24 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

خامنەیی کوڕ کێیە؟ کورسییەک لەسەر ئاگڕ

خامنەیی کوڕ کێیە؟ کورسییەک لەسەر ئاگڕ
18 . ڕەشەمە . 2725

ئامادەکردن: رۆژهەڵات نیوز

ئەنجوومەنی نوێنەرانی رێبەری بە فەرمی موجتەبا خامنەیی کوڕی رێبەری کوژراوی پێشووی ئێرانی وەکوو سێهەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری کرد. هەڵبژاردنێک لە گەڕمەی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا. خامنەیی کوڕ شەڕەکە بەرەو چ ئاقارێک دەبات؟

موجتەبا خامنەیی ساڵی ١٣٤٨ لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، هەر لە مێرمنداڵییەوە پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ سوپای پاسداران هەبووە، چوونکە بەشداری لە شەڕی ئێران و عێراق کردووەو هەر لەوێشەوە باڵێکی بەهێزی سیاسیی لەهەناوی سیستەمی سەربازی و ئەمنییەتی و هەواڵگری سوپای پاسداران-دا دروستدەکات. لە سەرەتاکانی دەیەی شەستی هەتاویدا، موجتەبا خامنەیی لە تەمەنی هەفدە ساڵییەوە بەشداری لە شەڕی ئێران و عێراق دەکات. ئەو لە گرنگترین و ناودارترین گوردانی سوپای پاسداران بە ناوی گوردانی "حبیب بن مظاهر" لە لەشکەری ٢٧ی محەمەد رەسوڵ ئەڵڵا جێگیر دەبێت. زۆربەی هێزە گەنج و ئایدیۆلۆژییەکانی سوپای پاسداران لەو گوردانەدا بوون، هەر لەوێشەوە رایەڵەی بەیتی خامنەیی لەگەڵ سوپای پاسداران دەستپێدەکات. رایەڵەیەکی سەربازی، ئەمنی، سیاسیی و ئابووری.
موجتەبای ١٧ ساڵە، لەپێکهاتەو گوردانێک-دا بوو کە فەرماندە ناوبەدەرەکانی وەکوو قاسم سولێمانی، حەسەن موحەقق، حوسێن هەمەدانی، ئەحمەد کازمی و لەهەموویان گرنگتر حوسێن تائیب تێیدا بەشدار بوون. هەر ئەوان دواتر لەژێر فەرمانی بەیتی خامنەیی گەورەترین ناوەندی ئەمنییەتی، هەواڵگری و ئابووری ئێرانیان پێکهێنا.

هەنگاوی کرداری بەرەو کورسی دەسەڵات
موجتەبا خامنەیی هەر لەژێر کاریگەری و رەنگە داوای ئەو گروپە فەرماندەیەی سوپای پاسداران دەچێتە حەوزەی عیلمیەی قوم، بۆ ئەوەی لەرووی فیقهی خۆی بۆ دانیشتن لەسەر کورسی باوکی ئامادە بکات. ئەو لە حەوزەی عیلمیەی قوم لەژێر دەستی میسباح یەزدی و هاشمی شاهرودی و عەلی خامنەیی باوکی پەروەردەی فیقهی وەرگرت.
موجتەبا خامنەیی دواتر نزیکەی ١٥ ساڵ لە قۆم وانەی "درس خارج فقە و اسول" وەکوو بەرزترین ئاستی حەوزەی قۆم، وتەوە. ئەو وانەیە گرنگترین هەناو بۆ رەوایی وەرگرتنی مەزهەبی بۆ بوون بە رێبەرە. موجتەبا ساڵی ١٤٠١ پلەی ئایەتوڵڵاهیشی پێدرا.

موجتەبا خامنەیی دوایی دروستکردنی زنجیرەو رایەڵەیەک لەناو سوپای پاسداران، تەواوکردنی وانەی فیقهی لە قۆم، ئێستا پێویستی بە پەیوەندییەکی راستەوخۆ بە سیاسەت و تەکنۆکراتەکانی ناو حاکمیەت بوو، ئەو کارەشی لەرێگەی غوڵامعەلی حەداد عادلی خەزوری کرد. حەداد عادل کەسایەتییەکی سیاسیی و کەڵتووری دیار بوو، هاوکات بە رەوتی بناژۆخوازی نوێ دەناسرا. ئەو باڵە لە بناژۆخوازەکان هەوڵی راکێشانی گەنجانی ویلایی و تەکنۆکراتی دەدا، بۆ ئەوەی ئیسڵاحتەڵەب و رەوتی رەفسەنجانی بێ کاریگەر بکەن.
بۆ یەکەمجار مەهدی کەڕوبی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان سەرۆککۆماری ساڵی ١٣٨٤ ناوی موجتەبا خامنەیی وەکوو کەسێکی کاریگەرو لە سێبەردا هێنا. کەڕوبی رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی راستەوخۆ لەرێگەی سوپای پاسداران هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە بەرژەوەندی مەحمود ئەحمەدی نەژاد ئەندازیاری کردووە. چوار ساڵ دواتر لە ساڵی ١٣٨٨ لە خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بزوتنەوەی سەوز کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نارازیی بوون، ناوی موجتەبا خامنەیی چووە ناو خۆپێشاندانەکانیش و ئەمجارە خەڵک هاواری "مجتبی بمیری، رهبری رو نبینی"-یان دەوتەوە. ئیتر لەو کاتەوە "بیت رهبر" راستەوخۆ حکومەتی هاوتەریبی هەموو کابینەکانی دەوڵەت بوو. هەموو کارەی ئەو بەیتەش موجتەبا خامنەیی کوڕی خاوەن بەیتەکە بوو.

