28 . ڕەزبەر . 2725
هەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techسەبەتە 0

ناکۆکییەکان لەسەر رەشنووسی کۆبوونەوەی ئۆسڵۆ زۆرن

ناکۆکییەکان لەسەر رەشنووسی کۆبوونەوەی ئۆسڵۆ زۆرن
27 . ڕەزبەر . 2725

راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز:

ئەمرۆ بە بەشداری نوێنەری سێ لایەنی کوردستانی و چەندین لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەکۆبوونەوەیەکی داخراودا باس لە رێککەوتن لەسەر هەندێک بنەمای مافی مرۆڤی بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی ئێران کرا، بەڵام ناکۆکی زۆر لەنێوان نوێنەری نەتەوەکان و هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەیەو بە ئەنجامێکی دیاریکراو نەگەیشتوون.

ئەمرۆ یەکشەممە ٢٧ی رەزبە، لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە شاری ئۆسڵۆ کۆبوونەوەیەک بە بەشداری نوێنەری ژمارەیەک حیزب کوردستانی و ئێرانی بە دوور لە چاوی راگەیاندنەکان بەرێوەچوو.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەید ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دکتور ئاسۆ حەسەنزادە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون. هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری فواد پاشایی سکرتێری حیزبی مەشروتەی ئێران، یەزدان شوهەدایی ئەندامی بەرێوەبەریی و وتەبێژی شۆرای مودیریەتی گوزار، مەهدیە گوڵرو ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری هەمبەستگی جمهورخاهان، حەمید تەقوایی سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، ناسر بۆلیدایی سکرتێری حیزبی مەردومی بەڵوچستان، هومایون مەهمەنش ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەری رێکخراوەکانی بەرەی میللی ئێران، مونا سیلاوی سکرتێری حیزبی تەزامونی دیموکراتیکی ئەحواز، یونس شاملی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی ئازەربایجان و شیرین عیبادی خاوەنی خەڵاتی ئاشتی نوبڵ و چاڵاکوانی سیاسی بەشدار بوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا جیاوازی قووڵی بۆچوونەکان هەبوو، تەنانەت چەند جارێک وێککەوتن لەنێوان نوێنەرانی نەتەوەکان و مەشروتەخوازو میلییەکانی ئێران روویدا. لەگەڵ ئەوەش بڕیار دراوە دانیشتنەکان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی سازوکارێک بۆ قووڵکردنەوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی ئێران دابرێژرێت. ئەو سەرچاوە ئاگادارە بۆ رۆژهەڵات نیوزی روونکردەوە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ تێگەیشتن و لەداهاتوودا رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی گشتی لە بواری مافی مرۆڤەو ئەوە وەکوو بنەمای سیاسیی بۆ ئاڵترناتیڤ دروستکردن بۆ دوای کۆماری ئیسلامی ئێران نیە.

رۆژهەڵات نیوز زانیویەتی، زۆرترین ناکۆکی ژمارەیەک نوێنەری نەتەوەکان لەگەڵ مەشروتەخوازو میلییەکان لەسەر پێناسەکردنی نەتەوەکان لە خۆیان وەکوو نەتەوە بووەو هاوکات قبووڵکردنی ئێرانێکی فرەنەتەوە و دان نان بە مافی سیاسیی و ئیداری نەتەوەکان بووە.

لەگەڵ ئەوەش کۆبوونەوەی ئەمرۆ ئەنجامێکی دیاریکراوی نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، رەشنووسێک ئامادەکراوە و لەو کۆبوونەوەیەشدا قسەی لەسەر کراوە، بەڵام ناکۆکی قووڵ لەسەر چەندین خاڵی رەشنووسەکە هەیەو تاکوو ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتوون، بەڵام بڕیارە دانیشتنەکان لە چوارچێوەی قسەکردن لەسەر دیاریکردنی پرەنسیپە گشتییەکانی مافی مرۆڤ بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بێت.