ژمارەیەک جاشی شاری مەهاباد، پەلاماری بنەماڵەی شەهید سمکۆ مەولوودیان داوەو شەڕێکی قورس لەنێوانیان روویداوەو باوک و مامی شەهید سمکۆ بڕیندار بوونە. شەوی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، لە گەڕەکی باغی میکائیلی شاری مەهاباد ژمارەیەک جاشی چەکدار پەلاماری بنەماڵەی شەهید سمکۆ مەولوودی لە شەهیدانی شۆرشی ژینا دەدەن. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، ئەو جاشانە تەقەیان لە باوک، مام و بڕایەکی شەهید سمکۆ کردووەو بەو هۆیەوە باوک و مامی شەهید سمکۆ بڕیندار دەبن. دواتر شەڕەکە گەورە دەبێت و خەڵکی وڵاتپارێزی مەهاباد بەهانای بنەماڵەی شەهید سمکۆ دەچن و ژمارەیەک چەکداری کوردی سەر بە رژێمیش بڕیندار دەبن. لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک جاشی شاری مەهاباد کە بەشێکیان سەر بە ئاغا مەنگورە جاشەکانی گەرەکێکی دیاریکراوی مەهابادن، قەڵسە لە بنەماڵەی شەهیدانی شۆرشی ژینا دەگێرن و هەوڵ دەدەن ئازاریان بدەن. ئەو دۆخە جارێکیتر شەوی رابردوو لە باغی میکائیلی مەهاباد تەقییەوەو لەهەردوو لای بنەماڵەی شەهید سمکۆ و جاشەکان بڕیندار هەبووە. بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، بە هەزاران هاووڵاتی مەهاباد بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی شەهید سمکۆ دەچنە بەردەرگای ماڵی شەهید سمکۆ و نەخۆشخانەی مەهاباد، هەر ئەوە بەهاناوەچوون و ئامادەبوونی خەڵکی مەهاباد وادەکات، ناوەندە ئەمنییەکانی مەهاباد بۆ ئەوەی دۆخەکەیان لەکۆنترۆڵ دەرنەچێت، باوک و مامی شەهید سمکۆ کە بۆ ماوەیەک دەستبەرکرابوون، ئازاد دەکات. شایەتحاڵێکی رووداوەکەی شەوی رابردوو، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، خەڵکی مەهاباد و هەموو شاڕەکان دەبێ خاوەندارییەتی لە بنەماڵەی شەهیدان بکەن و دەبێ بێرێزیکردن بە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان وەکوو هێڵی سوور سەیر بکرێت. هاوکات روونیشیکردەوە، لەماوەی رابردوودا لە چەندین شوێن ئەو چەکدارانەی سەر بە رژێم بێرێزیان بە بنەماڵەی شەهیدان کردووە، داواش دەکات سنوورێک بۆ ئەو جاشانە دابنرێت.