20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

پان تورکەکان نایانەوێ کوردێک بکرێتەوە پارێزگای ورمێ

پان تورکەکان نایانەوێ کوردێک بکرێتەوە پارێزگای ورمێ
23 . خەزەڵوەر . 2724

"استان آذربایجان غربی آزاد شد." لە دوو هەفتەی رابردوودا بەشی زۆری پان تورکەکانی پارێزگای ورمێ، ئەو رەستەیان لەسەر ستۆرییەکانیان دانابوو. هۆکارەکەش نەمانی محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری پێشووی ورمێ بوو.
موعتەمەدیان کوردێکی شیعە مەزهەبی خەڵکی کرماشان بوو، کە نزیکەی ٣ ساڵ پارێزگاری ورمێ‌ بوو. ئەگەرچی موعتەمەدیان سەر بە سوپای پاسداران بوو، لەناوەندە ئەمنییەکانیش نزیک بوو، بەڵام پان تورکەکان قبووڵیان نەبوو، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی کابینەی پزیشکیان لەوێ لایبرد و کردیە پارێزگاری تاران، پان تورکەکانی ورمێ کردیانە شایی و لۆغان و نووسیان:"استان آذربایجان غربی آزاد شد."

هەر ئەو شاگەشکەبوونی پان تورکەکانی ورمێ لەگەڵ رۆیشتنی پارێزگارە کوردەکە، ئێستا بووەتە گوشارێکی زۆری ئەوان بۆ سەر مەسعوود پزیشکیان و کابینەکەی بۆ ئەوەی کەسێکی تورکی خەڵکی ورمێ بکەنە پارێزگار. هەر ئەو گوشارانەش بووەتە هۆی ئەوەی تاکوو ئێستا ورمێ بێ پارێزگارەو رەزا ئیبراهیمی ئاغ ئیسماعیلی بەشێوەی کاتی وەکوو سەرپرشتی پارێزگار کار دەکات.
لەچەند رۆژی رابردوودا پان تورکەکان لەرێگەی لێدوان و نووسین لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، هەڕەشە لە کابینەی حکومەتی ئێران دەکەن، کە نابێ کەسی ناخۆجێی و غەیرە ئازەری بکاتە پارێزگاری ورمێ. تەنانەت لەچەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە پان تورکە دیارەکانی تەورێزیش چاویان بە مەسعوود پزیشکیان کەوتووە. سەرجەم نوێنەرە ئازەری زمانەکانی مەجلیسی ئێرانیش بەیەکەوە داوای پارێزگارێکی ئازەری خەڵکی ورمێیان بۆ ئەو پارێزگایە کردووە.

گوشارەکان گەیشتە ئاستێک کە تاکە سەید سەڵمان زاکر تاکە نوێنەری ئازەرییەکانی ورمێ‌ لە مەجلیسی ئێران، لە تریبونی مەجلیس بەتووندی هەڕەشەی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران کرد، بەشێوەیەکیش وتی ئازەربایجانی رۆژئاوا هی ئازەرییەکانەو هەر دەبێ ئازەرییەکی ورمێ بکرێتە پارێزگار.
زاکر بەرادەیەک بەتووندی قسەی کرد، کە هەر لەو کۆبوونەوەی مەجلیسدا کاردانەوەی قەسیم عوسمانی نوێنەری شاری بۆکانی لێکەوتەوەو ئەویش لە وەڵامدا رەخنەی تووندی لە رەوتێکی پان تورکی ناو ورمێ‌ گرت و رایگەیاند کە ئەوان دەیانەوێ زیاتر لەنیوەی خەڵکی پارێزگاکە لەبەرچاو نەگرن و لەرێگەی تووندرەوی قەومی دەیانەوێ ناکۆکی قەومییەتی لەو پارێزگایە دروست بکەن.

تاکوو ئێستا چارەنووسی پارێزگای ورمێ دیار نیە، کورد و ئازەرییەکان بە نووسین لەسوشیاڵ میدیاکان هێرشی تووند دەکەنە سەر یەکتر، نوێنەرە کورد و ئازەرییەکان لە مەجلیس بەرامبەر یەکتر وەستاونەتەوەو هاوکات پان تورکەکانیش هەڕەشەی تووند هەم لە کورد و هەمیش لە کابینەی حکومەتی ئێران دەکەن، تەنانەت پۆستەری مەلا حەسەنیان بە کڵاشینکۆفەوە داناوەو هەڕەشەی کوشتن لەکوردەکان دەکەن.