بیروڕا
دۆئێلی ئێران و ئەمریکا؟
مەجید حەقی

ئەمریکا عێراق تەسلیمی ئیران دەکات؟

1. بە سزاگەیاندنی قاسم سلێمانی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بوو بەهۆی خۆشحاڵی خەڵکی کوردستان و قوربانیانی سەرەکی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران. هاوکات ئەو کردەوەیە بە هۆی ئەوەی کە لەدەرەوەی هەموو عورفەکانی ناونەتەوەیی بوو، نەبوو بەهۆی ئەوەی کە وڵاتانی جیهان پشتیوانی لە دەوڵەتی ئەمریکا بکەن بۆ بەسزاگەیاندنی مەترسیدارترین تیرۆریستی جیهان کە سیاسەتەکانی رژێمی تیرۆریست پەروەری ئێران جێبەجێ دەکات.

2. کۆتلەی شیعەی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیدا بریاریداندا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرکەن. بەشداری نەکردنی ژیر و یەکگرتووانەی انە نوێنەرانی کورد و بەشێک لە سوننەکان لە گەڵ ئەوەی کە ئەم بریارەی پەرلەمانی عێراقی لەرزۆک کردووە، بەڵام مەحکووم کردنی بەسزاگەیاندنی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لەلایەن سەرۆکۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەراستیدا بوو بە هۆی ئەوەی کە لە مەیدانی سیاسیدا رژێمی ئێران سەرکەوتووی ئەو ململانێیە بێت.

3. هێرشی مامەڵەکراوی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و شەرمەزارنەکردنی پێشێل کرانی سەروەری عێراق لە لایەن دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی ناوچە کۆمپلێکسی پێوەندیەکانی ئێران و ئەمریکای قووڵتر کردۆتەوە.

4. تا ئێستا دەزانرا ئێران خاوەنی مووشەکە و لە کاتی تاقی کردنەوەدا وەک سۆنۆگرافی دەبینرا کە چەند مووشەکێکی هەیە. بەڵام بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لەمەوبەریش لە هێرش بۆ سەر بنکەکانی دێموکرات کە بووبەهۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە رێبەران و پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیل، ئێران بەکردەوە بووەتە تەنیا وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە خاوەنی مووشەکی دوورهاوێژە کە هەندێک لەوان تا قووڵایی 2000 کیلۆمێتر بڕ دەکەن.

5. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێگای نامەیەکدا بۆ بالیۆز و نوێنەرانی وڵاتەکەی داوای کردبوو کە نوێنەرایەتیەکانی ئەمریکا چاوپێکەوتن لە گەل نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەت هێزەکانی کوردستانی نەکەن.

6. ئەمرۆ لە کۆنفرانسی چاپەمەنی دۆنالد ترامپ وتی کە وڵاتی ئەمریکا خاوەنی گەورەترین سەرچاوی گاز و نەوتی جیهانە و پێویستی بەنەوتی رۆژهەڵاتی ناوەراست نیە. هەر لەو کۆنفرانسەدا لە سەرەتای قسەکانی خۆی وتی تا من سەرۆککۆمار بم رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناڤۆکی.

ئاماژەکانی سەرەوە دەڵێن، ئەمریکا و ئێران لە بنەوە خەریکی گفتگۆ و بۆ چارەسەری کێشەکانیانن و قاسم سلێمانی وەک سەربازێکی نیزامی کۆماری ئیسلامی قوربانی و نرخێکی باشە بۆ پارێزراو مانی رژێمی ئێران، بەمەرجێ مەرجەکانی ئەمریکا لەمەر پرسی ناڤۆکی لە ئێران جێبەجێ بێن و لەبەرامبەردا ئەمریکا بەرەبەرە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ ئێران چۆل بکات. چۆل کردنێک کە هێمنایەتی ئیسرائیلیشی پاراستبێت و "هاوپەیمانەکانی" ئەمریکیش چەکوچۆلی زیاتر بۆخۆیان لەو وڵاتە بکرن.

وێنەگەورەکە پێمان دەڵێت، دەبێ کوردی هەموو بەشەکان و بەتایبەت هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی داهاتووش بێت دەبێ: هێزە لێکدابراوەکان بەخێرایی یەکگرنەوە و دوو هاوپەیمانیەکی فراوانی نشتیمانی پێکبێنن بۆ بەهیزکردنی هەموو رەهەندەکانی خەبات و وەبەرگرتنی ستراتێژیەکی نشتیمانی بۆ دیپلۆماسی کورد لە رۆژهەڵات.

مەجید حەقی

9/1/2019

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و رۆژهەڵات نیوز لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.
257 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