6 . گوڵان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

سیناتۆرێکی دیموکراتەکان داوای هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات

سیناتۆرێکی دیموکراتەکان داوای هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات
4 . گوڵان . 2725

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەر لە دەستپێکردنی گەری سێیەمی گفتوگۆکانی واشنتن و تاران لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئێران تەنیا دەتوانێ یۆرانیۆم بۆ کاروباری ئاشتیخوازانە هاوردە بکات و خۆی ناتوانێ یۆرانیۆم بپیتێنێت.

رۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا بە بێری وایس پێشکەشکاری پادکەستی ئانستلی راگەیاند:"ئەگەر ئێران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم پێداگربێت، ئەوە دەبێتە تەنیا وڵاتێک لەجیهان کە پرۆژەی سەربازی نیە، بەڵام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە، ئەوەش کێشە دروست دەکات." رۆبیۆ دەشڵێ تاران تەنیا دەتوانێ یۆرانیۆمی پێویست بۆ کاروباری ئاشتیخوازانە هاوردە بکات و نابێ خۆی یۆرانیۆم بپیتێنێت.

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئەستیو سیتکاف نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست رایگەیاندبوو کە ئێران دەتوانێ یۆرانیۆمی ٣ پۆینت ٦٧ بپیتێنێت. ئەوەش ئەو رێژەیەیە کە پێشتر لەرێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەسەری رێککەوتبوون. لەگەڵ ئەوەش دواتر ویتکاف هەڵوێستەکەی گۆری و رایگەیاند ئێران دەبێ پرۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوەتی رابگرێت. لەبەرامبەردا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە ئەوان گفتوگۆ لەسەر بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم ناکەن، بەڵام لەسەر رێژەکەی ئامادەن گفتوگۆ بکەن.

لەبەرامبەردا جان فیتەرمەن سیناتۆری دیموکراتەکان لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکەی کردووە، بەر لە دەستپێکی گەری سێیەمی گفتوگۆکان هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناویان ببات.
فیتەرمەن رۆژی چوارشەممە رایگەیاند:" ئێوە هەرگیز ناتوانن لەگەڵ وەها رژیمێک گفتوگۆ بکەن، ئەو رژێمە دەیان ساڵە ناوچەی ناسەقامگیر کردووە، ئێستا دەرفەتێکی کەم وێنە هەیە و دەبێ بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لەناو بچن."
ئەو لێدوانەی فیتەرمەن لەکاتێکدایە، ئەو دوو مانگەی دۆناڵد ترەمپ بە ئێرانی دابوو، بەرەو کۆتایی دەچێت و دوو گەری گفتوگۆکان لە عۆممان و ئیتالیا پێشڤەچوونێکی ئەوتۆی نەبووە.