رۆژهەڵات نیوز: سەر لەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە ٢١ی رێبەندان هەواڵدەری ئاناتۆڵی تورکیا ئاشکرایکرد کە ئیبراهیم کاڵن بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا میت لەتاران لەگەڵ ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعات و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە. هەواڵدەری ئاناتۆڵی ئاشکرایکردووە لەکۆبوونەوەکاندا باس لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەتایبەت پەکەکەو داعش کراوەتەوە، هاوکات مەترسییە هاوبەشەکان، دۆخی سوریا و ئاگربەست لە غەزەو پرسی فەڵەستین قسەی لەسەر کراوە. سەردانەکەی کاڵن بۆ تاران لەناکاو بووەو زانیاری زۆرتر لەلایی ئێرانی بڵاونەکراوەتەوە، تەنیا ماڵپەری ئیرنا ئاماژەی بەسەردانەکەی داوە، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بڵاوبکاتەوە. هاوکات رۆژی هەینی ٢٠ی رێبەندانیش هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان هەبووەو پێدەچێ بڕیاری سەردانی ئیبراهیم کاڵن لەو پەیوەندییە تەلەفوونیە درابێت. ئەو پەیوەندییە و کۆبوونەوانەی بەرپرسانی سیاسی و هەواڵگری ئێران و تورکیا لەکاتێکدایە کە لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا تورکیا دەستێکی باڵای لە دیمەشق هەیە. ئانکارا یەکێک لەبەربەستەکانی بەردەم هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکان سەرپرشتی دەکەن و هاوکات بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژئاوای سوریایە، تەنانەت هاکان فیدان وەزیری بەرگری تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو کە لە سیستەمی داهاتووی سوریا هیچ جۆرە ئۆتۆنۆمی و فیدرالییەک قبووڵ ناکەن.