە ڕاستین و لە شوێنی ڕاستەقینەی مەبەستەوە واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێن؟

ئەگەر چاوێک لە لیستی چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بکەین، بە سانایی بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی هەرە زۆریان ئەو کەسانەن کە وا لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات دەژین و بەشێکی بەرچاویشیان ماوەیەکی زۆرە کە بەشێوەیەکی عەینی لەو کۆمەڵگایە دوورن، واتە بە دەگمەن کەسانێک دەبینرێن کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەم بیاڤەدا ئامادەییان هەبێت، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:

یەکەم؛ ئەوەی کە فەیسبووک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فیلتێر کراوە و دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ناوخۆ بەم تۆڕە ئاسان نییە.

دووهەم؛ ئەوەی کە لە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنیش بە هۆی سیستمی سەرکوتی داگیرکەری ئێرانییەوە، بەکارهێنەران یان ناتوانن لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان کەڵک وەرگرن یان ناتوانن هەموو ڕاستییەک بدرکێنن.

کەوابوو تاکوو ئێرە بۆمان ڕوون بووەوە کە زانیارییەکان لە شوێنی ڕاستەقینەی مەبەستەوە نایێن، واتە ناڕوونن، شێوێندراون، بەرهەمی تێکەڵاوی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، تەعبیر لە ویست و مەبەستی تاک و گرووپی جۆراوجۆری تاراوگەنشین دەکەن و بە گشتی بۆ شرۆڤەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان داتاگەلێکی متمانەپێکراو نین.

پرسیارێکی تر ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو کەس یان کەسانەی کە دەبێت ئەم زانیارییانە پڕۆسێس بکەن و وەک پڕۆژەی کرداری پێشکەشی کۆمەڵگای بکەنەوە تا چەندە ڕاستبین و شارەزای ئەم کارەن؟

دیسان ئەگەر چاوێک لە چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵاتیی سەر فەیسبووک بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەیان لەم مەرجانە بەرین و زیاتر کەسانێکن کە:

١- کەم سەوادن و لە بوارەکانی کۆمەڵناسی، دەروونناسی و سیاسی ناشارەزان و لێدوان و لێکدانەوەکانیان زیاتر بەرهەمی هەست و سۆز یان ڕق و قینن.

٢- لایەنگر یان ئەندامی گرووپی سیاسیی جۆراوجۆرن کە هەوڵ دەدەن زانیارییەکان لە قاڵبی ئامانج و ئایدۆلۆژیای حیزب یا گرووپەکەیان بدەن، واتە لەباتی ئەوەی کە هەوڵ بدەن داتا و ڕاستییەکان بکەن بە بنەمای لێکدانەوەی سیاسی و کاری حیزبییان، تێدەکۆشن کە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا بە پێی بەرژەوەندیی حیزبییان بشێوێنن و لە قاڵبێکی دوگمی بدەن.

٣- بەشێکی بەرچاویان کە زۆریش مەترسیدارن و من ناوی لۆمپەنی فەیسبووکییان لەسەر دادەنێم، ئەو کەسانەن کە وەکوو گرووپی گوشار یان لەلایەن دوژمنەوە یا لە لایەن گرووپە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ڕاسپێردراون کە هەر چەشنە دەنگێکی جیاواز و ڕاستبێژ کە بیهەوێت زانیاریی دروست و شەفاف پێشکەش بکات، بە کۆمەڵێک دروشم و تۆمەت و هوتافی پۆپۆلیستانە بخنکێنن.

ئەم (شعبان بی مخـ)ـە فەیسبووکییانە هەوڵ دەدەن بە پێکهێنانی تەوژمێکی پڕوپاگاندایی جنێوبەخشانە ڕاستییەکان بشێوێنن و جیابیران و ڕاستبێژان بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەکوو بەکرێگیراو، کۆیلە و جاش پەراوێز بخەن و بێدەنگیان بکەن.

کەشێک کە ئەم لۆمپەنانە لە سەر فەیسبووک دەیخولقێنن وا دەکات کەزۆربەی مرۆڤە زانا و دڵسۆزەکان بەتایبەت ئەگەر لە نێوخۆی وڵاتیشدا بژین و بیانهەوێت ڕاستییەکان وەکوو خۆی باس بکەن و تەعبیر لە ئازار و ئارەزووەکانی خەڵک بکەن، ناچارن سەبارەت بە پاراستنی کەسایەتیی خۆیان و لە بەر ئەوەی کە نەکەونە بەر گۆپاڵی بێڕێزیی شەعبانەکان، بێدەنگی هەڵبژێن.

