کۆبوونەوەی ترامپ و پۆتین دەنگدانەوەیەکی زۆر و کاریگەرییەکی کەمی هەبووە، هەواڵدەرییە دیارەکانی جیهان ئاشکرایانکردووە، کۆبوونەوەکە بە بێ رێککەوتنێکی دیاریکراو و تەنانەت بەبێ گەیشتن بە ئاگڕبەستی کاتی لەشەڕی ئۆکرانیا کۆتایی پێهاتووە. رۆژی هەینی هەموو جیهان چاوی لەسەر شاڕی ئەنکۆریجی ویلایەتی ئاڵاسکای ئەمریکا بوو، ڤیلادیمیر پۆتین لەکۆبوونەوەیەکی مێژووییدا، سەردانی ناوچەیەکی کرد، کە پێشتر بەشێک لە رووسیا بووەو دواتر هەکتاری بە ٢ سەنت بە ئەمریکایان فرۆشتووە. هەربۆیە دیاریکردنی ناوچەی کۆبوونەوەکە ئامانجدار و تەنانەت نمایشی شوێنی دیدارەکەش بێ بەرنامە نەبوو. دیپلۆماسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە بنکەیەکی سەربازیی و بەنمایشکردنی فڕۆکەی بی ٢ و ئێف ٣٥. دۆناڵد ترامپ و ڤیلادیمیر پۆتین درێژترین گفتوگۆی دوولایەنەی دوو سەرۆکی جیهانیان کرد، ئەوان دەیانەویست کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنن، چاوی جیهان و پێش هەموویان کیێف و ئورووپا لەوێ بوو، بەڵام هەواڵدەری رۆیتێرز هەر زوو ئاشکرایکرد، دوای چەند کاتژمێر گفتووگۆکردن بەهیچ رێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا نەگەیشتن، تەنانەت چوارچێوەیەکیش دیاری نەکراوە، بۆ ئەوەی ئاگربەستی تێدا بکرێت. ترامپ رایگەیاند:"ئێمە پێشڤەچوونمان هەبووە، بەڵام هەتا رێککەوتن نەکرێت، مامەڵەیەکیش ناکرێت." ئاسۆشیتێدپرێسیش ئاشکرایکردووە، هەردوو لایەن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و گەمارۆکانی سەر رووسیا قسەیان کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەک لەنێوانیان واژۆ نەکرا. ئەو هەواڵدەرییە نووسیویەتی:"رێورەسمی دەستپێکی کۆبوونەوەکە زۆر سرنجراکێش بوو، ئاڵای هەردوو وڵات، گەشتی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی ئاڵاسکا و پێشوازییەکی کەم وێنە لە پۆتین کرا، بەڵام دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبووەو بۆشایی نێوان رووی دەرەوە و ئەنجامەکانی ناو کۆبوونەوەکە بە ئاشکرا دیاربوو." هەواڵدەری رۆیتێرز باسی لەوە کردووە، کۆبوونەوەکە بەبێ دەستکەوتی هەستپێکراو کۆتایی پێهاتووە، بە بۆچوونی رۆیتێرز زۆر نمایشێکی سیاسیی بووە، نەک دانووستاندنێکی کاریگەر. هەر لەو چوارچێوەیەدا گۆڤاری تایم لە شرۆڤەیەکدا نووسیویەتی:" پۆتین بەبێ ئەوەی ئیمتیازێک بدات، سەرکەوتنێکی سیمبوڵی بەدەست هێناوە." بە بۆچوونی تایم سەرۆککۆماری رووسیا توانی لەپێگەی هاوبەش لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا دەربکەوێت، هەر ئەوە دەتوانێ بۆ سەرۆکی رووسیا سەرکەوتنێکی سیمبوڵیک بێت. ماڵپەری فۆرن پاڵسی-یش دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی وەکوو قومارێکی سیاسیی ناوبردووە، چوونکە ئەگەرچی شکستی خواردووە، بەڵام بەهایی تاقیکردنەوەی هەبووە. مایکڵ هیرش ستون نووسی فۆرن پاڵسی پێیوایە، ترەمپ هەوڵیدا وانیشان بدات کە پێشڤەچوون هەبووە، بەڵام نەیتوانی بیشارێتەوە کە هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، تەنانەت لەسەر گرنگترین بابەت، ئەویش ئاگربەستە. ترەمپ و پۆتین کۆنگرەی رۆژنامەوانیان کرد، بەڵام پرسیاری رۆژنامەنووسانیان وەرنەگرت، ئەوەش دیوێکی دیکەی هەوڵی ترەمپ بۆ نیشاندانی پێشڤەچوون بەبێ دەستکەوتێکی هەستپێکراو بووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زلنێسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا و سەرۆک و سەرکردەکانی ئورووپا گفتوگۆی دوروودرێژی کردووە، تاکوو ئێستا دیار نیە، لەنێوان ترەمپ و پۆتین چی گوزەراوە، مۆسکۆ داوای چیکردووەو واشنتن بەڵێنی چی پێداوە؟