راگەیاندراو

پلاتفۆرمی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان"بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی كاتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان"


 

تێبینی : ئەم پلاتفۆرمی بۆ کۆنگرەی نەتەوەی کە لە سەر داوای بەێز مەسعود بەرزانی، کە بڕیار بوو ساڵی ٢٠١٣ لە هەولێر ببەسترێت، پێشکەش بە هەموو لایەنە سیاسیە کانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا.

 

پلاتفۆرمی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" 

پێشەكی:

 

بۆ ئێمەی كورد وەكو چۆن هەوا لە ژیاندا بۆ بوونەوەرەكان گرنگە ، بەو شێوەیەش، یەكڕیزی و تەبایی و یەكهەڵوێستی و بە گشتی كۆك بوون لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان گرنگە. بەخۆشییەوە سەركردایەتی كورد بە گشتی لە ئێستادا پێش لەوەی خەریكی یەكخستنی ماڵی خۆمان و چارەسەرکردنی كێشەكانن و ئەمەش جێگای خۆشحاڵیی هەموومانە.

هەر نەتەوەیەك بۆ كۆكردنەوەی دەنگەكانی ماڵی خۆی پێویستی بە كۆنگرەو ئۆرگانێكی باڵای نەتەوەیی هەیە و كوردیش بۆی هەیە ئەم ئەزموونە دواخراوە تاقی بكاتەوە.

بە پێویستمان زانی ئاوڕێك لە كۆنگرەی نەتەوەیی بدەینەوەو بەم شێوازەی خوارەوە روانگە و بۆچوونەكانمان سەبارەت بەو دۆسیە دواخراوەی ماڵی كورد دەردەبڕین.

لە روانگەی ئێمەوە ئەم كۆنگرەیە بۆ ئاسانكاری، ئەگەر لە دوو ئاستی جیاوازدا كار لەسەر دۆسیە دواخراوەكان بكات، ئەوا كاریگەری زیاتری دەبێت.

 

 

 

 

 

 

تێڕوانینی ئێمە بۆ چارەسەریی كێشەی كوردى رۆژهەڵاتی كوردستان

"ئەنجومەنی كاتی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان"

 

پێش بەرایی:

 

  بە مەبەستی یەكخستنی ماڵی كورد و پاراستنی هێزەكان و ئاگاداركردنەوەی رای گشتی، بەشێك لە پلاتفۆرمە تازەكانی خۆمان دەخەینە بەردەمی رای گشتی كوردستان. بەو هیوایەی بتوانین بە بیرۆكەی نەتەوەیییانەی خۆمان بەشێك لە بۆشایییەكانی سیاسەتی  كوردى بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان پڕبكەینەوە ، بەو هیوایە پێشوازییەكی گەرمی لە لایەن هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە لێبكرێت. بەو مەبەستەش دامەزراندنی ئەنجومەنێكی كاتی بەپێویست دەزانین‌.

لەگەل ئەوەیدا"ئەنجومەنی "  یەکرێزی مۆڵكی هەموو نەتەوە ولایەنەسیاسییەکانی ئۆپۆزسیونە و دەتوانێ‌ ئاڵتێرناتیڤی بێ كێشە و یەكجاریی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بێت، كەچی بۆ پاراستنی یەكڕیزیی ماڵی كوردیش بوونی ئەم ئەنجومەنە دەتوانێ‌ كاریگەریی ئەرێنی ببێ و رێگا لە دووپاتبوونەوەی هەڵەكانی رابردوومان بگرێت. واتە هێنانەبەرباسی كێشەكان لە تاراوگە و لە ناوەندێكی سیاسیی رۆڵگێڕدا، دەبێتە هۆی دووپاتنەبوونەوەی شەڕی سوێنەرو بەفێڕۆدەری هێزەكانی كورد و دەستی بەرژەوەندكارانی ماڵی دوژمن لە ناوماندا كورت دەكاتەوە. واتە ئێمە دەتوانین هەم پێگە و ئایدیاو رەوشی حیزبیی خۆمان بپارێزین و هەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانیشمان چارەسەر بكەین.

