1 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

وال ستریت ژورناڵ: دۆخەکە هەستیارە، ئێران دەستاودەست دەکات

وال ستریت ژورناڵ: دۆخەکە هەستیارە، ئێران دەستاودەست دەکات
24 . گەلاوێژ . 2725

رۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، شەڕی ١٢ رۆژە رووخساری رۆژهەڵاتی ناوەراستی گۆریەوەو ئێستاش ئێران خەریکە دەستاودەست دەکات و ئەوەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.


رۆژنامەوی واڵ ستریت ژورناڵی ئەمریکا رۆژی هەینی لە راپۆرتێکدا باس لە هەستیاربوونی دۆخی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی دەکات و پێیوایە دەستاودەستکردنی ئێران لە ڕوونکردنەوە سەبارەت بە پرۆژە ئەتۆمییەکانی، وڵاتانی ئورووپایشی گەیاندووەتە ئەو باوەرە کە دەبێ گوشارەکانی سەر حکومەتی ئاخووندەکان لەتاران دەبێ زیاتر بکرێت.

ئەو رۆژنامەیە پێیوایە، ئێران بە رێگە نەدان بۆ چاودێریکردنی پرۆژە ئەتۆمییەکانی خەریکە پێشوازی لە کاراکردنی سنەپ بەک (مکانیسم ماشە) دەکات. فەرانسە، بەریتانیا و ئاڵمان رۆژی چوارشەممە لە نامەیەکدا بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەیی خۆیان بۆ گەراندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران راگەیاندووە. ئەو سێ وڵاتە وتوویانە ئەگەر گفتوگۆکان بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەست پێنەکاتەوە، ئەوان هەتا سەری مانگ کە دوو هەفتەی دیکە دەکات، میکانیزمی سنەپ بەک چاڵاک دەکەن. ئەوە لەکاتێکدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، هیچ رێکارێکیان بۆ گەرانەوەی پشکێنەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئەو بنکە ئەتۆمیانە نیە، کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل کرابوونە ئامانج.

راپۆرتەکەی واڵ ستریت ژورناڵ ڕوونیکردووەتەوە کە ئەگەر میکانیزمی سنەپ بەک (مکانیسم ماشە) چاڵآک بکرێت، دۆخی ئابووری ئێران لەوەی ئێستاش‌ خراپتر دەکات، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی هەناردەی چەک بۆ سەر ئێران دەگەرێنێتەوە، پرۆژە مووشەکییەکانی ئێران قەدەغە دەکات و زۆر گوشاری دیکەی ئابووری و سیاسیی دیکەش دەخاتە سەر تاران.

لە راپۆرتەکەی واڵ ستریت ژورناڵ-دا هاتووە:" ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێ رێکەوتی کۆتایی هاتنی میکانیزمی سنەپ بەک (١٨ی ئۆکتۆبەر) درێژ بکاتەوەو بەو مانایەی کە سێ وڵاتی ئورووپا چاڵاککردنی میکانیزمەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن. بەڵام ئەو لەکاتێکدایە ئێران هەنگاوێکی کرداری هاویشتبێت، نەک تەنیا قسە و بەڵێنی زارەکی دابێت. تاکوو ئێستا ئێران هیچ یەک لەو کارانەی نەکردووە، نە هەنگاوی هاویشتووەو نە بەڵێنی زارەکیشی داوە."

راپۆرتەکەی واڵ ستریت ژورناڵ پێشنیاری ئەوە بە سێ وڵاتی ئورووپا دەکات، کە چاڵاککردنی میکانیسمی سنەپ بەک (مکانیسم ماشە) بۆ دوا ساتەکان دوانەخەن، چوونکە ئەوکات ئێران دەتوانێ بە ژێستێکی دیپلۆماتیک کۆتایی بە کاتی دیاریکراو بهێنێت و دواییش بەسەریدا تێپەرێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا دەتوانێ بۆ هەمیشە کۆتایی بە رێککەوتنەکەی باراک ئۆباما بهێنێت و جیهان سەبارەت بە پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران بخاتە بەردەم دۆخێکی باشتر لە جاران. سەردەمێکی نوێ کە تێیدا ئێران نەتوانێ یۆرانیۆم بپیتێنێت. بۆ ئەوەش ئورووپاییەکان دەبێ لەو چەند رۆژەدا ئێران لەوە تێبگەیەنن کە بژاردەکانی دیکە بۆی زۆر خراپتر دەبن.