رژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەرداسەپێندراوی سەر حەمید حوسێننژاد حەیدەرانڵوو بەندکراوی سیاسیی کوردی جێبەجێکرد، ئەوە لەکاتێکدایە بەڵگەی روون هەبوو، کە ئەو بەندکراوە بێ تاوانەو بووەتە قوربانی دروستکردنی دۆسییەی ساختە. ئێوارەی درەنگانی رۆژی دووشەممە یەکی بانەمەڕ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە لەبەندیخانەی ناوەندی ورمێ سزای لەسێدارەدانی سەر حەمید حوسێننژاد جێبەجێکراوە. بەپێی هەواڵەکان ئەو بەندکراوە سیاسییە رۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوەو بەشێوەی نهێنی جێبەجێکراوە. ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە و بە هۆی مانگرتنی بنەماڵەکەی سزاکەی جێبەجێ نەکرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گوسترایەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی شەممە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە گواستراوەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لە سێدارە دراوە. جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە حالێدا بوو کە حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە دوایین جاری دیتنی بنەماڵەکەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو، چەندین بەڵگەی سەبارەت بە دۆسییەکەی کە نیشان لە بێ تاوانی خۆی و پێشیلکرانی مافەکانی بووە داوەتە دەستی بنەماڵەکەی و بەلێنی داوە فایلێکی دەنگییان بۆ دەنێرێت کە دوای ئەو چاوپێکەوتنە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. لەلایەکی دیکەوە مۆری هاتووچووی لەسەر پاسپۆرتی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو تۆمار کراوە کە دەرخەری ئەوەیە لەو ڕۆژەدا کە کۆماری ئیسلامی باسی لێوە دەکات کە تێکەڵچوونی چەکداری ڕووی داوە، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە وڵاتی تورکیە بووە. ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۲۴، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک) بەبێ نیشاندانی بەڵگەی پێویست و تەنیا بە "زانستی دادوەر" لە دادگایەکی چەند خولەکیدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. جێبەجێکردنی ئەو سزا داسەپاوە، لەکاتێکدایە کە چەندین بەڵگەی دیکە هەبوون کە دەریدەخست کە حەمید حوسێننژاد بێ تاوان بووە، لەگەڵ ئەوەش ئەو بەندکراوە کوردە جگە لەوەی رێگەی پێنەدراوە کەس ببینێت، هاوکات مافی هەبوونی پارێزەریشی نەبووە.