ئێران لەناوخۆیەوە داڕماوە، هاوپەیمانە ناوچەییەکانی نەماون، چیتر وەکوو هێزێکی ناوچەیی سەیر ناکرێت، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هەر ئێستا ئێران کەوتووە، بەڵام جارێ لەناو نەچووە. گۆڤاری ئینترنشناڵ پۆلۆتیک کوارتڵی لە نووسینێکدا باسی لە شەڕی ١٢ رۆژەی ئێران و ئیسرائیل کردووەو شرۆڤەی دۆخی ئێستای ئێرانی کردووە. هەر لە سەرەتای بابەتەکەدا هاتووە:" واپێدەچێ ئیسرائیل بیهەوێ بە رێگەی سەربازی چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ ئێران بکات، لەگەڵ ئەوەی جارێ وەستاوە بۆ ئەوەی بزانێ ئەمریکا لەسەر مێز چۆن دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ تاران بکات." رۆڵی ئەمریکا لەهێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران؟ هەر لەسەرەتاوە واشنتن و تەلەڤیڤ لەسەر ئەوە رێککەوتبوون، سەرۆککۆماری ئەمریکا رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران تاقیبکاتەوە، بەڵام ئەگەر دیپلۆماسییەکە ئەنجامی نەبوو، ئەمریکا رێگری لە هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکات. بەڵگەی پێویست لەبەردەستدان کە ئەمریکا یارمەتیدەری ئیسرائیل بووە، چوونکە زۆربەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی سوریە و عێراق بۆ سەر ئێران کراون، ئەمریکا کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراقی لەبەردەستدایە و، یارمەتی هەواڵگری زۆری ئیسرائیلی کردووە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی سەرکەوتنە خێراکانی ئیسرائیلی دیت، خۆی خزاندە ناو شەڕەکە بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێ، ئەوە تەنیا ئەمریکایە دەتوانێ پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو ببات. تێکدانی هاوسەنگی هێز لە نووسینەکەی ئینتەرنەشناڵ پۆلۆتیکدا هاتووە، شەڕی ١٢ رۆژە هاوسەنگی هێزی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆری. کارتە ناوچەییەکانی ئێران لەیەک هەڵوەشان و پرۆژە ئەتۆمییەکانیشی زیانی زۆریان بەرکەوت. لەگەڵ ئەوەش شرۆڤەکارەکەی ئەو گۆڤارە پێیوایە، هێشتاش ئێران سەدان مووشەکی باڵستیک و سەدان سەنتەرفیوژی پێشکەوتووی هەیە، ئەوەش رێگە نهێنییەکان بۆ دەستراگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم بە کڕاوەیی دەهێڵێتەوە. تورکیا، رۆڵگێری نوێی ناوچەکە تورکیا وەکوو تاکە هێزی ناوچەیی لەبەرامبەر ئیسرائیلدا ماوەتەوە، بەو مانایەی چیتر ئێران، عێراق، سوریە و میسر ناتوانن سەرئێشە بۆ ئیسرائیل دروستبکەن، تەنیا تورکیا لەسەر پێ ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەش کارناسانی گۆڤاری ئەنتەرنەشناڵ پۆلۆتیک لەسەر ئەو باوەرەن کێبەرکێی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل زۆر لەوانەی پێش خۆی جیاوازە. تورکیا هێشتاش پەیوەندی دیپلۆماتیکی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئەندامی ناتۆ و گروپی بیستە و ئابوورییەکەی گرێدراوی ئابووری یەکپارچەی جیهانییە. هەربۆیە دۆخەکە زۆر جیاوازەو کێبەرکێکەی تورکیا و ئیسرائیل تەنیا لە ئاستی دینامیکدا دەمێنێتەوە. چارەنووسی بەڕەی موقاومەت حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و گروپە عێراقییەکان لاواز بوونە. هەندێک لەسەر ئەو باوەرەن تاکە رێگەی ئێران زیندووکردنەوەی بەڕەی موقاومەتەکەیەتی، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێران هیچ کارتێکی دیکەی ستراتیژی لەبەردەستدا نەماوە. بەپێی بۆچوونی پسپۆرانی گۆڤارەکە، ئێران ئەگەر بیهەوێ سیستەمی دژە مووشەکی نۆژەن بکاتەوە، دەبێ لەدەرەوە دابینی بکات. دەرکەوتووە تەکنەلۆژیایی رووسی کارامەییەکی ئەوتۆی لەبەرامبەر هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نیە، کەواتا تاران پێویستی بە چین دەبێت، بەڵام چین نایهەوێ ببێتە هاوبەشی ستراتیژی و سەربازی ئێران. ئێران پێویستی بە میلیشیاکانییەتی، بەڵام هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل گۆرەپانی یارییەکەی گۆڕیوە. ئیتر تەلەڤیڤ هاوکات لەگەڵ باڵەکانی ئۆختەپۆسەکە، سەری ئۆختاپۆسەکەشی کردووەتە ئامانج. ئێستا تاران لەبەردەم دووڕیانی مانەوەی خۆی یان هێشتنەوەی میلیشیا ناوچەییەکانییەتی. عەلی واعیز شرۆڤەکار بە گۆڤاری ئینتەرنەشناڵ پۆلۆتیک پێیوایە، دەنگێک لەناوخۆی ئێران بەرزە کە داوای وازهێنانی تاران لە بەڕەی موقاومەت لەبەرامبەر پێدانی گڕەنتی ئەمنییەتی دەکات. دوورەدیمەنی داهاتوو رەنگە لەماوەیەکی زۆر کورت-دا شەرێک روونەداتەوە، چوونکە ئیسرائیل هەموو ئامانجەکانی خۆی پێکاوە، تەلەڤیڤ لانیکەم پەیوەندیدار بە پرۆژە ئەتۆمیی و لێدان لە ژێرخانە بەڕگری و سەربازییەکانی ئێران سەرکەوتوو بووە، هەربۆیە پاساوێک نەماوە، لانیکەم لە کورتخایەندا بنیامین نەتانیاهۆ بڕیاری هێرشێکی دیکە بداتەوە. بەڵام ئەو دۆخە هەستیارەو ئەگەڕی شکانی زۆرە. ئەگەر ئێران بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆم بڕوات یان توانای بەڕگری خۆی نۆژەن بکاتەوە، رەنگە دۆخەکە بگۆرێت. جگە لەوەش ئەگەر میکانیزمی سنەپ بەک (مکانیسم ماشە) ئەکتیڤ بکرێت، لەبەرامبەردا تاران لە پەیمانی ئێن پی تی بێتەدەر، قەیرانەکە زۆر بە خێراتر و گەورەتر سەرهەڵدەداتەوەو دەتوانێ شەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیی لێبکەوێتەوە. بەپێی نووسینەکەی گۆڤاری ئینتەرنەشناڵ پۆلۆتیک، ئێران لاواز بووە، بەڵام جارێ لەناونەچووە. بژاردەکانی تاران کەم بوونەتەوە، هەربۆیە رەنگە بەرەو چەکی ئەتۆم بڕوات، ئەوەش دۆخەکە تەواو ئاڵۆز و نادیار دەکات، هەربۆیە رێگەچارەی دیپلۆماتیک پێشنیار دەکات، رێگەیەک کە ئەمریکا گڕەنتی بکات و تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمیش نەبێت و هەموو ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان تاران لەگەڵ واشنتن و تەلەڤیڤ بگرێتەخۆی.