دوای ئەوەی پرۆسەی لەچەک داماڵینی حیزبوڵڵا دەستیپێکرد، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بەتووندی وەڵامی لایەنی ئێرانی دایەوە. وەزیری دەرەوەی لوبنان داوا لە ئێران دەکات، سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان بن و دەستێوەردان لەکاروباری لوبنان نەکەن . یوسف رەججی وەزیری دەرەوەی لوبنان ئێوارەی رۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس وەڵامی لێدوانێکی عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری رێبەری ئێرانی دایەوە، رەججی رایگەیاند دژایەتیکردنی ئێران لە لەچەکداماڵینی حیزبوڵڵا دەستێوەردانی ئاشکرا و قبووڵنەکراو لە کاروباری ناوخۆی لوبنانە. وەزیری دەرەوەی لوبنان داوا لە ئێران دەکات، لەجێگەی دەستێوەردان لەکاروباری بەیروت، سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان بن. عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری رێبەری ئێران هەر رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ماڵپەرێکی نزیک لە سوپای پاسداران رایگەیاندبوو:" ئەم جاریش لەچەکداماڵینی حیزبوڵڵا بە ئەنجام ناگات و بەڕگری لەبەرامبەریدا بەردەوام دەبێت." لەرۆژانی رابردوودا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و چەندین فەرماندەی سەربازی ئێرانیش دژی هەوڵی حکومەت و پەرلەمانی لوبنان بۆ لەچەکداماڵینی حیزبوڵڵا قسەیان کردبوو، هەموو جارێکیش وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بە تووندی وەڵامی دابوونەوە. دوای ئەوەی لەکابینەی وەزیرانی لوبنان بڕیار لەسەر چەککردنی حیزبوڵڵا دڕا، پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ دەنگی شیعەکان پرۆژەی گەرانەوەی چەک تەنیا بۆ سوپای لوبنانیان پەسەند کرد، بەو پێیە بە کردەوە پرۆسەی لەچەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان دەستی پێکرد. پرۆژەی ڤیژەنی ترەمپ بۆ لوبنان چەند رۆژ لەمەوبەر هەواڵدەری رۆیتێرز پەردەی لەسەر پرۆژەیەکی ئەمریکا بۆ داهاتووی لوبنان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەسەر سنوورەکانی باشووری لوبنان هەڵدایەوە. ئەو پرۆژەیە لەلایەن تام باراک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست بە بەرپرسانی لوبنان دراوە. بەپێی ئەو پرۆژەیە هەتا کۆتایی مانگی دیسەمبەر دەبێ حیزبوڵڵای لوبنان بە تەواوەتی لەچەک دابماڵدرێت، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل لە پێنج شوێنی سەربازی باشووری لوبنان دەکشێتەوە. بەپێی راپۆرتی رۆیتێرز، پرۆژەکەی تام براک لەلایەن کابینەی وەزیران لوبنان پەسەند کراوە، لە قۆناغی یەکەمدا حکومەتی لوبنان دەبێ لە ماوەی ١٥ رۆژدا بڕیار لەسەر چەککردنی حیزبوڵڵا بدات و لەبەرامبەردا لەو ماوەیەدا ئیسرائیلیش هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی بۆ سەر لوبنان رابگرێت. بەپێی ئەو پرۆژەیە، لە قۆناغی دووەمدا دەبێ لەماوەی ٦٠ رۆژدا بە کردەوە پرۆسەی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا کۆتایی پێ بێت و سوپای لوبنان لە شوێنەکانیان جێگیر بکرێن. هاوکات لە ماوەی ٩٠ رۆژیشدا سەرجەم پێگە مووشەکی و درۆنەکانی حیزبوڵڵاش لەناوبچن. لەبەرامبەریشدا لەو قۆناغەدا سوپای لوبنان لە باشووری لوبنان بکشێتەوەو بەندکراوە لوبنانییەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوور ئازاد بکات. بونیادنانەوەی ئابووری لوبنان و پرۆژەی ترەمپ هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی پرۆسەی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، لەقۆناغی سێیەمدا وڵاتانی ئەمریکا، عەرەبستان، فەرەنسا و قەتەرو هەندێک وڵاتی هاوپەیمانی دیکە، کۆنفرانسێکی گەورەی ئابووری لەژێر ناوی ڤیژەنی ترەمپ "دوورەدیمەنی ترەمپ" بۆ بونیادنانەوەی لوبنان ئەنجام دەدەن. ئەو کۆنفرانسە ئامانجی ئەوە دەبێت، خۆشکوزەرانی و سەقامگیری بۆ لوبنانی دوای حیزبوڵڵا بگەرێنێتەوە. ئەگەرچی بەرپرسانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئێران هەڕەشە دەکەن و چەکدانانی حیزبوڵڵا رەتدەکەنەوە، بەڵام حکومەتی لوبنان و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئورووپا و کەنداو لەپشت ئەو پرۆژەیەن و چاوەروان دەکرێت، چوار قۆناغدا کە ١٢٠ رۆژ دەخایەنێت، کۆی پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.