20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی ئیلۆن ماسک لەگەڵ نوێنەری ئێران

وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی ئیلۆن ماسک لەگەڵ نوێنەری ئێران
25 . خەزەڵوەر . 2724

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایکرد کە ئیلۆن ماسک راوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ئەمیر سەعید ئیروانی بالیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەتەوە.

نیۆیۆرک تایمز رۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر لەسەر زاری بەرپرسانی ئێران ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەی ئیلۆن ماسک و سەعید ئیروانی رۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر لەشوێنێکی نادیار کراوەو زیاتر لە کاتژمێرێکیشی خایاندووە.

سەرچاوەکانی نیۆیۆرک تایمز بەو رۆژنامەیان راگەیاندووە کە هەردوولا لەسەر چۆنییەتی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا قسەیان کردووە. هاوکات بەرپرسە ئێرانییەکە بە نیۆیۆرک تایمز گوتووە، ئەوە هەواڵێکی خۆشەو گفتوگۆکانیش بونیادنەر بوونە.

تاکوو ئێستا ئیلۆن ماسک و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەو هەواڵە کاردانەوەیان نەبووە. ستیڤن چانگ بەرێوەبەری پەیوەندییەکانی نووسینگەی دۆناڵد ترەمپیش بە نیۆیۆرک تایمزی گوتووە کە ئەوان لەسەر گفتوگۆ تایبەتەکان لێدوان نادەن.

چەند رۆژ پێشتر عەباس عێڕاقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، کە ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بن، ئامادەن لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن. هاوکات ئیلۆن ماسک-یش دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ گوتبووی کە ئەمریکا پێشوازی لە بەهرەمەندە ئێرانییەکان دەکات و پێشتریش ئەو کارەی کردووە.
ئیلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و گەورەترین سەرمایەداری جیهانە، لەسەر کەوتنی دۆناڵد ترەمپ رۆڵێکی کاریگەری هەبوو، بەشدارییەکی کارای لە کەمپەینەکانی ترەمپ هەبوو، دواتر ترەمپ ئیلۆن ماسکی وەکوو راوێژکاری باڵای خۆی و هاوکات وەکوو وەزیری کارامەیی کابینەکەی راگەیاند.