بیروڕا
بیروڕا خەسارناسیی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
وریا رەحمانی

ئەگەر ئامانجی کۆتایی ناسیۆنالیزم بەگشتی لەوەدا بزانین کە گەیشتنە بە دروستکردنی دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەیی، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە رەوتی ناسیۆنالیزم لە درێژەی مێژووی خەباتی گەلاندا سێ بەستێن و رێبازی سەرەکیی جیاوازی لەخۆ گرتوە و بەم پێیەش خەملێنراوە.
1. رێبازی ئاڵمانی، کە لەسەر ئەساسی خوێن و پەیوەندیی نژادی دامەزراوە.
2. رێبازی ئامریکایی، کە لەسەر ئەساسی خاک دامەزراوە.
3. رێبازی فەرانسەوی، کە لەسەر ئەساسی مافی شەهروەندی (هاوڵاتی بوون) دامەزراوە.
واتە هەر نەتەوەیەک هەوڵی داوە بەگوێرەی ئیمکاناتی مەوجوود و ئەو زەرفییەتە زەمانی و مەکانییەی کە تێی دایە لە یەکێک لەو روویکردانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناسیۆنالیستییەکەی کەڵک وەرگرێ و رێبازی خەباتەکەی لەسەر ئەو ئەساسە دابمەزرێنێ. مەبەستی سەرەکیی من لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم هەر رووداوێکی مێژوویی لە کۆنسێپتی تایبەتی خۆیدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ و هەڵدەسەنگێندرێ. روویەکەی دیکەی ئەم بۆچوونە دەتوانێ ئەوە بێ کە مێتۆدێکی خەبات رەنگە لە قۆناغێکی مێژووییدا گونجاو بێ کەچی لە قۆناغێکی دیکەدا ئەو کارکردەی پێشووی نەبێ. بۆ هەڵسەنگاندنی گونجاو بوون یا گونجاو نەبوونی شێوازێکی خەبات لە کۆنسێپتێکی تایبەتدا پێویستە کۆمەڵێک فاکتۆری نێوخۆیی، دەرەکی و یارمەتیدەر لەبەر چاو بگرین، کە لە ئەگەری خوێندنەوەی دروستی واقیعە سیاسییەکانی مەوجوود و بەرێوەبردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی خەباتدا دەتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی بگات.
فاکتۆڕی نێوخۆیی: گرینگترین فاکتۆر بۆ هەر سەرهەڵدان و راپەڕینێک خواست و ئیرادەیەکی گشتی یە، کە ئەگەر لە راستایەکی مەنتقی و گشتگیردا هیدایەت بکرێ و بچێتە خانەی کردارەوە هێز بەرهەم دێنێ. لە دنیای سیاسەت و بەتایبەت لە قۆناغی خەباتدا گرینگترین فاکتۆرێک کە دەتوانێ دانوستانی پێ بکرێ هێزە، و هێزی تۆ پێگەی خەبات و مەشرووعییەتی سیاسیی تۆ دیاری دەکا و دەینرخێنێ. لێرەدا مەبەست لە هێز تەنیا هێزی نیزامی نییە و هەر هێز یا بزاڤێکی سیاسی بەگوێرەی لۆژیک و کۆنسێپتی سیاسیی مەوجوود خوێندنەوە و روویکردی جیاواز و تایبەتی بۆو چەمکە هەیە و بەکاری دێنێ. 
فاکتۆڕی دەرەکی: فاکتۆری گرینگی دیکە ئەوەیە کە ئەو هێز و لایەنەی کە تۆ لە بەرانبەریدا خەبات دەکەی و راپەرینت کردوە لاواز بێ. مێژووی خەباتی کوردستان لە هەموو بەشەکانی خۆیدا بەڕوونی ئەوەی نیشان داوە کە خەباتی کورد لەو کاتانەدا توانیویەتی گەشە بکا و تا رادەیەک لە ئامانجەکانی خۆی نزیک بێتەوە کە هێزە بەرانبەرەکەی بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی لە پێگەی لاوازدا بووە و ئەو دەسەڵاتەی پێویستە بەسەر جومگە جۆراوجۆرەکانی بەرێوەبەرایەتیی وڵاتدا نەیماوە. (سەردەمی کۆماری کوردستان، سەردەمی دوای کودتای دوویەمی بەعسییەکان لە عێراق، ساڵەکانی سەرەتای دوای شۆرشی ئێران، سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراق، راپەڕینی باشووری کوردستان دوای شەڕی دوویەمی کەنداو، راپەڕینی رۆژئاوای کوردستان دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە). واتە لە ئاکامی لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەند لە وڵاتانی حاکمی کوردستاندا چەشنێک لە بۆشایی هێز و پاشەکشەی دەسەڵاتی ناوەندی لەم وڵاتانەدا پێک هاتوە کە مەجالی گەشە و راپەڕینی بۆ هێزی کوردی رەخساندوە.