ئەو کاتەی پرسی ئەتۆمی ئێران جارێکیتر گەرم بوویەوە، ناوی موجتەبا خامنەیی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کەوتە سەر زاران. لە دەیەی نەوەدی هەتاوی چەندین جار ناوی موجتەبا خامنەیی لە راپۆرت و گەمارۆکانی وەزارەتی گەنجینە و ئابووری ئەمریکا دووپات بوویەوە. وەزارەتی گەنجینە (خزانەداری) ئەمریکا ساڵی ١٣٩٨ی هەتاو، لە چوارچێوەی پاکێجێکی گەمارۆی نوێ بۆ سەر نووسینگەی عەلی خامنەیی، بە وردی باسی لە رۆڵی موجتەبا خامنەیی لەسەر تۆرێکی سیاسی و ئەمنییەتی و ئابووری کرد کە خەریکی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە.

ئامادەکارییەکی پێشوو، رەوایی وەرگرتنێکی خوێنی
موجتەبا خامنەیی ئێستا لەلوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە و وەکوو سێهەمین رێبەری ئەو وڵاتە هەڵبژێردراوە. لە کاتێکدا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا باوک، دایک و هاوسەرەکەی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون. رەنگە وا بێتە بەرچاو کە ئێستا ئەو تەنیا بەهۆی رەوایی وەرگرتنێکی خوێنی و قوربانیدان لەسەر کورسی باوکی دانیشتووە.

بەڵام لەراستیدا هۆکارەکان زۆرن و رکابەریشی هەبوون. لانیکەم حەسەن خومەینی نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری پێشوو دوو کەس بوون کە چاویان لەو کوڕسییە بوو. رۆحانی پێداگرتر و کاریگەرتر لە حەسەن خومەینی تەنانەت هەتا دوا چڕکەساتەکان هەوڵی خۆیدا، چونکە چەند کاتژمێر بەر لەکۆتایی کۆبوونەوەی مەجلیسی خوبرگان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ناراستەوخۆ هۆشداری بە مەجلیسەکەدا کە لەهەڵبژاردنی رێبەر دۆخە هەستیارەکەی ئێستا لەبەرچاو بگرن.

بەڵام لەراستییدا عەلی خامنەیی بەمردنی خۆی مردبا یان بەمشێوەیە کوژرابا، هەر موجتەبا خامنەیی دەبوو بە رێبەری ئەو وڵاتە. موجتەبا لانیکەم ٣٠ ساڵە کار بۆ گەیشتن بەو کورسیە دەکات. رایەڵەیەکی بەهێزی بەرژەوەندی ئابووری لەناو سوپای پاسداران و بەشە جیاوازەکانی حاکمیەت و بەشێک لە ئۆلیگارشەکان دروستکردبوو. لایەنی بەهێزو کاریگەری ئابووری و ئەمنییەتی ناو دەسەڵات راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، خۆویست یان لەژێر هەڕەشە وەفایان بۆ موجتەبا هەبوو. جگە لەوەی لەمێژبوو ئەندامانی مەجلیسی خوبرگان لەبەرژەونەدی موجتەبا و سوپای پاسداران ئەندازیاری کرابوون. هەربۆیە لەدۆخی ئاساییشدا کارتەکانی بەردەستی لە رکابەرەکانی زیاتر بوون و ئێستاش لەکاتی شەڕ و کوژرانی بنەماڵەکەی چانسی زیاتریش ببوو.

کورسی موجتەبا، بەنزینی ئاگڕی شەڕەکە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەدا لەهەمبەر هەڵبژاردنی موجتەبا وەکوو رێبەری ئێران رایگەیاند :"رازی نیم و تەمەنیشی زۆر نابێ."
ئێستا موجتەبا لەبەردەم شەڕێکی گەورەدایە، رۆژانە فرۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران بوردوومان دەکەن. عەلی خامنەیی باوکی کوژراوە، دوو توێی فەرماندە باڵاکانی ئێران و بەتایبەت ئەوانەی سوپای پاسداران کە راستەوخۆ فەرمانیان لەو وەردەگرت، کوژراون.

بەر لەو شەڕەو نەکوژرانی عەلی خامنەیی، یەکێک لە بژاردەکان بۆ دەربازکردنی ئێران لەو دۆخە سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتییە ئەوە بوو. خامنەیی باوک بە مردنی خۆی بمرێت و خامنەیی کوڕ رۆڵی بن سەڵمان لە عەرەبستان بگێرێت. بەڵام ئێستا ئەو سیناریۆیەش جێبەجێکردنی مەحاڵە. هەربۆیە ئێستا دوایین سەربازی بەیت، یان دەبێ ئەو شەڕە رابگرێت، کە هەتا رادەیەکی زۆر مەحاڵەو موجتەبا دوایین کەسە کە رەوایی راگرتنی ئەو شەڕەی لەرووی سیاسیی و دیپلۆماسی هەبێت. یان سەربکەوێت، ئەوەش بەهۆی هاوتانەبوونی تەکنۆلۆژیای سەربازی و ئەوەی ئێستا لە مەیدان دەیبینین، هەر مەحاڵە. یان وەکوو باوکی لە تونێلێکت تاران یان قۆم لەناو بچێت.

هەڵبەت، هەم ترەمپ چاوەرواننەکراوە، هەمیش بەپێچەوانەی بواری ئابووری، سەربازی و ئەمنییەت، کەس تاقیکاری سیاسیی موجتەبای نەدیتووە.