سەرەتای بەهاری ساڵی ١٤٠٢، رێک شەش مانگ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و دروستبوونی نارەزاییەکان لە کوردستان، پێژمان سوڵتانی تەمەن ٣٢ ساڵ لەشاری بۆکان دەستبەسەر کرا. ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای دادی ئێران پێژمانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی لەکوشتنی ئەندامێکی بەسیج هەبووە، لەو دۆسییەیەدا رزگار بەیگزادەی بابامیری و عەلی قاسمیش بەتۆمەتی یارمەتیدەربوون لەو کوشتنەدا دەستبەسەر کران. دوای زیاتر لەساڵێک لەدەستبەسەرکرانی ئەو سێ کەسە، دادگای ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پێژمان سوڵتانی-دا سەپاند، هاوکات سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەر رزگار بەیگزادە بابامیری و ١٠ ساڵ بەندکرانیشی بەسەر عەڵی (سۆران) قاسمی-دا سەپاند. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پێژمان-دا ڤیدیۆیەک لە دایک و بڕای ئەو بڵاوکرایەوە، کە تێیدا داوایان لەهاووڵاتیان کردبوو کە بەهانای کوڕەکەیان بچن. بەپێی داواکاری ئەوان لایەنی بەرامبەر کە کوژراوە، بەوە رازی بووە لەبەرامبەر ٥ ملیارد تومەن-دا دەتوانن سکالاکەیان وەربگرنەوەو پێژمان لە سێدارەدان رزگاری بێت. بۆ ئەو مەبەستە کەمپەینێک لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارەیە راگەیاندرا، بەشێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەسێک بەناوی رەنج پشدەری چاڵاکوانی مەدەنی کەوتنە پشت ئەو کەمپەینە، ئەوان داوایان کرد لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا هاوکاری کەمپەینەکە بکەن، بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە کۆبکرێتەوە. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ رەنج پشدەری لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەتەنیشت دایک و بڕایەکی پێژمان سوڵتانی رایگەیاند کە ٣ میلیاردو ٥٠٠ ملیۆن تومەن کۆکراوەتەوەو بڕیاریشە هەتا بەیانی رێکخراوەیەک یەک ملیاردو ٥٠٠ ملیۆن تومەنەکەی دیکەش بدات و بەمشێوەیە کۆتایی کەمپەینەکەیان بۆ کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە بەسەرکەوتوویی راگەیاند. بەڵام چەند کاتژمێر دواتر رەنج پشدەری ئەو چاڵاکوانە مەدەنییە، کە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوەو جۆرێک نیگەرانی و دڵەراوکێ و بگرە تووڕەییشی لای رای گشتی دروستکرد. ئەو رایگەیاند کە بنەماڵەکەی پێژمان ئامادە نین، مەوجوودی گەیشتوو بە حیسابە بانکییەکان رابگەیەنن و پێی وابوو کە زیاتر لە ١٠ میلیارد تومەن کۆکراوەتەوە، بەڵام بنەماڵەکەی پێژمان هەوڵی خواردنی پارەکەیان داوەو ئامادە نین کە روونکردنەوە بە هاووڵاتیان بدەن. ئەگەرچی هەر قسەکانی رەنج پشدەری لەو ڤیدیۆیەدا زانیاری دژبەیەک و ناراستی تێدابوو، هەست دەکرا کە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆییە ئاسایی نیە، بەڵام دواتر بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، دەرکەوت کە ئەو چاڵاکوانە مەدەنییە لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ئەو کارەی کردووە، بۆ ئەوەی هەم کەمپەینەکە بەلارێدا ببات، هەم کۆکردنەوەی پارەکە بەشێوەیەک گرێبداتە دەرەوەی کوردستان و بەدیاریکراوی ئەمریکا. چەند کاتژمێر دواتر رەنج پشدەری ڤیدیۆیەکەی لە ئەکاونتی خۆی لە ئینستاگرام لابرد، لەکاتێکدا ڤیدیۆی ئێوارەی هەمان رۆژ کە سەرکەوتووبوونی کەمپەینەکەی باسکردبوو، هێشتووەتەوەو نەیسڕیوەتەوە. دوای زیادتر بوونی کاردانەوەکان و هەستیاربوونی رای گشتی بەو پرسە، درەنگانی شەوی رابردوو بنەماڵەو خزم و کەسوکاڕی پێژمان سوڵتانی ڤیدیۆییەکیان بڵاوکردەوەو لەبەردەم کامێراکان مەوجوودی هەموو کارتە بانکییەکانیان راگەیاند. فەخرەدین سوڵتانی بڕای پێژمان رایگەیاند کە ٥ میلیاردو ٣٠٠ ملیۆن تومەن پارە کۆکراوەتەوەو لەگەڵ سوپاسکردنی خەڵکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کۆتایی کەمپەینەکەی راگەیاند.