فاکتۆڕی یارمەتیدەر: فاکتۆڕی سێیەم کە دەتوانێ دەوری یارمەتیدەر بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بگێڕێ بریتییە لەو پشتیوانی و پشتگیرییە جیهانییەی کە کورد دەتوانێ بە لەکارکردنی سیاسەتێکی هارمۆنیک و هاوتەریب لەگەڵ ئاراستەی گشتیی سیاسەتی جیهانی بەتایبەت زلهێزەکان بۆ خۆی دەستەبەر بکات. دیارە کورد بەگشتی لەم بوارەدا زۆر بە کەمی توانیویەتی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێ و تەقریبەن تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. کورد نەیتوانیوە و کەمتر ئەم ئێستعدادەی لە خۆی نیشان داوە کە لە پازێلی تەسمیم گیریی رەوتی رووداوە سیاسییە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا شوێن و پێگەیەکی ئەوتۆ بۆخۆی دەستەبەر بکا و وەک هۆکارێکی سەرەکی و "کنشگر" حیسابی بۆ بکرێ. کەچی زیاتر لە دەلاقەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە خوێندراوەتەوە و بە هۆکارێکی لاوەکی زانراوە. بەداخەوە مەوزووعی کورد نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لە ستراتێژی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی کاریگەر لە ناوچەکەدا و لە باشترین حاڵەتی خۆیدا رەنگە بە دزییەوە هەندێک یارمەتیی ماددی کرابێت.
بۆ بە ئامانج گەیشتنی بزووتنەوەی کورد لەهەر بەشێکی خۆیدا پێویستە هەر سێی ئەم فاکتۆرانە بە شێوەیەکی هارمۆنیک و تەواوکەرانە بەیەکەوە کۆ ببنەوە. کەچی بەداخەوە وەها بارودۆخێک پێک نەهاتوە و سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا هەلی لەباریش رەخساوە بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە کەڵکی شایانی لێ وەرگرێ.
ئێستا دوای پتر لە ٧ دەیە خەباتی بەردەوام و دامەزرانی یەکەمین حیزبی کوردی و چەکەرەی ناسیۆنالیزمی نۆوینی کوردی لە رۆژهەلاتی کوردستان ئەم پرسیارە جیددیە دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەم بزووتنەوەیە دوای ئەو هەمووە قوربانیدان و فیداکارییە کەچی هێشتاش نەیتوانیوە بە ئامانجە دڵخوازەکانی خۆی بگات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکەمین هەنگاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە (دامەزرانی کۆماری کوردستان) کە لە دیسکۆرسێکی میللی دێموکراتیکدا دەرکەوت زۆر باش گەشەی کرد و ئەگەر نەڵێین بە دەرەنجامی دڵخواز لانیکەم بە باشترین دەرەنجامی مومکین گەیشت. کەچی دوای ٧ دەیە لە خەبات ئەم بزووتنەوەیە هەرگیز نەیتوانیوە جارێکی دیکە لانیکەمی ئاواتەکانیشی بەدی بێنێ و زۆربەی کات بەجێی بەرەوپێش چوون بەداخەوە لە پاشەکشەیەکی فەرسایشیدا بووە.
