گرێتا تونبێرگ چاڵاکوانی ناوداری نێودەوڵەتی ژینگە کە خۆی خەڵکی سوئێدە، سەردانی باکووری کوردستانی کردووەو دوای سەردانەکەی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس باسی لەسەفەرەکەی کردووەو دەڵێ کوردەکان زوڵمی زۆریان لێکراوەو دەڵێ دەبێ رێز لە مافی ئازادی و خودموختاری کوردەکان بگیرێت. دەقی نووسینەکەی تونبێرگ: لەو چەند رۆژەدا سەردانی باکووری کوردستانم کرد، خەڵکی کوردی ئەو ناوچەیەم دیت. ئەوان چیرۆکی زۆریان لە زوڵم و سەرکوتی سیستماتیک بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتی تورکیە و هاوکات مێژووی پڕ لە کوشتاری خۆیانیان بۆ باس کردم. لەناوبردنی ژینگە، وەکوو بڕینەوەی دارستانەکان، قوربانیکردنی ناوچەکان بۆ کارگاکان و هەروەها ئاگرکەوتنەوەکان وەکوو بەشێک لەو هێرشە بەردەوامانە لەدژی کوردەکان بەکاردێت. ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی کۆمەڵگە خۆجێیەکان و ژینگەو هەروەها کۆچی زۆرەملێی خەڵکە خۆجێیەکە. لەناوبردنی کەڵتورو شوناس، تووندوتیژی دەوڵەتی، بەندکراوانی سیاسی، کۆچ پێکردنی زۆرەمڵێ و رفاندن نموونەیەکن لە هەڵاواردن کە خەڵکەکە بەردەوام لەگەڵی رووبەروون، هەروەها ئەوان مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئازادیشیان نیە. بۆ دروستکردنی پردی یەکگرتوویی راستەقینە لە تورکیا ئەوەیە کە کوردەکان خودموختاری خۆیان هەبێت. گەلی کورد شایەنی ئەوەن کە ژیان، کەڵتورو کۆمەڵگەی خۆیان دروستبکەن. تورکیا دەبێ مافی کوردەکان و کەمینەکانی دیکە بەروونی وەکوو یاسا لە یاسایی بنەڕەتیدا روون بکاتەوە. هاوکات دەوڵەت دەستەواژەی "تیرۆریسم" بۆ بێدەنگکردنی دژبەرە سیاسییەکانی بەکاردەهێنێت. دەیان هەزار بەندکراوی سیاسی بەبێ دادگاییەکی دادپەروەرانە لە زیندان دان. رێکخراوەکانی نێوەدەوڵەتی مافی مرۆڤیش ئەو بابەتەیان مەحکووم کردووەو داوای ئازادکردنی ئەوان دەکەن. بۆ ئاشتییەکی پتەو و داهاتووییەکی دادپەروەرانە، دەبێ رێز لە مافی ئازادی و خودموختاری کوردەکان بگیرێت و هێرشە تووندوتیژییەکان لەدژی کوردستان کۆتایی پێبهێنێت. هەتا هەمووان ئازاد نەبن، هیچکەس ئازاد نابێت. بژی کوردستان