سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاگادارکردەوە، کە ئەگەر هێرشی سێیەم بۆ سەر ئیسرائیل بکات، ئابوورییەکەی وێران دەکات. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر ڤیدیۆیەکی بە زمانی ئینگلیزی و ژێرنووسی فارسی بڵاوکردەوە. بنیامین نەتانیاهۆ رایگەیاند کە دووەم هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، تێچووەکەی بۆ ئێران ٢ ملیارد و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. نەتانیاهۆ پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا خەڵکی ئێران لە تێچووەکانی هێرشی وڵاتەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل ئاگادارن؟ نەتانیاهۆ گوتی:"ئەوە سەرمایەکانی ئێوە بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەفیرۆی داوە، بەڵام زیانەکانی بۆ ئیسرائیل هەر هیچ نەبووە. ئەو پارەیە دەیتوانی چەندین میلیارد دۆلار بودجە بۆ ژێرخانی رێگەوبان و پەروەردە بگەرێنێتەوە، خامنەیی ئەو پارەو پولەی کە دەیتوانی هی خەڵک بێت، دزیویەتی و بەفیرۆی داوە." نەتانیاهۆ باسی لەوەکردووە کە ئێران لەبڕی ئەوەی بیەوێ وڵات ئاوەدان بکاتەوە، دەیەوێ ئیسرائیل لەناو ببات، هەر بۆیە نەتانیاهۆ هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی:"هێرشێکی دیکە بۆ ئیسرائیل ئابووری ئێران وێران دەکات." نەتانیاهۆ لە پەیامە ڤیدیۆیەکەدا راشیگەیاند:"جیهان تەنیا بەشێکی بچووک لە تواناکانی ئیسرائیلی دیتووە، بەڵام خامنەیی لەشتێک زیاتر لە ئیسرائیل دەترسێت، ئەویش خەڵکی ئێرانە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو تێچووەیەک دەدات بۆ ئەوەی ئێوە بێهیوا بکات و ئاواتەکانتان لەناو ببات." لەدرێژەی پەیامەکەیدا بنیامین نەتانیاهۆ با ناو هێنانی ژن ژیان ئازادی باسی لەوە کرد کە رۆژێک دادێت خەڵکی ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی جیهانی ئازاد بەیەکەوە بژین.