توخمی سەرەکیی خەبات لە رۆژهەلاتی کوردستان شێوازی چەکداری بووە کە سەرەڕای ئەوەیکە لە هەندێ لە قۆناغەکاندا بەشێوەیەکی زۆر قارەمانانە و لەخۆبردووانەش بەرێوە چووە کەچی لە پانتایی سیاسیدا کەمترین دەسکەوتی بووە. ئەم شێوازەی خەبات لە سەردەمە پرشنگدارەکەی خۆشیدا لەبواری سیاسییەوە دەسکەوتێکی ئەوتۆی لەقەدەرلانیکەمی ئەو هەزینە و تێچوویەی کە بۆی کراوە نەبووە. ئەوەش خۆی نەتیجەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی کورد بەرلەوەیکە بزووتنەوەیەکی سیاسی بێ بزاڤێکی ئیدیۆلۆژیکی لەسەر بنەمای شۆرشگێری یە و حیزبەکان بەرلەوەیکە نوێنەرانی سیاسیی کۆمەڵگەی خۆیان بن بریکارانی خەباتن. کەچی ئێستاش حیزبەکان وەک سەردەمێکی زێڕین باس لە قۆناغی خەباتی چەکداری دەکەن و رێگە چارەی دەرچوون لەم چەقبەستووییەی ئێستا لە گەڕانەوە بۆ شاخدا دەبینن. کەچی لە حەقیقەتدا لۆژیکی سیاسیی ئەم ئیددعایە گەلێک لاوازە و سەرکردەکانیشی پتر پەنجە لەسەر رەهەندە هەستیارەکانی کۆمەڵگە دادەنێن و لەبری بەنمونە هێنانەوەی دەسکەوتە سیاسییەکان لە تێچووی ئینسانی و فیداکارییەکان مایە دادەنێن!
خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو قۆناغی سەرەکیی بووە کە بەداخەوە لە هیچیاندا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە و لەبواری سیاسییەوە عەقیم ماوەتەوە.
قۆناغی ناسراو بە (٤٦_٤٧) : ئەم حەرەکەتە کە زۆرجار لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتدا بە شۆرشی ٤٦_٤٧ یادی لێ دەکرێتەوە، ماوەی ١٨ مانگ لە ناوچەیەکی بەرتەسکی جوغرافیایی لە بەشێک لە ناوچەی موکریان درێژەی کێشا و لە ئاکامدا بە شەهیدبوونی سەرکردە دیارەکانی وەک سولەیمان مۆعینی، مەلا ئاوارە، سمایل شەریفزادە و ... کۆتایی پێهات. لە سەرهەڵدانی ئەم حەرەکەتە دوو هۆکاری سەرەکی دەروری میحوەرییان گێڕاوە. هۆکاری دەرەکی، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئەم حەرەکەتە کە هاوکاتە لەگەڵ بە ئامانج گەیشتنی کۆمەڵێک لە بزووتنەوە شۆرشگێڕییە چەکدارییەکانی ئەوکات لە ئاستی جیهانیدا وەک کوبا، ئاڵبانی، ڤییەتنام، ... و لە ئارادابوونی کۆمەڵێک بزاڤی شۆرشگێڕانەی چەکداریی دیکە لە بەشێک لە دنیادا وەک ئامریکای لاتین، باشووری رۆژهەلاتی ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقایی، ... و بەگشتی لە بورسدا بوونی ئەم شێوازەی خەبات لە ئاستی نێونەتەوەییدا کە هەم لە کوردستان و هەم لە ئێراندا بەشێوەیەکی ئیلهام بەخشانە کاریگەرییەکی زۆری دانا. هۆکاری نێوخۆیی، دەگەرێتەوە بۆ کێشەی نێوخۆیی رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا کە باڵی دژبەری ئەحمەد تۆفیق دەکەوێتە بە غەزەب و دژایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و مەجالی مانەوە لە کوردستانی ئێراقیان نامێنێ و لەئەگەری مانەوەدا لەلایەن پارتییەوە دەستگیر و رادەستی ئێران دەکرانەوە. هەر بۆیەش بڕیار دەدەن مادام هەر قاجاغ بن بچنەوە بۆ کوردستانی ئێران و لەژێر رۆشنایی بزاڤە چەپە شۆرشگێڕییە جیهانییەکاندا خەباتی چەکداری بکەن.
