1 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بانە بێ ئاوە، ئاربابا تینوە، هەندێک ئاوایی شەوانەرۆژ یەک کاتژمێر ئاویان هەیە

بانە بێ ئاوە، ئاربابا تینوە، هەندێک ئاوایی شەوانەرۆژ یەک کاتژمێر ئاویان هەیە
18 . گەلاوێژ . 2725

راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز

شاری بانەو دەورووبەری لە بێ ئاوی دەناڵێنێ و لە هەندێک شارۆچکەو ئاوایی دەورووبەری بانە لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا یەک کاتژمێر ئاو هەیەو، شار و ئاواییەکان لەدۆخێکی خراپ دان، شایەتحاڵێک دەڵێ ئەو بێ ئاوییە کێشەی گەورەی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.

ئەگەرچی ساڵانی رابردووش هەتا رادیەک کێشەی کەم ئاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە دیاریکراوی لە شاری بانەو دەورووبەری هەبووە، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە زۆر جیاوازترە، شاری بانە بە شارۆچکەو ئاواییەکانی لە قەیرانێکی قووڵی بێ ئاویدان. رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ ئەو قەیرانە کردووەو شایەتحاڵێک و چاڵاکوانێکی مەدەنی شاری بانە زانیاری لەسەر هۆکارەکانی درووستبوونی ئەو دۆخەی بۆ باسکردووین.

ئاوی خواردنەوەی شاری بانە لە دوو بەنداوی سەبەتڵوو و کێڵە دابین دەکرێت، شایەتحاڵێکی خەڵکی بانە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، بەنداوی سەبەتڵوو بەشی ١٥ بۆ ٢٠ رۆژ ئاوی تێدا ماوەو بەنداوی کێڵەش ئەو پەڕی بەشی مانگێک ئاوی تێدا ماوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەناو شاری بانە لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا ٩ کاتژمێر ئاو هەیە، ئەگەر ٢٤ کاتژمێر ئاو بە هاووڵاتیان بدرێت، ئاوی بەنداوەکان بەشی حەفتەیەکیش ناکات.

ئێستا لە شاری بانە، لە شەوانەرۆژدا تەنیا ٩ کاتژمێر ئاو بۆ هاووڵاتیان بەردەدرێتەوە، ئەو هاووڵاتییەی شاری بانە بە رۆژهەڵات نیوزی وت، لەو ٩ کاتژمێرەش تەنیا ٣ کاتژمێری بەکەڵک دێت و هاووڵاتیان دەتوانن سوودی لێوەربگرن، چوونکە فشاری ئاوەکە یەکجار کەمەو هیچ کەڵکێکی نیە. لەهەندێک گەرەکی شاری بانە دۆخەکە زۆر کارەساتبارتریشە. بەشێک لە ئەپارتومانەکان، گەڕەکەکانی داوێنی ئەربەبا، داوێنی دوزین و بابوەسەن بەهۆی توپوگرافی گەڕەکەکەیان ئەوەندە ئاوەشیان بۆ ناچێت.

دۆخی بێ ئاوی لە دەرەوەی بانە خراپتریشە. شایەتحاڵێکی دیکەی خەڵکی بانە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، پێشتر بەدرێژایی مێژوو بەشی زۆری شارۆچکەو ئاواییەکان ئاوی پێویستی خۆیان لە کانیئاوەکان دابین دەکرد، بەڵام سەرجەم ئەو کانیئاوانە وشک بوونە. بۆ نموونە کانیئاوی شارۆچکەی کانیسووری بانە وشک بووە، ئێستا بە تانکەر ئاو لە مەنبەعی ئاوی کانیسوور دەکرێت و لە ٢٤ کاتژمێردا خەڵکی ئەو ناوچەیە تەنیا یەک کاتژمێر ئاویان هەیە.
نموونەیەکی دیکە ئاوایی شوێ-یە، ئەو ئاوایە یەکێک لە پڕئاوترین ئاواییەکانی پارێزگای سنە بووە. هەتا رادەیەک کە پێشتر لەو ئاواییە برینج و رەزێکی زۆر بەرهەم دەهات و ئاوەکەش بەشی دەکرد، بەڵام ئێستا کانیئاوی ئاوایی شێ بە تەواوەتی وشک بووە.

دۆخەکە وایکردووە، چاڵاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزی بانە چەندین جار لەگەڵ پارێزگاری سنەو فەرمانداری بانە کۆببنەوەو هۆشداریان پێداون، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، قەیرانێکی مرۆیی روودەدات و کێشەی گەورەی تەندرووستی کۆمەڵایەتی لێ درووست دەبێت. چاڵاکوانێکی مەدەنی شاری بانە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، بەڵێنی ئەوەیان پێدرابوو کە لە بەنداوی چراغ وەیسی سەقز بە بۆری ئاو بۆ بانە بگوازنەوە. ئەو پرۆژەیە پێویستی بە هەزارو ٢٠٠ میلیار تومەن بودجە هەیە، بەڵام تاکوو ئێستا لەسەر کاغەز ماوەتەوەو هیچ هەنگاوێکی بۆ نەهاویشتراوە.

ئەو چاڵاکوانە، گڵەییەکی دیکەشی هەیەو دەڵێ بەشێکی زۆری لە سەرچاوەی ئاوی بەنداوەکانی چراغ وەیس و بەنداوی سەردەشت لە ئاوی کوێستانەکانی کەڵی خانی بانە دابین دەکرێت، بەڵام هیچ ئاوێک لەو بەنداوانە بۆ بانە تەرخان نەکراوەو تەنانەت جوتیارانی بانەییش ناتوانن سوودی لێ ببینن.

چاڵاکوانانی شاڕی بانە، ئەو قەیرانە بۆ نەزانی و نابەرپرسیاربوونی بەرپرسانی حکومەت دەگێرنەوە. شایەتحاڵێکی شاری بانە بۆ رۆژهەڵات نیوزی روونکردەوە، بانە شارێکی کوێستانییە، لە کاتی باران و بەفر باریندا ئاوێکی زۆر تێکەڵی رووبارەکان دەبێت و لەسەر زەوی بە ڕەوانی بەفیرۆ دەچێت. بەوتەی ئەو ئاوگیری بەنداوەکان دەبووا لە سەرەتای پاییز دەسپێبکات، ئەو کاتەی بارانێکی زۆر دەبارێت، بەڵام مانگی رێبەندان دەست بە ئاوگیریی بۆ بەنداوەکان دەکەن، لەکاتێکدا لەو وەرزەدا ئەمساڵ و ساڵی رابردووش کەمترین بەفرو باران باریوە.

کێشەیەکی دیکەش هی بەنداوی کێلە-یە، کەسێکی ئاگادار لە درووستکردنی ئەو بەنداوە، بە رۆژهەڵات نیوزی وت، لەکاتی درووستکردنی ئەو بەنداوەدا کەمتەرخەمییەکی گەورە کراوەو ژێر بەنداوەکە کوونەو بەرێژەی چڵ بۆ پەنجا ئینج ئاوی لەبەر دەروات و بەمشێوەیە ئاوێکی زۆر بەفیرۆ دەروات. بەرای ئەو هەر ئەو کەمتەرخەمییە، نابەرپرسبوونی بەرپرسان ڕوون دەکاتەوە.

بێ ئاوی و کەمی برق (کارەبا) تەنگی بە هاووڵاتیانی شاری بانە هەڵچنیوە، ئەو دۆخە لە ئاست و رێژەی جیاواز لەهەموو رۆژهەڵاتی کوردستان هەیەو دۆخێکی دەروونی خراپی بۆ کوردستانیان درووستکردووە.