1 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئێران: هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ-مان نەداوە

ئێران: هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ-مان نەداوە
25 . خەزەڵوەر . 2724

رۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ-ی ئەمریکا نامەیەکی نووسراوی ئێرانی ئاشکرا کرد، کە بۆ کۆشکی سپی نێردراوەو لەوێدا رەتیکردووەتەوە کە هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ-یان دابێت.
چەند سەرچاوەی ئاگاداری ئێرانی زانیارییەکەیان بە واڵ ستریت ژورناڵ داوە، نامەکە دوای ئەوە هاتووە کە جۆبایدن لەنامەیەکدا هۆشداری بە ئێران داوە کە یەکەم نابێ وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە، دواتر بایدن هەڕەشەی لە ئێران کردبوو کە هەر هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ بەتووندترین شێوە وەڵام دەدەنەوە.
لە وەڵامدا ئێران نامەیەک بۆ کۆشکی سپی دەنێرێت و لە نامەکەدا لایەنی ئێرانی رەتیکردووەتەوە کە هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری هەڵبژێدراوی ئەمریکایان دابێت.

بەپێی زانیارییەکان نامەکەی جۆبایدن گەیشتووەتە دەستی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و پێدەچێ وەڵامی نامەکەی ئێرانیش بە ئاگاداری خامنەیی درابێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە لەلایەن واڵ ستریت ژورناڵ لەکاتێکدایە، کە رۆژی پێنجشەممە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیش ئاشکرایکردبوو کە ئایلۆن ماسک راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە، هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەت گوتبووی کەئەگەرچی کۆبوونەوەکانی مەسقەت لەگەڵ ئەمریکا راگیراوە، بەڵام ئاڵوگۆری پەیام لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.