قۆناغی پاش شۆرشی ئێران:
بارودۆخی دوای شۆرش لە ئێران هەلومەرجێکی تەواو جیاوازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێک هێنا. ناسەقامگیریی حکومەتی تازەساوای کۆماری ئیسلامی و دەسەلاتی لاوازی بەسەر جومگە جۆراوجۆرەکانی بەرێوەبەرێتیی وڵاتدا بەتایبەت لە کوردستان وەهەروەها چێبوونی فەزای حەماسیی پاش رووخانی رێژیمی شا، چەشنێک لە خواست و ئیرادەیەکی گشتیی هەندێ گشتگیری بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد لە بەشی زۆری کوردستانی ئێراندا پێک هێنا. ئینجا پاش ماوەیەکی کورتیش رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئاخوندیی ئێران تووشی شەڕێکی درێژ خایەنی ٨ ساڵە لەگەڵ رێژیمی بەعسی ئێراق هات و ئەوەش فەزایەکی هەراوتری خەباتی چەکداریی بۆ بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد. سەرەڕای هەمووی ئەوانەش بزووتنەوەی کورد توانیی بواری دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ وڵاتی ئێراق و هەندێ وڵاتی بیانیی وەک فەرانسە خۆش بکا و پشتگیری و یارمەتیی لۆژێستیکی و ماددی و نیزامییان لێ وەرگرێ. بەجۆرێک کە چەند جار حکومەتی ناوەندی وادار بە دانوستان و پاشەکشەی کورت خایەنیش بکات. کەچی لە کۆتایی ئەم قۆناغە لە خەباتی چەکدارییشدا (١٣٥٨_١٣٧٥)، بزووتنەوەی کورد نەیتوانی دەسکەوتێکی ئەوتۆی سیاسی بۆخۆی دەستەبەر بکا و لە ئاکامی ئەم خەباتە پڕ هەزینە و درێژخایەنەدا نەتەنیا لەسەر ئەرزی واقیع دەسکەوتێکی بەدەست نەهێنا بەڵکوو بە شێوەیەکی فەرسایشییش تا قوڵاییەکانی خاکی باشووری کوردستان دوور خرایەوە و زەمینگیر بوو.
ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی لەم قۆناغەی دوویەمی خەباتی چەکدارییەدا کە بەشی زۆری ئەو فاکتۆرانەش کە زامنی بە نەتیجە گەیشتن و سەرکەوتنی راپەڕین و خەباتن دەستبەر بوون کەچی سەری کورد بێ کڵاو مایەوە و کورد نەیتوانی بە ئامانجە سیاسی و میللییەکانی خۆی بگات. یان بە واتایەکی تر پاشنەی ئاشیلی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟
ئەگەر سەیرێکی مێژووی خەباتی چەکداری بەتایبەت لەو شوێنانەدا بکەین کە ئەم شێوازەی خەبات تێیدا سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی بزووتنەوەیەک لە ئامانجەکانی نزیک کاتەوە و ئاڵوگۆڕ پێک بێنێ، بەڕوونی دەبینین کە ئەم چەشنە لە خەبات تەنیا لەم وڵاتانەدا سەرکەوتوو بووە کە وڵاتانێکی یەک میللەتە یا دوو میللەتە بوون و هێزی ئۆپۆزسیۆن توانیویەتی هێزێکی تەنانەت گەورەتر و پۆشتەتر لە حکومەتی ناوەندی پێک بێنێ. بەپێچەوانەوە هیچ کام لەم بزووتنەوە چەکدارییانەی کە کەمینەیەک بە دژی حکومەتی ناوەندی بەرێوەی بردوە سەرکەوتوو نەبووە. ئەوە خۆی دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە خەباتی چەکداری ناتوانێ ئادرەسێکی گونجاو و جێی متمانە بۆ بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ. دەرکی ئەو واقعیەتە هیچ لە ئاستی شۆرشگێڕی و فیداکاریی ئەو رۆڵە قارەمانانەی لە پێناوی نیشتماندا گیان لەسەر دەست بەرەوپیری مەرگەوە چوون کەم ناکاتەوە. بەڵکوو ئەوە دەگەیێنێ کە پێگەی کورد لە ئێراندا ئەو زەرفییەت و پتانسێلەی تێدا نییە کە بتوانێ لەرێی خەباتێکی چەکداریەوە بە ئامانجە پیرۆزەکانی خۆی بگات.
