1 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

کرێچییەکان، خانوو هیچ، ئێستا نانیشیان نیە

کرێچییەکان، خانوو هیچ، ئێستا نانیشیان نیە
21 . گەلاوێژ . 2725

بەپێی راپۆرتێکی ساڵانەی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران تایبەت بە ١٤٠٢ کرێچییەکان لەو وڵاتە نەک خانوویان پێ نەکردراوە، بەڵکوو ٤٠ لەسەدیان لەژێر گوشاری دابینکردنی کرێی مانگانە، کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.

لە ساڵی ١٤٠٢ قەیرانی نەبوونی خانوو لەهەموو کات زیاتر بووەو ئێستا دوای دوو ساڵ زۆر خراپتریش بووە. کرێچییەکان نەک توانای کڕینی خانوویان نەماوەو ئیتر بۆ کڕینی خانوو تەواو هیوابڕاو بوونە، لەهەمان کاتدا بۆ دابینکردنی کرێی خانووەکانیان، کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری، ئێستا نەک خانوویان نیە، بەڵکوو بۆ دابینکردنی نانی سەر سفرەکانیشیان تووشی کێشەی جیدی بوونە.

بەپێی راپۆرتەکەی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران، ساڵی ١٤٠١، نزیکەی ٢٧ لەسەدی کرێچییەکان کە دەیکردە ١ ملیۆن و ٣٣ هەزار بنەماڵە لەژێر هێڵی هەژاریدابوونە، بەڵام زیادبوونی کرێی خانوو و نەبوونی داهاتی هاوتەریب وایکردووە، ساڵی ١٤٠٢، زیاتر لە ٤٠ لەسەدی کرێچییەکانی ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.
بەپێی ئەو ئامارە، نزیکەی ٢ ملیۆن بنەماڵەی کرێچی ئێران کە دەکاتە نزیکەی ٨ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان. ( ئەو ئامارە تەنیا بنەماڵە کرێچییەکانی ژێر هێڵی هەژاری نیشان دەدا، لەئێران نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس لەسەر هێڵ یان ژێر هێڵی هەژاریدان).

ناوەندی توێژینەوەکە ئامارەکەی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە:
هەژاری بەپێی داهات: ٦٧ لەسەدی کە دەکاتە ١ ملیۆن و ٣٣ هەزار بنەماڵە لەگەڵ ئەوەی هەژارن، بەڵام کرێی خانوو، خستووینەتە ژێر هێڵی هەژاری.
هەژاری بەهۆی کرێی خانوو: ٣٣ لەسەد کە دەکاتە ٦٥٢ بنەماڵە، داهاتێکی مانگانەیان هەیە، بەڵام بەهۆی کرێی خانووی مانگانە، کەوتوونەتە سەر هێڵی هەژاری.
کەواتا هەر بەپێی ئەو ئامارە نزیکەی سەد لەسەدی کرێچییەکان لە ئێران یان هەژارن یان کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری. ئەوەش لەگەڵ ئاماری خودی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران یەکدەگرێتەوە کە پێشتر بڵاویکردبوویەوە کە ٣٠ ملیۆن هاووڵاتی ئێران هەژارو لەژێر هێڵی هەژاریدان.

لە ئێران ٢٧ ملیۆن بنەماڵە هەیە، لەو ژمارەیە ٧ ملیۆن بنەماڵە کرێچین، نزیکەی ٣ ملیۆن کەسیش کە دیار نیە چەند بنەماڵە دەکات، لە کەڵاوەکانی پەراوێزی شارەکاندا دەژین. بەمشێوەیە لەو ٢٧ ملیۆن بنەماڵەیە، نزیکەی ١٠ ملیۆنیان یان کرێچین یان کەڵاوەنشینن.