 

بەرایی:

لە ئەگەری دروستبوونی هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێكی بنەڕەتیدا لە ئێران، كورد دەبێ‌ دەستپێشخەری بكات و ئەم هەنگاوە گەورەیەش بە مانای ئەوە دێت كە خۆمان توندوتۆڵ بكەینەوە، مەبا دیسان وەكو ساڵانی 1357-1358 مان لێ‌ بەسەر بێتەوە.

كورد ئەتوانێ‌ لە ئەزموونەكانی رابردووی خۆی كەڵك وەربگرێ‌ و هەڵەی كوشندەی رابردوویش دووپات نەكاتەوە.

سێ‌ نموونەی زۆر ئاشكرای رۆژئاوا و باشوور و باكوور بۆ بەرچاوڕوونیی ئێمەی كوردی رۆژهەڵات گرنگن.

1-    كاتێك ئەنجومەنی نیشتمانی لە سووریا دروست بوو، بەدیتنی یەكگرتوویی ریزەكانی كورد وبوونی ئەنجومەنێكی كوردیی یەكگرتووی پێكهاتوو لە کۆمەڵێک پارت و لایەنی جیاواز، ئیتر گومانی بۆ رای گشتی كورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و تەنانەت دنیای دەرەوەش نەهێشتەوە و لە هەمانكاتیشدا بەشار ئەسەدیش بەو بابەتە هەستیارەی زانی كە كورد قورسایی خۆی هەیە، بۆیە كورد و مافەكانی هاتە ناو ریزبەندیی بەرنامەكانەوە.

2-    لە باشووری كوردستان و لە  دوو قۆناغی جیاوازدا ئێمە هێزی كوردمان بینی و ئاستەكەیمان تاقی كردەوە.

لە قۆناغی یەكەمدا كە قۆناغی شەڕی ناوخۆ بوو، هێزەكانمان لەگەڵ یەكتردا و لە بەرانبەركێیەكی خراپتردا بە خۆمان دۆڕان. واتە ئێمە لە جێگەی بەكارهێنانی هێز لە بەرانبەر هێرشی بێگانەدا و پاراستنی ئاسایشی خۆمان، ئاسایشی خۆمان بە هێزی خۆیی تێك دا و لە هەمانكاتیشدا متمانەدەرەكییەكانمان لە كورد و بەدەستی خۆمان ئەستاندەوە. ئەوە بوو ئاوەدانییەك لە قۆناغی یەكەمدا زۆر بە چڕی نەكرا.

لە قۆناغی دووهەمدا كە قۆناغی "ئاشتی نیشتمانی و دیالۆگ و خەباتی شارستانییانە" بوو، پێشكەوتنی بەرچاو هاتە كایەوە. لە ئاستی جیهانی و ناوچەییشدا كورد بوو بە كاراكتەرێكی یەكلاییكەرەوە و ئیتر گوێیان لەداخوازەكانمان گرت.

3-    لە باكووری كوردستان هەتا ساڵەكانی سەرەتای ئەم سەدەیەش حەسێبی ئەوتۆ بۆ كورد نەدەكرا. سیاسەتی تورك بەرانبەر بەكورد، كوشتنی هێزی گەریلا و ئۆپەراسیۆن كردن بۆ ناوچە سنوورییەكان و لە هەمانكاتیشدا سەپاندنی كەشێكی دژوار و ناخۆش بەسەر ناوچەكوردییەكاندا بوو.

