د. هاشم ئەحمەدزادە
٢١ کورتەسەرنج بەبۆنەی ٢١ی فێبرواری، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی پۆل ڕیکۆر، ڕۆلان بارت و ژێرار ژێنێت.
١. ئەگەر گێڕانەوەکان نەبوونایە ئێمە ئەستەم بوو لە خۆمان تێ بگەین. گێڕانەوە لە ڕێگەی زمانەوە دواجار ناسنامەی ئێمە دەئافرێنێت. گێڕانەوە و زەمەن و ناسنامە لە پێوەندی و کارلێکی بەردەوامدان.
٢. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ مسۆگرکردنی گێڕانەوەیەک. زمان لە ڕاستیدا کەرەسە و پێکهاتە و سیستەمێکی مانایییە کە گێڕانەوەکان ساز دەکات، ڕاڤەیان دەکات و لە ناسنامە و فەرهەنگیان دەبەستێتەوە.
٣. ناسنامەی گێڕانەوەیی بڕیاردەری بیچمپێدانی ناسنامەی مرۆڤە و ئەو چیرۆکانەی لەسەر ڕابردووی مرۆڤ دەگێڕدرێنەوە، بە کردەوە ناسنامەی ئەو ساز دەکەن. ئێمە ژیانی ڕابردوومان ناهێنینەوە بیر، بەڵکوو لە ڕێگەی زمانەوە ڕاڤەیان دەکەینەوە.
٤. زەمەنی مرۆڤ دیاردەیەکی ئاڵۆز و تێکەڵاو و پچڕپچڕە. گێڕانەوە بە نەزمێکی مانادارەوە ئەم زمەنە ڕێک دەخاتەوە. زمان ئەزموونەکانی مرۆڤ دەکاتە زەمەنێکی مرۆیی کە دەکرێت لێی تێ بگەی.
٥. هەر کردەیەکی گێڕانەوەیی دواجار جۆرێکە لە ڕاڤە. وەگێڕ لە گۆشەنیگای ئێستەوە ڕابردوو وەسەرێک دەنێتەوە و ڕێکی دەخاتەوە و زەمەنی کاتژمێرییانە دەکات بە زەمەنی مرۆیی.
٦. ئێمە لە ڕێگەی زمانەوە هارمۆنییەک بۆ خۆمان دەستەبەر دەکەین. بەبێ زمان ئەزموونەکانی مرۆڤ پەرش و بڵاون. بەهۆی گێڕانەوەوە زمان دەبێتە ئافرێنەری بەردەوامی و مانا. بە واتایەکی دیکە، زمان هەر تەنیا وەسفی ساکاری ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ بەخشینی نەزم و چوارچێوەیەک بە خود.
٧ زمان وەدیهێنەری گێڕانەوەیە و گێڕانەوەیش دیاریکەری ناسنامەیە.
٨. زمان بریتییە لە سیستەمێکی مانایی لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆدەوە.
٩. گێڕانەوە تەنیا چیرۆکێک نییە، بەڵکوو ڕایەڵەیەکە لە نیشانە و کۆدەکان.
١٠. زمان تەنیا گوێزەرەوەی مانا نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنەری مانایە.
١١. گێڕانەوە لە توێژە جۆراجۆرەکانی زمان و فەرهەنگ و هێما چنراوە. لە ڕاستیدا دەقی گێڕانەوەیی بەرهەمێکی دەستکرد و داڕێژراوە.
١٢. کۆدەکانی گێڕانەوەیی ئەو ڕێکارانە دەستنیشان دەکەن کە ڕێنوێنن لە شرۆڤەی گێڕانەوەکاندا.
١٣. کۆدی هێرمەنەوتیکی، ئەو پرسیار و ڕازانە ئاشکرا دەکات کە بەرهەمهێنەری هەڵپەساردن / وەدواخستنی (suspense) ڕەوتی ڕووداوەکانی نێو گێڕانەوەن.
١٤. کۆدی کرداری، ئەو کردەوانەن کە تەون و ڕایەڵی گێڕانەوە بەرەوپێش دەبەن.
١٥. کۆدی مانایی، شیفرەکردنی پەیف و هاندەرەی مانا فەرهەنگی و هەستییەکانی نێو هەناوی گێڕانەوەیە.
١٦. کۆدی هێمایین هەمبەرکێی قووڵەکانی وەک ئازادی / داپلۆسین و بێدەنگی / هەرا لەقاو دەدات.
١٧. کۆدی فەرهەنگی، ئاماژە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکان دەخاتە ڕوو.
١٨. بەشداریی چالاکانەی خوێنەر لە ڕێگەی ڕاڤەکردنەوە مانا دادەڕێژێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی دانەر وەک بەرهەمهێنەری تاقانەی مانا دەهێنێت.
١٩. زمان هەرگیز دیاردەیەکی بێلایەن نییە. هەر پەیڤێک هەڵگری کێشێکی هێمایین و فەرهەنگییە. نیشانە زمانییەکان پێکهێنەری گێڕانەوەن و خوێنەرانیش کۆدشکێنی گێڕانەوە. بەم جۆرە، گێڕانەوە یارییەکی زیندوو و بزۆزی نێوان زمان و ڕاڤەیە.
٢٠. زمان تەنیا بەرپرسی گواستنەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو ڕێکخەری چلۆنایەتیی گێڕانەوەیە وەک سیستەمێک لە پێکهاتەگەلی تەکنیکی.
٢١. کۆمەڵێک میکانیزمی وەک نەزم و ماوە و دووپاتە و دەنگ و گۆشەنیگا دواجار بەرهەمێنەری گێڕانەوەن. زمان ئەو ئامرازەیە کە فۆڕمی گێڕانەوە دەخەمڵێنێت و بە هەڵبژاردنی پەیڤ و زەمەن و سیلەی چاو، هەلومەرج بۆ خوێنەر دەڕەخسێنێت کە چۆن گۆشەنیگا و زەمەن بئەزموونێت. بە واتایەکی دیکە، زمان تەنیا وەگێڕی چیرۆک نییە، بەڵکوو تێگەیشتنی خوێنەر لە چیرۆکەکە دیاری دەکات. کورت و کورمانجی زمان ئەندازیاری گێڕانەوەیە.