20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئێران بۆ سەرکوتی کەمینە ئەتنیکییەکان کەڵک لە سزای لەسێدارەدان وەردەگرێت

ئێران بۆ سەرکوتی کەمینە ئەتنیکییەکان کەڵک لە سزای لەسێدارەدان وەردەگرێت
30 . خەزەڵوەر . 2724

رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئێران بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی کەمینە ئەتنیکییەکان کەڵک لە سزای لەسێداردان وەردەگرێت.
ئەمرۆ چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا باسی لەدۆخی کەمینە ئەتنیکییەکان و چاڵاکوانانی سیاسی لەئێران کرد.

بەیاننامەکە باس لە سزای لەسێدارەدانی سەر وریشە مورادی چاڵاکوانی سیاسی کورد دەکات کە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئێران بە سەرپرشتی قازی سەڵەواتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤ، وریشە مورادی لە ژووری تاکەکەسی راگیراوە، ئەشکەنجە دراوە، لە دادگاشدا دەرفەت و مافی بەرگریکردن لەخۆی پێ نەدراوە. ناهید نەقشبەندی توێژەری بواری ژنان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ:" ئەو ئامرازە تووند و نامرۆڤانەیە لەلایەن دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان بۆ سەرکوتکردنی دژبەرەکانیان بەکاردەهێندرێت."

لەراپۆرتەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە پێنج بەندکراوی دیکەی کورد کراوە، کە بەپاساوی سیخوریکردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. راپۆرتەکە باس ناسر بەکرزادە خەڵکی ورمێ، ئیدریس عەلی، ئازاد شوجاعی خەڵکی سەردەشت، شاهین وەساف خەڵک سەڵماس و رەسووڵ ئەحمەد رەسووڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردووە، کە لەلایەن دادگای ورمێ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

راپۆرتەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە باسکردن لەو کەیسانە، داوای لە ئێران کردووە کە چیتر کار بە سزای لەسێدارەدان نەکات و سزای ئەو کەسانەیش کەئێستا چاوەرێن، جێبەجێ نەکات.
هاوکات رێکخراوەکە داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات، کە لەگوشارەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، چوونکە رێکخراوەکە پێیوایە ئێران بۆ ترساندنی چالاکوانانی کەمینە ئەتنیکییەکان و چاڵاکوانانی سیاسی کەڵک لە سزای لەسێدارەدان وەردەگرێت و ژمارەکانیش‌ بەردەوام لەزیادبوون دان.