1 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئەژانس و ئەمریکا نیگەرانن، چارەنووسی ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمەکە

ئەژانس و ئەمریکا نیگەرانن، چارەنووسی ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمەکە
30 . گەلاوێژ . 2725

نیگەرانییەکان لەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران و چارەنووسی بنکە ئەتۆمییەکانی زیادیکردووەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێکی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی واشنتن بکەن، بۆ ئەوەی سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە ئێران گفتوگۆ بکەن.

ماڵپەری بلوومبێرگی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری چەندین بەرپرسی ئاگادار ئاشکرایکردووە، رافائێل گروسی سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەهەوڵەکانیدا بۆ رازیکردنی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی چاودێرییەکان لە بنکە ئەتۆمییەکان شکستی خواردووە، بەپێی راپۆرتەکە لەدوای شەڕی ١٢ رۆژە سەرجەم هەنگاوەکانی گروسی بۆ رازیکردنی ئێران سەری نەگرتووە.

بڵوومبێرگ لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە دوای شەڕی ١٢ رۆژە لە گەرانەوەی پشکێنەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران بێهیوا بووە، هەربۆیە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک بەرپرسی ئەژانسەکە بۆ لێکدانەوەی دوایین بارودۆخ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران سەردانی کۆشکی سپی دەکەن.

ئەو هەوڵانە لەکاتێکدایە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، هێشتا بڕیاری کۆتایی هێنان بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆممان نەداوە، بەڵام نەشیشاردەوە کە شێوازی هاوکارییەکە بەهیچ شێوەیەک وەکوو جاران نابێت.

هاوکات تاکوو ئێستا چارەنووسی ٤٠٩ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەدوای شەڕی ١٣ی ژوئەن دیار نیە. ئەوکات بەرپرسانی ئێران بە ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیان راگەیاندبوو، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەیان لە شوێنێکی نهێنی جێگیر کردووە. پچڕانی پەیوەندی ئەژانس لەگەڵ تاران، نەبوونی پشکێنەرانی ئەژانسەکە لە ئێران و هاوکات دیارنەمانی چارەنووسی ٤٠٩ کیلۆگرام یۆرانیۆمەکە نیگەرانییەکانی زیادکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە وادەی ٨ ساڵەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تەواو دەبێت، هەربۆیە دەبێ رۆژئاواییەکان و ئەژانس دوا بڕیاری یەکلاکەڕەوە لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران بدەن.