دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری کاتی سوریا کرد، هەردوو لا لەسەر لابردنی سەرجەم گەمارۆکانی سەر سوریا رێککەوتن، هاوکات گفتوگۆ لەسەر زۆر باسی گرنگ و لەهەموویان گرنگتر کردنەوەی بنکەیەکی دیکەی سەربازی ئەمریکا لە ناو خاکی سوریا کرا. ئەمرۆ دووشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ژووری تایبەتی سەرۆک لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئەحمەد شەرع سەرککۆماری کاتی سوریا و وەفدی یاوەری کرد. پێشوازی کۆشکی سپی لە ئەحمەد شەرع لەکاتێکدایە، پێشتر پێنتاگۆن ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ گرتن یان کوشتنی محەمەد جەولانی ئەوکات و ئەحمەد شەرعی ئێستا تەرخان کردبوو، چوونکە جۆلانی و گروپە چەکدارەکەی لە لیستی رەشی تیرۆری ئەمریکا دا بوون. لەگەڵ ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو سەردانەی ئەحمەد شەرعی بە مێژوویی ناوبردووە. لە کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا گفتوگۆی زۆر کراوە، بەپێی زانیارییە دزە پێکراوە، سێ بابەتی سەرەکی لەنێوان هەردوولا باسکراون. بەر لە هەموو شتێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری لەسەر راگرتنی یاسای قەیسەر دەرکردووە، بەپێی ئەو یاسایە گەمارۆی زۆری ئەمریکا لەسەر ئێران لادەچن، لەگەڵ ئەوەش جێبەجێکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە پێویستی بە دەنگی کۆنگرێسە. دوای کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع و رۆبیۆ، سەرۆککۆماری کاتی سوریا کاتژمێر ١١:٣٧ خولەکی پێش نیوەرۆ بەکاتی واشنتن بە شێوەی نهێنی و بەبێ پێشوازی فەرمی چووەن ناو کۆشکی سپی. لەو کۆبوونەوەیەدا بەپێچەوانەی دیدارەکانی دیکەی ژووری (ئۆڤال ئۆفیس) ژووری تایبەتی سەرۆککۆمار لە کۆشکی سپی رێگە بە راگەیاندنەکانیش نەدرا بەشدار بن. لەو کۆبوونەوەیەدا دۆناڵد ترەمپ لەسەرەتادا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر سوریای دووپاتکردەوە، هاوکات دەرهێنانی ئەحمەد شەرع لەلیستی رەشی ئێف بی ئای وڵاتەکەی دووپاتکردەوە. هاوکات بەپێی زانیارییە دزە پێکراوەکان، لەکۆبوونەوەکەدا لەیەک تێگەیشتن لەسەر دوو بابەتی سەرەکی کراوە. تام باراک نێردراوی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ کاروباری سوریا ئاشکرایکردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە نزیک دیمەشق کراوە، بۆ ئەوەی هەماهەنگی مرۆیی بکات و چاودێری گۆرانکارییەکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل بکات. لەکۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامی و بەئەنجام گەیشتنی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و تەلەڤیڤ کراوە، بۆ ئەوەی هەردوو وڵات جگە لە واژۆ کردنی رێککەوتنێک، زەمینەش بۆ هاتنی سوریای ئەحمەد شەرع بۆ ناو رێککەوتنی ئابراهام لەگەڵ ئیسرائیل برەخسێنێت.