قۆناغی پاش سەرکەوتنی شۆرش لە ئێراندا هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدان و هاتنە کایەی هێزێکی شۆرشگێڕی دیکە لە کوردستان بە ناوی کۆمەڵە کە بەنیسبەت حیزبی دێموکرات هێزێکی رادیکاڵتر بوو. کۆمەڵە بواری خەباتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەربەرەکانیی رووت (تقابل صرف) لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەدیت و بە چوونە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە و بوون بە لقی کوردستانیی رێکخراوێکی سەرتاسەری رەسمییەتێکی زیاتری بەو روویکردە سیاسییە بەخشی. کەچی حیزبی دێموکرات روانگەیەکی هەندێ جیاوازتری هەبوو و لە درێژەی رەوتی خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مەجالی دانوستانیشی هێشتەوە و رویکردی بەربەرەکانیی هاوکات لەگەڵ دانوستان (تقابل توأمان با تعامل)ی رەچاو کرد. وێدەچێ کە حیزبی دێموکرات دەرکێکی واقعبینانەتری لە چەمکی خەبات لە کوردستانی ئێراندا بووبێ. ئەگەرچی حیزبی دێموکراتیش وەک کۆمەڵە و هێزە شۆرشگێڕەکانی دیکەی کوردستان و ئێران لە پانتایی خەباتدا دروشمی رووخانی لە دژی دەسەڵاتی ئاخوندی هەڵگرتبوو بەڵام وێدەچێ دەرکێکی دروستتری لە زەرفییەتەکانی خەبات و بزووتنەوەی کورد هەبووبێ و بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی رووخانی رێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی مەجالی دانوستان و چارەسەریی سیاسییانەی پرسی کوردی لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا هێشتبێتەوە و سیاسەتێکی کردەوەییتری رەچاو کردبێ. تەنانەت بەپێی وتەکانی خودی دوکتور قاسملوو دەردەکەوێ کە حیزبی دێموکرات زۆر لە وەهمی رووخانی رێژیمدا نەبووە بەڵکوو لە خەباتی چەکداری زیاتر وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی ئێمتیاز و لە نیهایەتدا دەستەبەر کردنی ماف و داخوازییە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد کەڵکی وەرگرتوە. بەواتایەکی تر و بە تەعبیری خودی دوکتور قاسملوو ئەوان بۆیە شەڕ دەکەن کە کۆماری ئیسلامی مەجبوور و راکێش بکەن بۆ سەر مێزی دانوستان و چارەسەریی سیاسی و ئێعتراف بە مافە رەواکانی کورد لە کوردستانی ئێراندا. کەوایە دەردەکەوێ کە خەباتی چەکداری ئەگەر بۆ هێزێکی چەپی رادیکاڵ وەک کۆمەڵە ستراتێژی خەبات بووبێ ئەوا بۆ حیزبی دێموکرات وەک تاکتیکێکی سیاسی کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەوەش ئەوە دەگەیێنێ کە ئامانجی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە خەبات، نەک زەروورەتەن گۆڕینی رێژیم بەڵکوو گۆڕینی رەفتاری رێژیم بووە.
ئێستا، پاش تێپەڕبوونی نزیک بە دوو دەیە لە راگرتنی خەباتی چەکداری لە لایەن ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنی تاراوگەنشینی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئایا دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری بە پاساوی مل رانەکێشانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد، هەڵوێستێکی مەنتقی و گونجاوی سیاسی یە؟
بە بەراوردی بارودۆخی ئێستای خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ سەردەمی دوای شۆرشی ئێران حەقیقەتی ئەم بابەتەمان زیاتر بۆ شی دەبێتەوە.
لە بواری فاکتۆری نێوخۆییەوە بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەی ئەوکاتی کوردستان زەرفییەت و ئامادەگیی خەباتی چەکداریی بە چەندین بەرانبەری ئێستا پتر بووە و خەڵکێکی گەلێک زیاتر بەنیازی پێشمەرگایەتی روویان لە حیزبەکان دەکرد.
لە بواری دەرەکییەوە رێژیمی ئێران لەوکاتدا هێشتا تەواو خۆی نەگرتبوو و سەرەڕای ئەوەش بەشی زۆری توانا نیزامییەکەی خەرجی شەڕی ئێراق دەکرد و وەک ئێستاش کۆک و پۆشتە بە کەلوپەلی مۆدێرنی نیزامی نەببوو.
لە بواری لاوەکی و یارمەتیدەریشەوە بزووتنەوەی کورد پشتی جبهەیەکی بەهێزی وەک ئێراقی هەبوو کە بە هەموو شێوەیەک یارمەتیی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتی دەکرد. سەرەڕای هەمووی ئەوانە شێوازی خەباتی چەکداری هێشتاش لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانیدا وەک ئەرزش چاوی لێ دەکرا و لە زۆر شوێنی دنیادا بەرێوە دەچوو. ئەوەش خۆی پاڵنەرێکی بەهێزی مەعنەوی بوو کە مەشرووعییەتێکی زێمنی و کرداریی بەم جۆرە لە خەبات دەبەخشی.
