خەڵکی کوتوڵ و سیلوانا بە گشتی توورو نارازین، ئەوان گردبوونەوەیان ئەنجامداوەو دەڵێن سەرمایەدارە تورکەکان خەریکن بەپاساوی وەبەرهێنان دیمۆگرافیای ناوچەکەیان دەگۆرن. خەڵکی چەند گوندی کوتوڵ-ی سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ نارازین، ئەوان بەشێوەی گردبوونەوەو واژۆکردنی نامایەک و ناردنی بۆ لایەنی پەیوەندیدار تووڕەیی خۆیان گەیاندووە. نارازییەکان دەڵێن زەوییەک لە دوو گووندی باییر و بەردەسوور بە سەرمایەدارێکی تورکی تەورێز دراوە، ئەوەش بەپاساوی ئەوەیکە دەیەوێ لەو ناوچەیە وەبەرهێنان بکات. ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە سەرەتا بە دانیشتووانی ناوچەکە وتراوە کە وەبەرهێنەرەکە کوردە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە سەرمایەدارێکی تورکی خەڵکی تەورێزەو ئەوەش خەڵکەکەی زۆرتر تووڕە کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەو نارەزاییانە، فاتیمە عوسمانی سەرپرشتی شارەوانی سیلوانا لەستۆرییەکدا رایگەیاندووە کە بۆ ئەوەی رێکارەکانی گەشەپێدان و سەرمایەگوزاری بۆ ناوچەی سیلوانا پەرەپێبدات، چووە راوێژی لەگەڵ بەرپرسێکی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز) کردووە، ئەوەش چاڵاکوانانی پارێزگای ورمێی بە گشتی تووڕە کردووە. چاڵاکوانێکی خەڵکی کوتوڵ کە ناوی لای ئێمە پارێزراوە، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە بانگەشەکردن بۆ هاتنی سەرمایەداری غەیرە کورد بۆ ناوچەکە ناپاکییەکی گەورەیە لە سیلوانا و دەورووبەری. بەگوتەی ئەو رادەستکردنی ئەو زەوییە بە سەرمایەدارێکی تورک هەم ناروونە و هەمیش هەوڵێکە بۆ گۆرینی دیموگرافیای ناوچەکە. هاوکات چاڵاکوانە مەدەنییەکانی شاری ورمێ و بەشی سیلوانا و کوتوڵ نارازین و لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان نارەزایی خۆیان بەشێوەی جیاواز دەربریوە. ئەوان پێیانوایە پان تورکەکان بەشێوەی سیستەماتیک خەریکن بە پاساوی وەبەرهێنان دیموگرافیای سیلوانا دەگۆرن، هاوکات خەڵکە خۆجێیەکەش بەنرخێکی برێک زۆرتر خەریکن بەشێک لە زەوییەکانیان بە سەرمایەداری ناخۆجێی دەفرۆشن و ئەوەش بە مەترسی دەزانن.