10 . پووشپەڕ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

رژێم تۆڵەی شکستەکەی بەرامبەر ئیسرائیل لەکوردستان دەکاتەوە

رژێم تۆڵەی شکستەکەی بەرامبەر ئیسرائیل لەکوردستان دەکاتەوە
8 . پووشپەڕ . 2725

لە سێ رۆژی رابردوودا لانیکەم ١٥ کەس لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کراون و سێ کەسیش بەشێوەی جۆراوجۆر کوژراون.

لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، شەپۆلێکی گرتن و کوشتن و تووندوتیژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە، بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز تاکوو ئێستا لانیکەم ١٥ کەس لە شارەکانی ئورمییە، سنە، مەهاباد و بۆکان دەستبەسەر کراون. هەڕەشە لە چاڵاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز دەکرێت و ناوەندە ئەمنییەکانی رژێم بە نامەو تەلەفوون و کورتەنامە بۆ هەندێک لە بنەماڵەکان دۆخێکی ترساندن و تۆقاندنی خەڵکیان دەستپێکردووە. شایەتحاڵێک لەشاری سنە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، ئیدارەی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لەرێگەی حەراسەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی سنە، چاڵاکوانانی ئاگادارکردووەتەوە، کە بۆیان نیە هیچ چاڵاکییەک ئەنجام بدەن.

هاوکات شارەکانی سەرسنوورو دەروازە سنوورییەکانیش لەدۆخێکی تەواو میلیتاریزەدان، زیاتر لەجاران ئێستا جادەی سەر سنووری مەریوان بۆ دیوی باشووری کوردستان دوو خاڵی پشکنینی زیادەیان داناوە، لە لەسنووری پیرانشار بۆ تەمەرچیان و خالی سنووری پاوەش خالەکانی پشکنین زیادیکردووە. رۆژهەڵات نیوز زانیویەتی لەسەرجەم خال و دەروازە سنوورییەکان هۆشداری بە خەڵک دراوە کە نابێ لەدەروازە سنوورییەکان نزیک ببنەوەو هەڕەشەی کوشتنیش لەو کەسانە کراوە کە لەخالە سنوورییەکان نزیک ببنەوە.

لە دوو رۆژی رابردووشدا لە سنووری بانە کۆڵبەرێک بەناوی سەیوان عەبدوڵڵازادە بەتەقەی راستەوخۆی سوپای پاسداران کوژراوەو کەسێکی دیکەش بریندار بووە، هاوکات لە شاری کرماشانیش فوئاد عەلیخانی یەکێک لە چاڵاکان و دەستبەسەرکراوانی شۆرشی ژیناش لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا، لە شاری سنەش رەزا رەعنای لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنین لە جادەی سنە بۆ مەریوان بە تەقەی هێزەکانی نیروی ئینتزامی رژێم کوژرا.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، لەشارەکانی مەهاباد، پیرانشار، مەریوان، سەقز، کامیاران، جوانرۆ، پاوەو چەندین شاری دیکە، رژێم چەکدارە کوردەکانی سەر بەخۆی (جاشەکان)ی راسپاردووە، هەڕەشە لە خەڵک بکەن و تەنانەت ئێواران لەورودی شارەکان و تەنانەت لەناو شارەکانیش خالی پشکنین دادەنێن و ئۆتۆمبیل و تەنانەت کەسەکانیش دەپشکنن.