هەر بۆیەش خەباتی چەکداریی دەیەی شەستی هەتاوی (دوای شۆرش) ئەگەرچی دەسکەوتی سیاسیی نەبوو بەڵام لانیکەم تەوجیهی سیاسیی هەبوو. کەچی بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان حەقیقەتێکی تەواو جیاوازە. کۆمەڵگەی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان نە پەزیرش و نە ئامادەگیی خەباتی چەکداریی هەیە. نەوەی چالاکی ئەمرۆی رۆژهەلات نەوەیەکی رادیکاڵ بەواتا ئینقلابییەکەی دەیەی شەستی هەتاوی نییە کە ئازادی تەنیا لە لوولەی تفەنگدا ببینێ بەڵکوو روویکردێکی تەعامولگەرایانەی لەپێش گرتوە و بوونی خۆی زیاتر لە بەستێنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەدۆزێتەوە و پێناسەیەکی جیاوازی لە خەبات و کوردایەتی هەیە. لەراستیدا ئەندێشەی سیاسیی سەردەم تەعریفێکی ئیدیۆلۆژیکی لە خەبات نییە، هەر بۆیەش نەک وەک پرۆژە بەڵکوو وەک پرۆسە سەیری چەمکی خەبات دەکات. لە لایەکی دیکەوە لەحاڵێکدا کە حکومەتی ئاخوندیی ئێران لەوپەڕی بەهێزبوونی نیزامیی خۆی دایە و تەنانەت دەستێوەردانی نیزامی لە وڵاتانی دیکەشدا دەکا، بەرەنگاربوونەوەی چەکداری بەرلەوەی کە روویکردێکی مەنتقی و نەتیجەگەرایانە بێ، خۆکوژییەکی سیاسی یە. لەراستیدا بزووتنەوەیەکی مەدەنیی چالاک لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێران و کوردستاندا دروست بووە کە تەعریفێکی جیاواز لە رووبەڕوو بوونەوەی تەنیا (تقابل صرف)ی لە خەبات و سیاسەت هەیە و قەزائەن پاشنەی ئاشیلی کۆماری ئیسلامی وەک حکومەتێکی دیکتاتۆری تۆتالێتێر لە چوارچێوەی خەباتێکی گشتگیر و بەردەوامی مەدەنیدا دەبینێ. ئەوەی کە هێشتاش ئەحزابی رۆژهەڵات پێداگری لەسەر خەباتی چەکداری دەکەن بە دەلیلی کارامە بوونی ئەم شێوازەی خەبات نییە بەڵکوو بۆ نائاشنا بوونی ئەم حیزبانە لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی خەبات دەگەرێتەوە. ئەوەش خۆی لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بزووتنەوەی رۆژهەڵات بەتایبەت حیزبەکان ئەحزابێکی ئیدیۆلۆژیکن نەک سیاسی. بە ئێشتاشیەوە بێ پێکهاتەی گشتیی ئەحزابی کوردی پێکهاتەیەکی هێرەمیی سانترالیستیی ئیدیۆلۆژیکە کە لەسەر بنەمای چەپی کۆمۆنیستی دامەزراوە. تەنانەت هەندێ لە ئەحزاب کە تا رادەیەکیش لە بواری سیاسییەوە لەم خەتە دیاریکراوە ئیدیۆلۆژیکە لاشیان داوە بەڵام هێشتاش لۆژیکی خەباتیان ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە و تەنیا بەرداشتیان لە خەبات هەر خەباتی چەکداری یە. لەراستیدا ئەحزابی رۆژهەڵات بەهۆی ژیانی تاراوگە نشینی و ئەو دوورکەوتنەوە نەخوازراوەی کە تێی کەوتوون تا رادەیەکی زۆر لە واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی خۆیان دابڕاون و هێشتاش هەر بەگوێرەی پێوەر و پارامێترەکانی دەیەی شەستی هەتاوی سیاسەت دەکەن. ئەوەش وای کردوە کە دەرکێکی نادروستیان لە حەقیقەتی وجوودی و زەرفییەتەکانی خەبات لەمرۆی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان هەبێ. هەر بۆیەش بەجێی ئەوەی هاوتەریب و هەماهەنگی بزووتنەوەی مەدەنیی رۆژهەڵات بن و پشتیوانیی لێ بکەن بەداخەوە هەندێ جار تەنانەت لە بەرانبەریشیدا دەوەستنەوە و لەبری ئەوەی وەک دەرفەتێک بیقۆزنەوە کەچی وەک هەڕەشە لەسەر خۆیان لێی دەڕوانن.
