مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە کاردانەوەکانی سەر بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگی هاوسەرۆکی پارتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا ئەو فایلە دەنگییە هی ١٥ ساڵ بەر لە ئێستایەو هی کاتێکە هێرشێکی زۆری بەربڵاوی نارەوا دەکرایە سەر پژاک، لەکاتێئدا خەباتێکی چڕوپڕیان دەکرد. مەجلیسی پژاک لەگەڵ ئەوەش پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی لایەنەکان دەکات و دووپاتیدەکاتەوە کە هەوڵ بۆ یەکگرتووی بڕیاری کۆنگرەیانە. لێدوانی پژاک سەبارەت بە ڕووداوەکانی دووایی بۆ رای گشتی لە ماوەی رابردوودا هێندێک فایلی دەنگی هاوسەرۆکی پارتیمان کە پانزدە ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراون لە لایەن هێندێ کەسەوە بە ئامانجی تێکدەرانە و ئاڵۆزینانەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەو فایلە دەنگانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک کە هێرشێکی زۆر بەربڵاوی ناڕەوا دەکرا سەر پارتیمان، لە کاتێکدا کە لە ناو خەباتێکی چڕوپڕ و هەمەلایەنەی بێوچاندابووین و هەڤاڵانمان شەهید دەبوون و لە سێدارە دەدران. دیارە کە ئێمە ئەو قۆناغەمان بە تێکۆشانی هەڤاڵان و پشتیوانی لایەنگران و گەلەکەمان تێپەڕاند و سیاسەتی نکۆڵی دژ بە پارتی و نرخەکانی ئێمە شکستی هێنا. بۆیە ئێمە تێپەڕی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و خەبات و هەوڵدان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و یەکڕیزی هێزە کوردییەکان بووین. لە ساڵی ٢٠١٨ وە بە لێدوانێکی فەرمی و سەردانی هەموو لایەنەی سیاسیەکان، هەوڵی ئەوەمان دا کە لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان بۆ دروست کردنی کۆدەنگی و یەکڕیزی، وتارێکی هاوبەش لە نێوان لایەنە جیاوازەکان پێکبهێنین. بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵدایەوە و ئەو کاروخەباتەمان چڕتر کردەوە و دەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵویستی هاوبەشمان نواند. ئەو گەشە و پێشکەوتنانە بووە مایەی دڵخۆشی گەلەکەمان و هۆی بێزاری و تووڕەیی رژێمی کۆماری ئیسلامی و هێندێ لایەنی بەرژەوەندیخواز و هەڵپەرست لە کوردستاندا. بە پێکهاتنی کۆنگرەی حەوتەمی پارتیمان و لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەماندا، هەمان سیاسەتی خەبات لە پێناو یەکڕیزی نەتەوەیی بە شێوازێکی بەهێزتر پەیڕەو کرا و هاوسەرۆکایەتی پارتیمان لە هەموو وتار و بەرنامە و هەڵسوکەوتیاندا بە روونی جەختیان لە سەر ئەم سیاسەتە کردووە و ئەمەش لە بەرچاوی ڕایی گشتی بووە. ئەم سیاسەتە، سیاسەت و هەڵویستی رەسمی پارتیمانە و لەسەر هەمان هێڵ بەردەوامین و لە هەمان چوارچێوە لە چەند مانگی ڕابردووشدا لە دیالۆگی ناوبەری لایانەکاندا ڕۆڵی بەرچاومان گێڕاوە. لەو دۆخە هەستیارەی ئێستادا، یەکڕیزی هێزەکان و یەکێتی نەتەوەیی خواست، داوا و ئاواتی گەلەکەمانە و لەو باوەڕەداین کە سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان دەرفەت و ئیمکانی گەیشتن بەو ئاست و خواستە لە هەموو کاتێک لەبارترە. یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی دەبێتە خاڵێکی بەهێز و متمانەبەخش بۆ گەلەکەمان و پەیامی هاوبەشمان بۆ جیهان. ئێمە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە سوور و پێداگرین و لەو بڕوایەداین کە هەموو لایەنەکانی دیکەش بە هەمان بەرپرسیارێتی هەڵسوکەوت دەکەن. ١٠-١١-٢٠٢٥ مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان