هەواڵەکان

ئەمریکا چەند بەرپرسی باڵای نیزامی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.


 وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕۆژی دوشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، هاوکات لەگەڵ ٤٠مین ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، چەند کەسێکی سیاسی لەگەڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێڕانی خستە ناو لیستی گەمارۆکانەوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، "موجتەبا خامنەیی" کوڕی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، "محەمەد محەمەدی گولپایگانی" بەرپرسی ئۆفیسی خامنەیی و بەیتی ڕەهبەری، "وەحید حەقانیان" جێگری "بواری تایبەتی" بەیتی ڕەهبەری، "ئیبراهیم ڕەئیسی" بەرپرسی دەستگای دادوەری، "عەلی ئەکبەر ولایەتی" ڕاوێژکاری نێونەتەوەیی خامنەیی و "غوڵامعەلی حەداد عادڵ" ڕاوێژکاری خامنەیی خراونەتە ناو لە لیستی نوێی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

لە درێژەی لیستەکەدا، ئەمریکا "محەمەد حسەین باقری" بەرپرسی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، "غوڵامعەلی ڕەشید" فەرماندی بنکەی نیزامی خاتەمولئەنبیا و "حسەین دێهقان" وەزیری پێشووی بەرگری و ڕاوێژکاری نیزامی خامنەیی لە ناو لیستی گەمارۆکاندان.

وەزارەتی خەزێنەداری داری ئەمریکا لە ڕاگەیاندنێکدا وتی کە گەمارۆ نوێکان، "هێزی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری تیرۆر و سەرکوت لاواز دەکاتەوە" و هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەدا دەڵێت: "وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ئەمڕۆ ئەو پۆستانەی کردە ئامانجی خۆی کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە نەبوون و بە دەوری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دا کۆ بوونەتەوە و سیاسەتە ناسەقامگیرەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن و هەروەها ئەم کەسانە لە هەڵسووکەوتە پڕمەترسییەکانی ڕژیم وەکوو تەقینەوە دانان لە دامەزراوەی هێزی دەریاییەکانی ئەمریکا لە بەیروت ساڵی ١٩٨٣ و تەقاندنەوەی بینای ئەنجوومەنی هاوکاری ئیسڕائیل و ئاڕژانتین لەساڵی ١٩٩٤، هەروەها ئەشکەنجە، کوشتنی سیستماتیک و سەرکووتی خەڵک دەستیان هەبووە.

ئەمریکا دوای هاتنەدەر لە ڕێکەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران لە گوڵانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەردەوام گەمارۆی ئابووری و نیزامی بە دژی ئێڕان خستۆتە گەڕ و تەنانەت عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیشی لە ناو لیستی گەمارۆکان هاویشتووە.

لە ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، دۆناڵد تڕامپ، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیشی خستە ناولیستی گەمارۆکانی وڵاتەکەیەوە. دەوڵەتی ئەمریکا پێشووتر لە ١٠ی خەزەڵوەر دا باسی لەوە کردبوو کە بەشی عومران و ساخت و سازی ئێران (کەرتی ئاوەدان کردنەوە و بیناکردن) بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ سپای پاسدران، گەمارۆی نوێتری دەخرێتە سەر.

 




46بینین‌‌‌
11/5/2019 12:25:00 PM
Print Friendly and PDF
1