ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات و دەڵێ ئێران زیاتر لە پێنج مانگە رێگەی چاودێری و پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی نەداوەو دەڵێ ئێمە نازانین لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران چی دەگوزەرێ. رافائێل گروسی سکرتێری ئەژانسی نێودوڵەتی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە لە دوو راپۆرتی نوێی خۆیدا رایگەیاند:" ئەژانس ماوەی ٥ مانگە ئاگاداری چاڵاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نیەو ئەوەش بەو مانایە دێت کە پرۆسەی چاودێری و پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان زۆر دوا کەوتووە." لە راپۆرتەکانی ئەژانسدا هاتووە، دەستپێکردنەوەی چاودێریکردنەکان "چارەنووسسازە". لەگەڵ ئەوەش لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمیانەی کردووە، کە لە ماوەی شەڕی ١٢ رۆژەدا هێرشیان نەکرابووەسەر یان زیانیان بەر نەکەوتبوو. رافائێل گروسی لە راپۆرتەکەی ئەمرۆیدا ئاشکرایکردووە، کە ئێستا ئامارێکی نوێیان لە رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نیە. لە دوا راپۆرتی پێش شەڕی ١٢ رۆژەی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم-دا ئاماژە بەوە کرابوو، ئێران ٩ هەزارو ٨٧٤ کیلۆ یۆرانیۆمی هەبووە، هاوکات زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمی هەبووە کە بەرێژەی سەروو ٦٠ لەسەد پیتێندراوە. بەرای ئەژانس ئێستا دەکرێ رێژەو ئامارەکان گۆرانکاریان بەسەردا هاتبێت، بەڵام جارێ رێژەو ئاماری نوێیان لەبەردەستدا نیە. بەپێی لێکدانەوەکانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە پێش شەڕی ١٢ رۆژە بڵاوکرابوویەوە، ئێران ٤٤٠ کیلۆو ٩٠٠ گرام یۆرانیۆمی پێتێندراوی ٦٠ لەسەدی لە چوارچێوەی هێگزا فڵۆریدا ئۆرانیۆم (UF6) هەیە، بەمشێوەیە ئەگەر رێژەی پیتاندنە زیاد بکات، ئێستا ئێران بەشی درووستکردنی ١٠ بۆمبی ئەتۆم یۆرانیۆمی هەیە.