20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ باشتر بناسین

کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ باشتر بناسین
23 . خەزەڵوەر . 2724

دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، پۆستی گرنگی دیکەی کابینەکەی دیاریکرد. ترەمپ وەزیری بەرگری، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، سەرۆکی سی ئای ئەی، وەزیری دیاریکردنی کارامەیی و نوێنەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراستی دەستنیشان کرد.

دۆناڵد ترەمپ لە راگەیاندراوێکدا پیت هێگزت کۆنەسەرباز و پێشکەشکاری فۆکس نیوزی کردە وەزیری بەرگری وڵاتەکەی. هێگزت لە زانکۆی هاروارد و پێنسیڵڤانیا خوێندوویەتی و وەکوو سەرباز لە شەڕی ئەفغانستان، عێراق و گوانتامۆ بەشدار بووە. کتێبی "شەڕ لەدژی شەڕکەرەکان"-ی پیت هێگزت لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمریکایە.

دۆناڵد ترەمپ لە بڕیارێکیشدا جان رێتکلیفت، سەرۆکی پێشووی ناوەندی زانیارییە نیشتمانییەکانی ئەمریکای وەکوو سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا سی ئای ئێی دەستنیشانکرد. رێتکلیف ماوەیەک بەر لەئێستا لەکەناڵی فاکس نیوز رەخنەی لەسیاسەتەکانی باراک ئۆباما سەبارەت بە ئێران گرتبوو. ئەو گوتبووی کە تەنیا رێگەی ئیسرائیل ئەوەیە کە پێ لەسەر گەرووی ئێران دابگرێت و ئەمریکاش دەبێ لەوەدا هاوکاری ئیسرائیل بکات.

سەرۆکی هەڵبژێدراوی ئەمریکا یەکێک لە پۆستە گرنگە و پەیوەندیدارەکان بە ناوچەکەشی دیاریکرد. دۆناڵد ترەمپ مایک هاکبی، فەرمانداری پێشووی ئارکانزاسی وەکوو باڵیۆزی ئەمریکا لەئیسرائیل دەستنیشانکرد. ترەمپ لە راگەیاندراوەی دیاریکردنی ئەو دەڵێ:" هاکبی عاشقی ئیسرائیلە و بێوچان هەوڵ دەدات کە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست جێگیر بێت."بالیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئیسرائیل بۆچوونێکی تووند و رەقی بەرامبەر ئێران لە ناوچە هەیە.

ترەمپ یەکێک پۆستی گرنگ و هەتا رادەیەک پەیوەندیدارە بە کوردستانیشی بە بازرگانێکی ئەمریکایی دا. ئەو ستیڤن ویتکاف دۆستی دێرینی خۆی و بازرگانی خەڵکی نیۆیۆرکی بە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست دیاری کرد. ترەمپ لە نووسراوی دەستنیشانکردنی ویتکاف گوتی:"ئەو دەنگێکی بوێری ئاشتییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست."

پێشتر ماڵپەری نیۆیۆرک تایمز ئاشکرایکردبوو کە دۆناڵد ترەمپ مارکۆ رۆبیۆ-ی وەکوو وەزیری دەرەوەی کابینەکەی دیاریکردووە. رۆبیۆ لەساڵی ٢٠١٠-ەوە ئەندامی سینات بووە، دژبەرێکی سەرسەختی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بەتووندی رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێرانی رەتکردبوویەوە.

هاوکات سەرۆککۆماری هەڵبژێدراوی ئەمریکا مایک واڵتز-ی بە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەستنیشانکردووە. واڵتز دژبەرێکی تووندی سیاسەتەکانی وڵاتی چینە، بەرامبەر رەخنەگرێکی جیدی سیاسەتە ناوچەییەکانی تورکیا و ئێرانە، هاوکات لەکوردەکانیش زۆر نزیک بووە، تەنانەت هاوسەرۆکی کۆمەڵەی کوردستان-ئەمریکا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بووە.