دنیای دوای رووخانی دیواری بێرلین لە ئاستی جیهانیدا و شەڕی دوویەمی کەنداو لە ئاستی ناوچەییدا، جیاوازێکی زۆری لەگەڵ پێش خۆی هەیە و هاوکێشە سیاسییەکان گۆڕانکاریی بەرچاویان بەسەردا هاتوە. ئەوە تەئسیری راستەوخۆی لەسەر چۆنیەتیی چارەسەریی کێشەکانیش داناوە و چیدیکە بە پێودانگەکانی پێشوو سەیری مژارەکان ناکرێ. شێوازی چەکداری لە خەباتی سیاسیی سەردەمدا ئەو شەرعییەت و بڕەوەی جارانی نەماوە و بەشێکی زۆر لە هێزە شۆرشگێڕەکانی پێشوو لە ئاستی جیهانیدا ئاڵوگۆڕی جیددی و بنەڕەتییان لە شێوازی خەباتی خۆیاندا پێک هێناوە. دنیای سەردەم و هەڵوێستی سیاسیی گلۆباڵ پشتی خەباتی چەکداری ناگرێ و کورد ناتوانێ بێ توجە بە دنیای دەرەوە و بەبێ پشتگیریی جیهانی خەباتەکەی بە سەرەنجام بگەیێنێ.
خەباتی گەلی کورد خەباتێکی رەوایە و لە پێناوی دەستەبەر کردنی ماف و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی گەلێکی چەوساوە دایە، هەر بۆیەش ناتوانێ رێبازێکی دژ بە خۆی بپێوێ. شەڕی کورد شەڕی قودرەت نییە کە رێکاری نیزامی و چەکداریی هەبێ بەڵکوو خەباتێکی مافخوازانەیە و دەبێ ئاراستەیەکی لەم چەشنەش لەخۆ بگرێ. بەقەولی هێمینگوێی " چەک رەنگە پارێزەرێکی باش بێ بەڵام ئازادیی لێ شین نابێ". ئینجا هەر وەک باسیشمان کرد بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو زەرفییەت و پتانسێلەی تێدا نییە کە بتوانێ لەرێی خەباتی چەکدارییەوە بە دەرەنجامێکی دڵخواز بگات. سەرەڕای هەمووی ئەوانەش کە بگەرێینەوە بۆ فەلسەفەی وجوودیی هێزی پێشمەرگە لە سەرەتای دامەزرانیدا بەڕوونی دەبینین کە ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزە پاراستنی دەسکەوتەکان و سنووری کۆماری کوردستان بووە، کەچی دواتر لەژێر هێژێمۆنیی بیری چەپدا ئاراستەیەکی رزگاریدەرانەی پێ بەخشرا کە وەک دیتمان سەری نەگرت. تصوری هێز لە جوڵەی پێشمەرگانەدا بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان عەینی بەستەزمانیی سیاسی یە و تەنیا لە بەستێنێکی لارێی ئیدیۆلۆژیکەوە سەرچاوە دەگرێ.
وەک پێشتریش باسمان کرد، بزاڤی ئیدیۆلۆژیک بزاڤێکی ئارمانگەرا و تەواوییەت خوازانەیە و روانینێکی پرۆژەیی بۆ خەبات هەیە و زۆربەی کات لە ئامرازی هێزی سەخت (توندوتیژ) بۆ گەیشتن بە ئامانج کەڵک وەردەگرێ. بزووتنەوەی کورد بەگشتی، جیا لە ماوەیەکی کورتخایەن لە سەردەمی کۆماری کوردستان، لەم بەستێنەدا ژیاوە و مەوجوودییەتی خۆی لە خەباتی چەکداریدا دۆزیوەتەوە. بەلام بزووتنەوەی سیاسی بزووتنەوەیەکی هەدەفمەند و رێژەیی خواز (نسبی گرا)یە و روانینی پرۆسەیی بۆ خەبات هەیە و هەوڵ دەدا لە ئامرازی هێزی نەرم (ناتوندوتیژ) بۆ گەیشتن بە ئامانج کەڵک وەرگرێ. لە واقیعدا نوێنگەی حەقیقیی وەها بزاڤێک لەنێو کۆمەڵگە دایە و لە خەباتێکی گشتگیری جەماوەریدا خۆی دەنوێنێ.
وێدەچێ کە دروستتر ئەوە بێ کە مەرکەزییەت و "نقطەی ثقل"ی بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە ئەحزابەوە بەرەو جەماوەری خەڵکی کوردستان وەرسووڕێ و تەنانەت حیزبەکانیش لە پێناسەی هێزێکی شۆرشگێڕەوە ببنەوە بە رەوتێکی جەماوەری. لە خەباتێکی جەماوەریی بەرین و گشتگیردایە کە حیزبە سیاسییەکانیش شوێن و پێگەی حەقیقیی خۆیان دەدۆزنەوە و لەبری ئەوەی بریکار (پەیمانکار)انی خەبات بن دەبن بە نوێنەرانی سیاسیی کۆمەڵگاکەیان. لە هەمان کاتدا رێکخراوە و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش دەتوانن دەورێکی کاراتریان هەبێ و لە زەرفییەتە قانوونییەکان کەڵکێکی باشتر وەرگرن و دەورێکی تەعامول خوازانەتر بگێڕن.