خاڵێکی جێگای سەرنج کە قووڵایی کارەساتەکە دەردەخات ئەوەیە کە هەر ئەم شەعبان بێ مێشکە گۆپاڵ قەڵەمانەی فەیسبووک کە بەپێی ئەرکی پێ ئەسپێردراویان کاریان بووەتە جنێودان و شکاندنی کەسایەتیی جیابیران، کاتێک کە لە بەر بێڕێزیکردنەکانیان بلۆکیان دەکەیت، خێرا هاواری دیمۆکراسیخوزییان بەرز دەبێتەوە کە گوایە ئەم کەسە خۆی بە ڕووناکبیر و دیمۆکرات دەزانێت کەچی توانای وەرگرتنی ڕەخنەی نییە و بلۆکمان دەکات، لەم پێوەندییەدا پێویستە دوو خاڵ لە بەرچاو بگرین:

یەکەم؛ ئەوەی کە ئەم لۆمپەنانە ناوی ڕەخنەی لەسەر دادەنێن لە کۆمەڵێک جنێو و بێڕێزی زیاتر هیچ ناوێکیتری نیە، بۆ نموونە تۆ باسی بێ پڕۆژەیی فڵان حیزب یان ناکارامەیی فیسارە سەرکردە بکە، ئەوان لەباتی وڵامدانەوەی لۆژیکی، دەڵێن تۆ بچۆ عارەقەکەت بخۆوە یا بۆ شەوانە بە شۆرتەوە دەخەویت یان دەڵێن قسە مەکە با نەیژم چکارەی و سەدان قسەی بێ بنەمایتری لەو بابەتە.

ناوی ئەم هاتەران پاتەرانەش دەنێن ڕەخنە و کابرای نووسەریش دەبێت ڕێزی لێ بگرێت.

دووهەم؛ ئەمانە چۆنکە لە جێدا کاریان بیرکردنەوە نییە و بە تێگەیشتن نامۆن و فاڵانژی فڵان گرووپ و سەرکردەن، نازانن یان خۆیان لە نەزانی دەدەن کە دیواری فەیسبووکی هەر کەسێک وەکوو ماڵی خۆیەتی و مافی ئەوەی هەیە کە ڕێگا نەدات کەسانی جنێوفرۆش و نەزان بە سەریدا بڕشێنەوە و زبڵدانی مێشکیانی تێدا بەتاڵ بکەنەوە.

ئاخر لە کام تێزی دیمۆکراسیدا هاتووە کە کابرای نووسەر دەبێت ڕێگا بدات کەسانی جنێوفرۆش بێنە سەر دیواری فەیسبووکەکەی و لە ژێر بابەتەکەیدا کۆمێنتێک بنووسن کە نەک هەر ڕەخنەی لۆژیکی و وڵام نییە، بەڵکوو لەجێدا هیچ پێوەندییەکی بە نێوەڕۆکی نووسراوەکەوە نییە و تەنیا بێڕێزی و جنێوە بە نووسەری بابەتەکە.

ئاکام

کە وابوو دەتوانین بێژین سەرباری ئەوەی کە فەیسبووک دەرەتانێکی فراوانە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری و کۆکردنەوەی داتاکانی نێو کۆمەڵگا و هەروەها پرۆسێسۆرێکی بەهێزە بۆ خەبتاندنی داتاکان و بەرهەمهێنانی پڕۆژە و پلان، بەڵام وەک لە سەرەوە باسم کرد، لە ئاست ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەرچاوەیەکی جیگای متمانە نییە، واتە نە داتاکان ورد و دروستن و لە شوێنی سەرەکیی خۆیان واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێن و نە شرۆڤەکارانیشی هەڵگری مەرجەکانی پێویست بۆ ئەم کارەن، بۆیە بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەیسبووک پێوەرێکی باش نییە بۆ تێگەیشتن لە ئازار و ئارەزووەکانی کۆمەڵگاکەمان.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و رۆژهەڵات نیوز لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.
60 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