 

  بە پێویستی دەزانین‌  لەم كاتە هەستیارەدا كێشە ناوخۆیییەكان وەلابنرێن و بەم شێوازەی خوارەوە ئەنجومەنێكی كاتی بۆ چارەسەریی كێشەكان دروست ببێت. چونكا هەر لە سەرەتای  سەدەی تازەوە و دروستبوونی گۆڕانكارییە مەزنە جیهانییەكان، لەو حیكمەتە سیاسییەی وڵاتانی دەرەوە تێگەیشتووین كە ئەوان حەسێب بۆ تاكە لایەن وهێزێك و دوان ناكەن، بەڵكو حەسێب بۆ كورد و رێكخەرانی دەنگەكانی دەكەن.

 

پێنج جۆری كاراكتەری بەشدار لە ئەنجومەنی نیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا:

 

پێنج جۆری كاراكتەری بەشدار كە لە كۆمیسیۆنەكانی ئەنجومەندا كار دەكەن و لێژنەكان دروست دەكەن، دەتوانن ئەمانە بن:

1-    كۆمیسیۆنی پارت و لایەنە سیاسییەكان.

2-    كۆمیسیۆنی كەسایەتییە سیاسی - رۆشنبیرییە سەربەخۆكان.

3-    كۆمیسیۆنی خاوەن پێگە و سامانە كوردەكانی دەسەڵاتدار لە رێكخراوە ئابوورییە جیهانییەكاندا.

4-            كۆمیسیۆنی رێكخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک مافی مرۆڤ، ژنان، منداڵان، لاوان،هیدی

5-    كۆمیسیۆنی سەربازی بۆ هەموو ئەو فەرماندەرە كارا و پسپۆڕانەی دەتوانن هێزی پێشمەرکەی كوردستان چالاك بكەن.

 

لێژنە و ئەنجومەنەكانیش دەتوانن ئەمانە بن.

 

1- سەركردایەتیی ئەنجومەنی كاتی – كە بە گوێرەی یاسا و بە هەڵبژاردن لە نێوان قەوارەكان دروست دەبێت.

2- لێژنەی دیپلۆماتیك – ئەم كەسانە دانوستانەكان سەرپەرشتی دەكەن و نوێنەری ئەنجومەنن بۆ كاروبارەكان لە دەرەوەی خۆمان.

3- لێژنەی ئایینی و رۆحی – بۆ دزەنەكردنی لایەنە دەرەكییە ناكۆكەكان لەگەڵ دۆزی كورددا، پێویستە لێژنەی فەتوا و رۆحیی ئەنجومەن دروست ببێت.

4- لێژنەی یاسایی – بۆ داڕشتنی یاساكانی هەرێمی رۆژهەڵات و یاساكانی بەڕێوەچوونی ئەنجومەن

5- لێژنەی ئاشتی – بۆ پاراستنی یەكڕیزی نێوخۆمان ئەم كەسانە رۆڵ دەگێڕن.

دیارە بەمەبەستی سڕینەوەی تەمی نێوان قەوارەكان و دروستكردنی متمانە و دڵنیاكردنەوەی رای گشتی كوردستان و رۆژهەڵات بە تایبەتی، لەوەی هەوڵەكان بەرەو ئاراستەیەكی باش دەڕۆن، چونكا پێش لەمەش دەیان هەوڵی چروپر دراوە و ئێمەش دەسخۆشی لەو هەوڵانەدەكەین و بۆ رێزگرتن لە هەوڵی ئەو كەس و لایەنە نەتەوەیییانەش، پێشنیار دەكەین، كۆمەڵە كەسایەتییەكی سەربەخۆ یان نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی تری كوردستانیش نێوبژیوانی بكەن و كورسیی جیاوازیش لەلێژنەكاندا بۆ ئەوان دابنرێت. بە تایبەت لە لێژنەی ئاشتیدا پێویستمان بەو كەسانە دەبێت و وەكو راوێژكاریش دەتوانین لەئەزموونەكانیان كەڵك وەربگرین.

 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی

پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان

 



30بینین‌‌‌
11/22/2019 11:43:19 AM
Print Friendly and PDF
1