14 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

ژن، حەسەکە و هەرەسی ئەفسانەی ڕۆژاوا، لە نێوان دروشم، ڕاستی و شکستی دەروونیدا

ژن، حەسەکە و هەرەسی ئەفسانەی ڕۆژاوا، لە نێوان دروشم، ڕاستی و شکستی دەروونیدا
19 . ڕێبەندان . 2725

نووسین: کەژاڵ حاجی عەبباسی

وەک بینیمان، لە کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا ئەو دەسەڵاتەی بە ناوی «باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا» (هەسەدە/قەسەدە) دەناسرا، بە تەواوی هەرەسی هێنا. ئەم دەسەڵاتە ناچار بوو بێ هیچ بەرخۆدانێکی ڕاستەقینە پاشەکشە بکات بۆ ڕۆژاوای کوردستان. لەم ساتەوەختەدا، نە دروشمی «برایەتی گەلان» فریایان کەوت و نە ئەو سیستەمەی بە شێوەیەکی ئەفسانەیی وەک دژە”دەوڵەت، نەتەوە” وێنا دەکرا. ئەوەی لە مەیدانەکەدا مایەوە، تەنیا کوردستان و هۆشیاریی نەتەوەیی کورد بوو.

لێرەدا ناچمە ناو وردەکارییە فکرییەکانی دارمانی ئەو دەسەڵاتە و فەلسەفەی”ئاپۆچی”؛ بیرۆکەیەک کە لە پێناو خەونی “برایەتی لەگەڵ داگیرکەر”دا، تەواوی وزە و توانای کوردستانی بەکار هێنا، تا ئەو ئاستەی کە تەنانەت نەیانتوانیبوو لە کاتی گرژییەکاندا، لەگەڵ دەوڵەتی شەرع، شیری ویشک و خواردنی منداڵان بۆ چەند ڕۆژ دابین بکەن.ئەگەر خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی باشوور نەبوایە، رەنگە کارەساتییەکی مرۆڤیی قورس قەومابا.
لە ماوەی ١٤ ساڵدا، لەبری ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی کوردستان، داهات و هێزی مرۆیی و دەروونی خەڵک خەرجی دروستکردنی وێنەیەکی ساختە و "تۆنێلی پێنج ئەستێرەیی" کرا، تەنیا بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بە ئاسانی بۆ داگیرکەرانی جێبهێڵن.
ئەو خاڵەی کەمن دەمهەوێ باسی بکەم ئەوەیە کە ئایا لەو فەلسەفەدا ژن مرۆڤ بوو یان کەرەستەی میدیایی؟
ژن لە ڕۆژاوا تەنیا ئەندامێکی هێزی سەربازی نەبوو، بەڵکوو کرابوو بە وێنەیەک بۆ شانازی، دروشم و بەدەستهێنانی ڕەوایی نێودەوڵەتی. لە کۆبانی، ژنی کورد بوو بە هێمای خۆبەخشین و کوردی بە جیهان ناساند.

بەڵام ئێستا پرسیارە بنچینەییەکان ئەمانەن:
• لە دەسەڵاتێکدا کە بنەماکانی ئیسلامی-سیاسی و پیاوسالاری تێیدا باڵادەستە و ژن وەک ئامراز دەبینرێت، چ شوێنێک بۆ “لیوای ژنان”دەمێنێتەوە؟
• لە ناو کێشمەکێشی ڕێککەوتنە نوێیەکاندا، چارەنووسی YPJ چی بەسەر دێت؟
• ئایا ئەو ژنانەی ١٤ ساڵ لە سەنگەرەکانی بەرگریی دا ئازەیەتیان نواند، تەنیا ئامرازێک بوون بۆ پڕۆپاگەندە پێکردن ؟ یان داهاتوویان لە سایەی بەڕێوەبەرییەکی ئیسلامی نوێدا دەپارێزرێت؟
بە داخەو، دوای ئەو بە کەم گرتنە، لە ناوچەکانی وەک حەسەکە، ژنی کورد ڕووبەڕووی دوو شکستی گەورە دەبێتەوە:
1. شکست لە بەرامبەر سیستەمی داگیرکاری.
2. شکست لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتەی بە ناوی”ئازادی ژن”ەوە بەڵێنی پێ دابوون.

ئەم ڕووداوە تەنیا شکستێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوە تێکچوونی ئەو وێنە و باوەڕە کۆمەڵایەتییەیە کە ساڵانێک لە ڕێگەی میدیا و پرۆپاگەندەوە دروست کرابوو. شۆکە گەورەکە لە بنچینەدا شۆکێکی ناسنامەیییە. کاتێک وێنەیەکی گەورە لە مێشکی کۆمەڵگادا تێکدەشکێت، کۆمەڵگا پەنا دەباتە بەر "میکانیزمەکانی بەرگری" بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، وەک:
• دۆخی ئاوارتە: بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران بە بیانووی هەستیاریی بارودۆخەکە.
• پیرۆزکردنی شکست: نیشاندانی شکستی سیاسی و ستراتیژی وەک “سەرکەوتنێکی ئەخلاقی”.
بەڵام باس لەو راستییە تاڵە ناکرێ کە ئەزموونی ١٥ ساڵەی ڕۆژاوا کەلە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا هەرەسی هێنا، لەبەر ئەوەبوو کە لەسەر بنەمای دروشم دروست ببوو، نەک راستی نەتەوەیی رۆژاوای کوردستان .

دوای دروستبوونی “باکووری سووریای دیموکرات”، تەنانەت ناوی ڕۆژاوای کوردستان بە ئەنقەست سڕایەوە. لە ماوەی ١٤ ساڵدا هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ بە فەرمیکردنی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی نەدرا و جوگرافیای ڕۆژاو وەک «خەتی سێیەم» و شۆڕشێکی مرۆیی ناسێندرا. بۆیە بە هاتنی ئەحمەد شەرع و ڕێککەوتن لەگەڵ دەمشق، ڕۆژاوا بێ پاراستن مایەوە.
لە کۆتاییدا دەبێت بپرسین: ئایا ژن لەم داستانەدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە ئامادە بوو، یان تەنیا وەک وێنەیەکی جوان بۆ ڕازاندنەوەی شاشەکان؟ کاتی ئەوە هاتووە بێ ترس و بێ ڕۆمانتیزیسم، ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینین.