سەرچاوە: THE AMARGI وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ سەرنووسەری (THE AMARGI) کەماڵ چۆمانی، مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە کوردەکان لەئێران بۆ شەڕ و بۆ ئاشتیش ئامادەن. لەو گفتوگۆیەدا، باسی لە ژمارەیەک پرسی ناوخۆیی و ناوچەیی کرد، لە ئێرانی دوای ٧-ی ئۆکتۆبەرەوە بگرە هەتا لاوازبوونی ناوچەیی تاران، نفوزی ئەمریکا و ئیسرائیل، یەکگرتوویی کوردەکان، نەبوونی جێگرەوەی سیاسیی لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ داهاتوو و ئامادەیی حدکا بۆ چوونە ناو گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ و لاوازبوونی ئێران مستەفا هیجری رووداوەکانی دوای ٧-ی ئۆکتۆبەر بە "قۆناغێکی مێژوویی نوێ" ناودەبات. قۆناغێک کە هاوپەیمانییەکان گۆرانکاریان بەسەردا هات، داشتەیەکی نوێ لەناوچە هاتەئاراوە، هەژموونی ئێران لەناوچەش بەرەو لێژی و لاوازی چوو. بەباوەری هیجری گۆرانکارییە خێراکانی ناوچە، هێزی تارانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچە کەم کردووەتەوە. هیجری پێیوایە:" کۆماری ئیسلامی ئێران هەتا ٧ی ئۆکتۆبەر بەردەوام هێز و هەژموونی خۆی لەناوچە پەرە پێدەدا، بەڵام ئێستا وڵاتێکی لاواز و لەرزۆکە." بە باوەری ئەو ئەو لاوازیە تەنیا بەهۆی هێرشی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووە، بەڵکوو پێکهاتەکەی تووشی داڕمانێکی قووڵ بووە. داڕمانی ئابووری، قەیرانی ئاو، سەرکوتی سیاسی و نارەزاییەکانی نەتەوە غەیرە فارسەکان رژێمی لە ناوەوە پووکاندووەتەوە. هیجری پێیوایە، کوردستان لەو گۆرانکاریانە سوود وەردەگرێت، بەڵام بەو مەرجەی نوخبەی سیاسی، سیاسەتەکانیان لەگەڵ گۆرانکارییە ناوچەییەکان هەماهەنگ بکەن، لەوانەش گرنگتر لە ناوخۆدا یەکگرتوو بین.سکرتێری حدکا سەبارەت بە یەکگرتوویی کوردەکان ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆی حیزبەکان بۆ گەیشتن بە نەخشەرێگەیەکی هاوبەش بۆ کاری پێکەوەیی هەنگاوی باشی بڕیوەو نزیکبوونەوەیەکی زۆریش هاتووەتە ئاراوە. شەڕ و ئاشتی: بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەین ئەگەرچی لەساڵی ٢٠١٥ حدکا پرۆسەیەکی چەکدارانەی سنوورداری لەدژی ئێران راگەیاند، بەڵام هیجری ئاشکرایکرد کە لەدوای شۆرشی ژینا و شەڕی ١٢ رۆژەی دوای ٧-ی ئۆکتۆبەر حدکا ستراتیژی خۆی گۆری. سکرتێری حدکا دەڵێ، ئەو گۆرانکارییە بەهۆی لاوازی نەبووە، بەڵکوو لەسەر بنەمای لێکدانەوەی سیاسی بووە. هیجری دەڵێ:" ئێمە وەکوو کوردەکان و نەتەوەکانی ستەمڵێکراوی دیکەی ئێران زۆرترین فیداکاریمان هەبووە، بەڵام هیچمان بە تەنیا ناتوانین رژێم بڕوخێنین، شەڕی چەکداریش تێچووی زۆری مرۆیی لێدەکەوێتەوە." ئەو پێیوایە، نابێ هەموو قورسایی خەبات لەسەر شانی کوردەکان بێت:" دەمانهەوێ شانبەشانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە بەرخۆدان بەردەوام بین." سکرتێری حدکا ئاماژەشی بەوەدا کە بەهیچ شێوەیەک لایەنی سەربازی و چەک وەلا نانێن و گوتی:" بە تەواوی ئامادەین، لەرووی سەربازیشەوە، هەموو توانا سەربازییەکانیشمان پاراستووە." لەگەڵ ئەوەش، هیجری پێیوایە بەرەنگاری مەدەنی و رێکخراوەیی لە دۆخی ئێستادا کاریگەرترە، چوونکە تێچووی مرۆیی کەم دەکاتەوەو رەوایی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی زۆرتریشی هەیە. رێککەوتنی ئەمنی تاران لەدژی کوردەکان هیجری ددانی بەوە دانا کە رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان، چاڵاکییە چەکدارییەکانی حیزبەکانی سنووردار کردووە، بەڵام دەڵێ شێوازەکانی دیکەی خەبات بەردەوامن. سکرتێری حدکا ئاشکرایکرد کە