بەجەماوەری کردنی خەبات دەتوانێ روخسارێکی شارستانیانە و ئەمرۆیی تر بە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ببەخشێ و لە هەمان کاتدا سەرنجێکی پتر بەرەو لای خۆی رابکێشێ و پشتگیرییەکی نێوخۆیی و دەرەکیی زیاتر لە دەوری خۆی کۆ کاتەوە. زۆر گرینگە کە سەرنجی هێزی کورد لە شاخەوە بگوازرێتەوە بۆ نێو شارەکان و لە مەجالی کۆمەڵگەی مەدەنی بەسوودی بزووتنەوەیەکی گشتگیر و بەرینی جەماوەری کەڵک وەرگیرێ. پێویستە کۆمەک بە دروست بوون و پێکهاتنی جەریاناتی موازی لە نێوخۆ بکرێ و گرینگییەکی زیاتر بە بەشداریی جەماوەری لە بەستێنە جۆراوجۆرەکاندا بدرێ.
مادام کوردی رۆژهەڵات دروشمی سەربەخۆیی هەڵنەگرتوە و هێشتاش لە چوارچێوەی ئێراندا خۆی و داخوازییە سیاسییەکانی پێناسە دەکا وە هەروەها لە پانتایی هێزی سەختدا شانسێکی ئەوتۆی بۆ مانۆڕ نییە، وێناچێ کە روویکردی رێبازی ئاڵمانی بۆ ناسیۆنالیزم روویکردێکی مەنتقی و گونجاوی سیاسی بێ. هەرچەند کە تا ئێستا ناسیۆنالیزمی کوردی لەم دەلاقەیەوە خوێندنەوەی بۆ خۆی کردوە و لەسەر ئەساسی جیاوازیی نژادی لەگەڵ غەیری خۆی دامەزراوە، هەر بۆیەش هەمیشە روویکردێکی "تقابل گرایانە"ی بووە. پێویستە کورد روویکردی خەباتی خۆی بگۆڕێ و بە بەرداشتی چەمکی هاووڵاتی بوونەوە سەیری ناسیۆنالیزم بکا و چیدیکە خۆی لە گەمە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات بە پاساوی خەبات نەدزێتەوە. لەراستیدا خەباتی جەماوەری بەنیسبەت خەباتی چەکداری خەباتێکی مەیدانیترە و هێزی کوردی زیاتر و مەدەنیانەتر تێدا بەرجەستە دەبێتەوە و ئیمکانی بە نەتیجە گەیشتنیشی بەگوێرەی پارامێترەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گلۆبالی سەردەمەوە زیاترە. بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەلات دەبێ بیر لە حاڵوگۆڕی جیددی و بنەڕەتی لەنیو خۆیدا بکاتەوە و لە ئەزموونەکانی رابردووی تەجروبەی جیددی وەرگرێ و هەلەکانی پێشوو دووپات نەکاتەوە. پێویستە بە دیدێکی رەخنەگرانەترەوە سەیری مێزووی خۆی بکا و بیر لە رێباز و ئەزموونی نوێ بکاتەوە. ئەو روویکردە تقابل گرایانەیە بەر لە هەموو شتێک سەری خۆی دەخوا و لەدژی دەنگە جیاوازەکانی نێو خۆی بەکاری دێنێ. بزووتنەوەی کورد پێویستە روویکردێکی تعامل گرایانەی خەبات لەپێش بگرێ و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو زەرفییەت و تواناکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری بەپانتایی هەموو خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هێنانە کایەی دیسکۆرسێکی تازەی خەبات لە هەوڵی راکێشانی جەماوی بۆ مەیدانی بزووتنەوەی مافخوازانەی رزگاریخوازی کوردستان بێ و بە ئەرکدار کردنی جەماوەری خەڵکی کوردستان بەنیسبەت چارەنووسی سیاسیی خۆیانەوە، زەمینەی خەبات و راپەڕینێکی گشتگیری جەماوەری لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆش بکات.

 
ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و رۆژهەڵات نیوز لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.
21 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