27 . ڕێبەندان . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دەرفەتی کوردەکان بۆ داهاتووی ئیسرائیل

دەرفەتی کوردەکان بۆ داهاتووی ئیسرائیل
2 . بەفرانبار . 2724

نووسەر: گرێگ رۆمان*
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز
لەساڵی ٢٠١٤، ئەو کاتەی سوریە ئاڵۆز بوو، ئەمریکا بڕیارێکی گرنگی دا. بەشی ١٢٠٩ی یاسای مۆڵەت پێدانی بەرگری نیشتمانی رێگەی بە پێنتاگۆن دا کە راهێنان بە دژبەرەکانی سوریە بکات. بۆ واشنترن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەرێبەری کوردەکان لەهەموولایەک زیاتر متمانەپێکراوتر بوون. کوردەکان بە هاوکاری ئەمریکا کۆتاییان بە خیلافەتی ئیسلامی هێنا، کەمینەکانیان پاراست و ناوچەیەکی سەقامگیریان لەبەشێک لەسوریە دروستکرد.

ئەمرۆ سوریە زۆر جاوازە، بەشار ئەسەد هەڵاتووە بۆ روسیە. گروپی تەحریر شام کە ئەمریکا وەکوو گروپێکی تیرۆریستی ناسیبوونی، کۆنترۆڵی دیمەشقیان گرتووەتە دەست و ئێستا حەفتا لەسەدی لەسوریەی لەبەردەستدایە. تورکیا پشتیوانی سەرەکی تەحریر شامە و پشتیوانی سەربازی و ماڵیان دەکات. ئانکارا ئەو ئیسلامەگەرا سوننە مەزهەب و ئایدیۆلۆژییە تووندڕەوانە بۆ سەرەرۆییە ناوچەییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

ئەمریکا گۆرانکارییەکی لە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە رۆڵی سیاسی تەحریر شام بەسەرداهاتووە. بەڵام واشنتن دەبێ لەهەر حاڵەتێکدا لەسەر پابەندی خۆی بۆ پاراستنی کوردەکان بمێنێتەوە. کۆنگرێس لەیاسای مۆڵەتی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پشتیوانی لە هێزەکانی سوریەی دیموکراتیکی دووپاتکردووەتەوە. کنێست لە ئیسرائیلیش دەبێ پێرەوی لەو سیاسەتە بکات. ئیسرائیل دەبێ کوردەکان پرچەک بکات، یارمەتیان بکات و ئەوان بکاتە بەردی بناغەی ستراتیژی ناوچەیی خۆی.

رەجەب تەیب ئەردوغان لە تورکیە، وێرانکەرترین سیاسەتی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێرەو دەکات. پرۆکسییەکانی تورکیە، کە زۆربەیان پەیوەندییەکی بەڵگەمەندیان لەگەڵ گروپە تووندڕەوەکان هەیە، هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئایدیۆلۆژی ئەوان دژی لیبرالیزمەو پشتیوانی لە ئیسلامگەرا تووندڕەوەکان دەکات و هەر بەمشێوەیەش چەندین دەیەیە ناوچەیان ناسەقامگیر کردووە.

سەرەرۆییەکانی ئانکارا تەنیا لە سوریە نەبووە، ئەردوغان خۆی بە پشتیوانی حەماس دەزانێت و پێشوازی لە رێبەرەکانیان دەکات. لێدوانەکانی ئەو سەبارەت لەدژی ئیسرائیل ورووژێنەرەو نەک تەنیا سیاسەت بەڵکوو خەریکە رەوایی و بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج. تورکیە لەرێگەی هەڵسوکەوتی لە سوریە و لەوەش زیاتر، ئاسایشی ئیسرائیلی لاواز کردووەو هەر بۆیە پێویستە وەڵام بدرێتەوە.

لەکاتێکدا تورکیە بە ئاراستەی ئیسلامگەرا تووندڕەوەکان دەجولێتەوە، کوردەکان لەو دگمەن هێزانەن کە پێچەوانەی ئەو رەوتە هەنگاو دەهاوێن. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک پابەندی سیکۆلاریزمن، مافی ژنان و کەمینەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریە دەپارێزن. هەموو ئەو بەهایانەش لەگەڵ ئیسرائیل هاوبەشن. هەر ئەو هێزانە توانای خۆیان بەرامبەر خەلافەتی ئیسلامی داعش سەڵماند.

