1 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

"مێژوو و شارەستانییەتی دێڵۆران و ئابدانان" بڵاوکرایەوە

"مێژوو و شارەستانییەتی دێڵۆران و ئابدانان" بڵاوکرایەوە
23 . خەزەڵوەر . 2724

لە شاری دێلۆران پەردە ەسەر کتێبی "مێژوو و شارەستانییەتی دێڵۆران و ئابدانان" لەنووسینی کەرەم عەلیرەزایی لادرا.


ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە شاری دێڵۆران لە رێورەسمێکی گەورەدا پەردە لەسەر کتێبی "مێژوو و شارەستانییەتی دێڵۆران و ئابدانان" لادرا، کتێبەکە لەلایەن کەرەم عەلیرەزایی شارەزای مێژوو و ئاسەوارناسی نووسراوە.
لەرێورەسمی ناساندنی کتێبەکە کەرەم عەلیرەزایی رایگەیاند ئەو بەرهەمە رۆڵی کاریگەری لەسەر ناساندنی مێژوو و شارەستانییەتی ئابدانان و دێڵۆران لەسەر مێژووی کەوناری جیهان دەبێت. کتێبەکە سەدان بەڵگەو دێکۆمێنتی ئاسەوارناسی تێدا باسکراوە، کە دەریدەخات کە لەو ناوچەیە ٩ هەزار ساڵ بەر لەدایکبوونی مەسیح ژیان و شارەستانییەتی خۆی هەبووە.
لەبەشێکی کتێبی "مێژوو و شارەستانیەتی دێڵۆران و ئابدانان" باس لە بەرزاییەکانی "عەلی کۆش" یان "بۆزمەردە" لە دەشتی دێڵۆران کراوە، ئەو ئاسەوارە مێژووییە دەگەرێتەوە بۆ ٩ هەزار ساڵ بەر لەدایکبوونی مەسیح. ئاسەوارەکە ئاوەدانییەکی گەورەی شارەستانی دەردەخات کە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٦١ هەتا ١٩٦٣ لەلایەن سێ ئاسەوارناسی وەکوو فرانک هۆڵ، کێنت فڵاتزی و جەیمز نیلی دۆزراوەتەوەو دواتر لە چەندین وتار و کتێبێکدا لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن زانکۆی میشیگان بڵاوکرانەوە.
کتێبەکە لە ٨٥٠ لاپەرە پێکهاتووە، چوار بەش لەخۆی دەگرێت و بە توێژینەوەو وێنەی ئاسەوارەکان دەتوانێ زانیاریی زۆر ورد لەسەر مێژوو، شارەستانیەت، سروشت و کۆمەڵگای دێلۆران، ئابدانان، موسیان، میمە و مورموری پارێزگای ئیلام بە ناوەندە ئاکادیمییەکان بدات.
کەرەم عەلیرەزایی ساڵی ١٣٣٩ لە شاری دێڵۆران لەدایکبووەو بڕوانامەی دکتۆرای ئەدەبیاتی لە زانکۆی تاران تەواو کردووە، تاکوو ئێستا ٢٥ کتێبی لەبواری مێژوو، کەڵتوورو ئووستورەناسی ناوچەی ئیلام و کرماشان بڵاوکردووەتەوە.