حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگی ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێ:"سەرۆکی پژاک لە قسەکانیدا نەک هەر لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژیی خۆیانەوە سێرەی لە ڕەسەنایەتیی حیزبی دێموکرات و مێژووی خەباتە پڕشنگدارەکەی گرتوە، بەڵکوو دەریخستوە کە بنەما و فەلسەفەی وجوودیی خۆیان لەسەر دژایەتیی حیزبی دێموکرات و بەها و بایەخە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سڕینەوەی ئەوانیدی ڕۆ ناوە." حدکا لە شەش خاڵدا سەبارەت بە قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک روونکردنەوە دەدات و لەگەڵ رەخنەی تووند لە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە، هاوکات داوای بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی بەرەیەکی کوردستانی بۆ هاوخەباتی دەکات. دەقی راگەیاندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی کوردستان! لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند فایلێکی دەنگیی ئەمیر کەریمی، سەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بڵاو بوونەتەوە کە بووەتە جێگای سەرسووڕمان و تووڕەیی سۆسیالمێدیای کوردی و هاوکات لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی ناچار بە کاردانەوە بەم قسانە کردوە. ئەمیر کەریمی، سەرۆکی پژاک لەو قسانەیدا هێرشی بەربڵاو دەکاتە سەر حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکرات و ڕەمز و سیمبولەکانی ئەم حیزبە کە هاوکات بەشی هەرە گرنگ لە ڕەمز و بەها شۆڕشگێڕییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردیشن. سەرۆکی پژاک لە قسەکانیدا نەک هەر لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژیی خۆیانەوە سێرەی لە ڕەسەنایەتیی حیزبی دێموکرات و مێژووی خەباتە پڕشنگدارەکەی گرتوە، بەڵکوو دەریخستوە کە بنەما و فەلسەفەی وجوودیی خۆیان لەسەر دژایەتیی حیزبی دێموکرات و بەها و بایەخە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سڕینەوەی ئەوانیدی ڕۆ ناوە. بۆیەشە بەڕێزیان بە چەواشەکردنی مێژووی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوختانکردن و هەروەهاببەراوەژوو نیشاندنی ڕاستییەکانی ئەم مێژووە لە سنووری ڕەخنەگرتن تێدەپەڕێ و ئاو لە ئاشی دوژمنانی کورد دەکا. بڵاوبوونەوەی ئەم قسانەش لە کاتێکدایە کە حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانایی و هەوڵەکانی خۆیان بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەرخان کردوە. ئەگەرچیش دەگوترێت ئەم قسانەی ئەمیر کەریمی هی ساڵانی پێشترن و لە هەلومەرجێکی تایبەتدا کراون، بەوحاڵەش سەرۆکی ئێستای پژاک و ڕاگەیەنەکانیان دەیانتوانی بە دانی ڕوونکردنەوە و دووریکردن لەم بۆچوونانەی پێشتر دەریانبڕیون، بیسەلمێنن کە ئێستا لاپەڕەیەکی نوێیان لە بیرکردنەوە و پێوەندیی خۆیان بەرانبەر حیزبی دیموکرات و ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵداوەتەوە و ئەم جۆرە ڕوانینە چەوتانەیان وەلاناوە. دیارە پێش هەموو شتێک حیزبی دێموکرات قەزاوەت لەسەر قسەکانی ئەمیر کەریمی، سەرۆکی پژاک لەسەر مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات، هەشت دەیە تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانە و دیپلۆماسیی حیزب و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بە خەڵکی کوردستان دەسپێرێ. وەک چۆن دەنگ و ئەکتی سیاسیی خەڵک، وەڵامدانەوە بە بانگەوازەکانی حیزب بۆ مانگرتن و ئەو دروشمانەی لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقامدا بەرز دەبنەوە؛ سەلمێنەری پێگەی مێژوویی و ڕاستەقینەی ئەم حیزبە لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند خاڵ وەک ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو شاڵاوی بەلێشاوی قسە چەوت و بێنێوەرۆکەکانی سەرۆکی پژاک بە پێویست دەزانێ: یەکەم؛ ئەو قسانەی ئەمیر کەریمی، سەرۆکی پژاک دەریدەخا کە ئەو لایەنە لەسەر بنەمای چەواشەکاری، چاندنی ڕق و کین و سڕینەوەی جیابیران، ئەندامان