جوگرافیای ژێر کۆنترۆڵی ئەوان، گرنگییەکی دیکەشی هەیە. ئەو جوگرافیایە پڕیەتی لە زەوی کشتوکاڵی بەپیت، سەرچاوەی زۆری ئاو و نەوتی لێیە. ئەو خاکە زیاتر لە بەهای زاتی خۆی، دیوارێکیشە لەبەرامبەر سەرەرۆییەکانی تورکیا و هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی هێزی خۆیان لە باشووری سوریە. بۆ ئیسرائیل، کوردەکان جگە لە بەهای هاوبەشی فەلسەفی، هاوکات گرنگییەکی ستراتیژیشی هەیە.

ئیسرائیل و کوردەکان هاوپەیمانی سروشتی یەکترن. هەردوولا کەمینەیەکن کە دوژمنی زۆریان هەیە، ناچارن بەهەموو شێوەیەک خەڵکی خۆیان بپارێزن. پشتیوانی ئەمریکا لە کوردەکان دەتوانێ نموونەیەک بۆ ئیسرائیل بێت، کە ئەویش ئەو کارە بکات. کنێست دەبێ پرۆژەیەکی هاوشێوەی ئەمریکای بۆ پشتیوانی لەکوردەکان هەبێت، بۆ ئەوەی پرچەکیان بکات و یارمەتی سەربازی، ماڵی، زانیاری و دیپلۆماتیکیان بکات. وەها پشتیوانییەک دەتوانێ رێگری لە سەرەرۆییەکانی تورکیا بکات، پێشڤەچوونەکانی ئێران رابگرێت و ببێتە خاوەن یەکێک لە بەتواناترین هاوپەیمان لەناوچەکەدا.

رەنگە رەخنەگرەکان نیگەرانی ئەوە بن، کە ئەو هاوکارییە دەبێتە هۆی دوژمنایەتی لەگەڵ تورکیە. بەڵام دوژمنایەتی ئەردوغان لەگەڵ ئیسرائیل زۆر پێشتر سەڵمێندراوە. لەباوەشگرتنی حەماس و پشتیوانی لە دژبەرەکانی ئیسرائیل رێگەیەکی لەبەردەم ئیسرائیلدا نەهێشتووەتەوە. پشتیوانی نەکردن لە کوردەکان، ئانکارا ئارام ناکاتەوە، ئەوان سەرەرۆتر دەکات. لاوازی دەبێتە هۆی تووڕەیی، لەکاتێکدا هێز رێزگرتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پشتیوانی ئیسرائیل لەکوردەکان دەریدەخات کە ئیسرائیل رێگە بە تورکیا و ئێران نادات کە ناوچەکە ناسەقامگیر بکەن.

گرنگتر لەوانەش، ئەگەر دەست لەسەر دەست دابنێین، مەترسی ئەوە هەیە گروپە دژبەرەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵی باکووری سوریە بکەن، ئەگەر گروپە پرۆکسییەکانی تورکیە دەست بەسەر باکووری سوریەدا بگرێت، دۆخی ستراتیژی ئیسرائیل لاواز دەبێت و، رێگە بۆ ناسەقامگیرترکردنی ناوچەکە هەمووارتر دەکات. وەبەرهێنانی ئاشکرای ئیسرائیل لەسەر کوردەکان زۆر بەڕوونی ئەو پەیامە بە تورکیا و ئێران دەدات کە ئیسرائیل رێگە نادات کە ئەوان دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن.

کەڵک وەرگرتن لە وەها دەرفەتێک پێویستی بە تێروانینێکی روون هەیە. پشتتیوانی لە کوردەکان تەنیا زەروورەتێکی ستراتیژیک نیە، بەڵکوو ئەخلاقیشە، ئەویش لە ناوچەیەکدا کە هاوپەیمانییەکان دەگۆرێن، بەڵام هەڕەشەکان هەمیشەیین. هاوپەیمانە هەمیشەییەکان دگمەنن، کوردەکان سەڵماندوویانە کە تایبەت و دگمەنن. هەندێک کات سادەترین بژاردەکان، گرنگترین بژاردەن.


*گرێگ رۆمان یەکێک لە دە سەرکردەی یەهوودی کاریگەری جیهانە، لەوەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل راوێژکار بووە، لە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کاری کردووە. بەرپرسی فیدراسیۆنی جووەکانی جیهان بووە، ئێستاش بۆ رۆژنامە دیارەکانی جیهان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندی نێودەوڵەتی دەنووسێت.