تاران گوشاری زۆری بۆ سەر هەولێر و بەغدا هێناوە، بۆ ئەوەی حیزبە کوردەکانی دژبەری ئێران لە عێراق دەربکات، بەڵام حدکا نەچووەتە ژێر باری ئەو داواکاریی و گوشارانە. ئەو دەڵێ :" ئێمە لەسەر خواستەکانمان راوەستاوین، لەگەڵ لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەو بەتایبەت لەناو عێراق، دەتوانین سەرکەوتووتریش بین." نەبوونی جێگرەوە: هەرگیز ئێرانییەکان وانەی یەکگرتووییان نەبووە هیجری رەخنە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەگرێت و پێیوایە یەکگرتوو نەبوون، هۆکاری سەرەکی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بە باوەری ئەو هێزە دژبەرەکان هیچ کات کەڵتووری دیموکراتیک بۆ گفتوگۆ و سازشی سیاسیان نەبووە. دەشڵێ:" لە سەد ساڵی رابردوودا، هیچ سیستەمێک لەئێران نەبووە، پەرە بە سیاسەتی هاوبەشی بدات. هەموویان باس لە دیموکراسی دەکەن، بەڵام لە ناخیاندا هێشتا مڵهوڕو تاکڕەون، ئەنجامەکەشی ئیفلیج بوونی سیاسییە." هەربۆیە، وڵاتانی رۆژئاوایی لە پشتگیریکردن لە گۆرینی رژێمی ئێستای ئێران دوودڵن، چونکە نازانن دوای نەمانی رژێم چ لایەنێک ئیدارەی ئێران دەگرێتە دەست: "هیچ جێگرەوەیەکی باوەرپێکراو بوونی نیە، لانیکەم لەناو ئۆپۆزسیۆنی فارس." لەبەرامبەردا، سکرتێری حدکا باس لە پێشڤەچوونی لایەنی نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکە دەکات:" حدکا لەرێگەی میکانیزم گەلێکی وەکوو "کۆنگرەی نەتەوەکان بۆ ئێرانێکی فیدراڵ" و "هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری" یەکگرتووییەکی لەنێوان حیزبەکانی کورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری دروستکردووە. رەزا پەهلەوی و فڕەیی لە ئۆپۆزسیۆن هیجری دەڵێ:" رێبەری کاریزماتیک بە کار، بەرخۆدان و ئەزموون درووست دەبێت، نەک لەرێگەی بانگەشەی میدیایی یان پشتیوانی دەرەکی." هیجری بە راشکاوی هەوڵی هەندێک وڵاتی بۆ هێنانەپێشی رەزا پەهلەوی وەکوو رێبەری ئۆپۆزسیۆنی رەتکردەوە و گوتی:" ئەو حیزبی نیە، ئەزموونی رێبەری نیە و پێگەی کۆمەڵایەتیشی نیە. تەنانەت هەبوونی پەهلەوی هۆکارێکی فڕەیی لەناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە." بێ مەیلی رۆژئاوا و داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای ئەو هەوڵانەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، هیجری پێیوایە هێشتاش وڵاتانی رۆژئاوای بۆ گۆرینی رژێم دوودڵن. بە باوەری ئەو هێشتاش وڵاتانی رۆژئاوایی نازانن ئێران لەدوای نەمانی رژێمی ئێستا چی بەسەر دێت. هەربۆیەش تاکوو ئێستا هەوڵێکی جیدی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ راوێژکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و لەنێویاندا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە داهاتووی ئێران نابینرێت. خواستی کوردەکانی ئێران: ئێرانی فیدراڵ، دیموکراتیک و سیکۆلار مستەفا هیجری سکرتێری حدکا ئاشکرایکرد کە ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ تاران بێتە ئاراوە، هەڵوێست و داواکارییەکانیان زۆر ڕوونن: هێز نابێ لەناوەند کۆبکرێتەوە، هەموو نەتەوەکان دەبێ لە ئیدارەی ئێران بەشدار بن، ناوچەکان دەبێ لەرێگەی نوێنەرەکانیان بەرێوەبچن، زمانی نەتەوەکان دەبێ زمانی فەرمی ناوچەکانیان بێت، حیزبە سیاسییەکان دەبێ بە یاسایی کار بکەن، هەموو ئەوانەش تەنیا لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکرات، فیدراڵ و سیکۆڵار بەدی دێت. تەنیا بە جێبەجێکردنی ئەو داوایانە، هەموو خەڵکی ئێران، ئەو وڵاتە بەهی خۆیان دەزانن و بۆ بونیادنانەوەو پێشکەوتنی هاوکاری یەکتر دەکەن.