و لایەنگرەکانی پەروەردە دەکا و بەمجۆرە تۆوی دابڕان و شەقارکردن لە هەناوی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەچێنێ. دووهەم؛ سەرۆکی پژاک لەبری ئەوەی بناغەی ئایدۆلۆژی و بەناو خەباتەکەی خۆی بە مەنتیقی سیاسی و مێژوویی هەڵشێلێ و لایەنگر و ئەندام بۆ ڕەوتەکەی کۆ بکاتەوە، سیستماتیک پەنا بۆ چەواشەکاریی مێژوویی و پەلاماردان و شکاندنی ڕەمز و سیمبولەکانی حیزبی دێموکرات دەبا کە هاوکات سیمبولی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکە کوردستانیشن. ئەم سیاسەتە لە بەردەوامیی هێرشگەلی بێپڕەنسیپانە بۆ سەر مێژووی خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە بەتایبەت لە پێنج دەیەی ڕابردوودا ئاڵاهەڵگری ڕاستەقینەی خەبات و تێکۆشان دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی بوون و لەو پێناوەشدا بە هەزاران شەهیدیان داوە؛ قازانجەکەی هەر دەچێتەوە گیرفانی نەیارانی بزووتنەوەی ڕەوای کورد! سێهەم؛ پێچەوانەی ڕوانگەکانی سەرۆکی پژاک، حیزبی دێموکرات بەپێی نەریتی لەمێژینەی خۆی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە حیزبی سیاسیی مۆدێڕن لەسەر بنەمای خەبات و تێکۆشانی شێلگیرانە، بەردەوام و قوربانیدان لەپێناو گەل و بەها و بایەخە شۆڕشگێڕییەکان چێ دەبێ، نەک سیاسەتی سڕینەوە، چەواشەکاریی مێژوویی، خوێندنەوەی یەکلایەنە و لێدان لە شکۆ و بایەخە نەتەوەییەکان. چوارەم؛ حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٨٠ ساڵ تەمەنی پڕ شانازیی خۆی لە مەیدانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕاستە بێ هەڵە و کەموکووڕی نەبووە بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین پێچەوانەی بۆچوونەکانی سەرۆکی پژاک هیچ کەس و حیزب و لایەنێکی سیاسی ناتوانێ خاڵێکی لاواز لە مێژووی ئەو حیزبە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بدۆزێتەوە کە زیانی بە جووڵانەوەی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان گەیاندبێ؛ ئەوەش دەریدەخا کە حیزبی دێموکرات چەندە خاوەنی سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی خۆیەتی. پێنجەم؛ هەوڵدان بۆ خەوشدارکردنی مێژووی خەبات و تێکۆشانین حیزبی دێموکرات ئەویش لە ڕێگەی هێرش و چەواشەکاری مێژوویەکی تاڵە و نەیارانی حیزبی دێموکرات و زیاتر لە هەمووان کۆماری ئیسلامی تاقییان کردوەتەوە، بەڵام ئەمە بەری خۆر بە بێژینگ گرتن بووە و لەوە هیچ دەسکەوتێکیان پێ نەبڕاوە. حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە لە کاتێکدا کوردستان پتر لە هەر کاتێک پێویستیی بە یەکڕیزی و هاوخەباتییە، تێکدانی هاوپێوەندی و چەتخستنە نێو کاری هاوبەش نەک لە خزمەتی بەرەوپێشبردن و بەئاکامگەیاندنی جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نیە؛ بەڵکوو پێچەوانە ڕێک بە دژی ئەم ئامانجە دەخوێندرێتەوە. شەشەم؛ مێژووی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد و خەسارناسیی ئەزموونی پێشووی هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەویش لە تەنیشت ڕەوتی ئاڵوگۆرەکان بەتایبەت لە دۆخی ئێستای ئێران و ناوچەدا پێویستیی ژیانەکیی بە هاوخەباتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکان و تەنانەت لەمەش زیاتر پێویستیی بە پێکهاتنی بەرە یا هاوپەیمانییەکی بەرین لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ ئەم ئامانجەش بەو نەفەسە بەدی نایە کە ئەمیر کەریمی، سەرۆکی پژاک قسەی پێ دەکا و لە سەری دەڕوا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سپاس لە ئەندامان و لایەنگرانی و هەموو ئەو خاوەن قەڵەم و هزرانەی لەو ماوەیەدا بە زمانێکی خاوێن و مەنتیقی سیاسییەوە داکۆکی و بەرگرییان لە ڕەوایی بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات و مێژووی خەبات و سیمبول و بایەخە شۆڕشگێڕییەکانی ئەم حیزبە کردوە، داوا لە ڕێبەریی پژاک دەکا بەڕەسمی لەبارەی قسە و لیدوانەکانی ئەمیر کەریمی، سەرۆکی ئەم حیزبە ڕوونکردنەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بدا.