سەرچاوەکان: نیوزویک، ئاسۆشیتێدپرێس، هەواڵدەری فەرانسە وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ لە دوای شەڕی ١٢ رۆژە هیچ یۆرانیۆمێکیان نەپیتاندووە، ئەوە ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیگەرانەو رایگەیاندووە لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هیچ چاودێرییەکیان بەسەر چاڵاکییە ئەتۆمییەکانی تاران نەماوە. ئەو لێدوانەی عێراقچی بۆ گرنگە؟ واشنتن لە مانگی ژوئەن-دا ئەمریکا چەندین بنکەی ئەتۆمی ئێرانی کردە ئامانج، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند توانای ئەتۆمی ئێرانیان لە ناوبردووەو بەشاخ و باڵی ئەو ئۆپەراسیۆنەیدا هەڵکوت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئورووپاییەکان، ئیسرائیل و ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆچوونێکی دیکەیان هەیەو هەر یەکەو بە شێوەو لە کاتی جیاوازدا نیگەرانییەکانی خۆیان لەسەر گەشبینییەکەی ترەمپ نەشاردووەتەوە. جگە لەوەی رێژەی زیانەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و فۆردۆ تاکوو ئێستا نەزانراوە، هاوکات چارەنووسی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی ٦٠ لەسەد پیتێندراویش دیار نیە. لە پێش و دوای شەڕی ١٢ رۆژە داوا و مەرجی رۆژئاواییەکان و بەتایبەت ئیسرائیل و ئەمریکا ئەوە بووە، کە ئێران نابێ چیتر بیر لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە. ئەگەرچی بەرپرسانی باڵای ئێران و بەتایبەت رێبەری ئەو وڵاتە ئەوەی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئەو لێدوانەی عێراقچی هەڵوێست یان زانیارییەکی نوێیە. بەڵام ئەوەی دەبێ بیزانین؟ دەقی قسەکانی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەم شێوەیە بووە:" ئێستا هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لەو بنکە ئەتۆمیانە ناکرێت، چوونکە ئەو بنکانەی کە پیتاندنیان تێدا دەکرا، هێرشیان کراوەتە سەر و کارکردن تێیاندا تاکوو ئێستاش مەترسیدارە." ئەوە لێدوانەی عێراقچی دوای لێدوانەکەی رافائێل گروسی سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دێت کە بە هەواڵدەری فەرانسەی راگەیاندبوو، لەدوای شەڕی ١٢ رۆژە هیچ چاودێرییەکیان بەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا نەماوە، گروسی هۆشداری ئەوەی دابوو کە ئەو رێژە یۆرانیۆمەی ئێستا ئێران هەیەتی و ئەگەر پەرەی پێ بدات، بەشی دروستکردنی ١٠ بۆمبی ئەتۆم دەکات. هاوکات لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەر لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە، ئەو ئەنجوومەنە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجام دەدات، ئەمجارەش سێ وڵاتی ئورووپایی (فەرانسە، بەریتانیا، ئاڵمان) دەیانەوێ رەشنووسێک ئامادە بکەن و دەنگی بۆ وەربگرن، کە تێیدا جارێکیتر پێشێڵکارییەکانی ئێران دووپات بکەنەوە. هۆکارەکەش دیارنەبوونی چارەنووسی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمەکەو هاوکاری نەکردنی تاران لەگەڵ ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە. گرنگی ئەو لێدوانانە و هاوکات کۆبوونەوەی کۆتایی هەفتەی ئەنجوومەنی بڕیاردەران کاتێک دەردەکەوێت کە ئاورێک لە دەستپێکی شەڕی ١٢ رۆژە بدەینەوە. چەند رۆژ بەر لە دەستپێکی شەڕەکە، ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران پەیمانی ئێن پی تی بۆ رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی پێشێڵکردووە، ئەوەش وەکوو بەڵگەیەکی بەهێز کەوتە بەردەستی ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بۆ ئەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوردوومان بکەن. هەر ئەوکات بەرپرسانی باڵای ئێران رافائێل گروسیان بەوە تۆمەتبار کرد، کە نەیتوانیوە دۆخەکە بەرێوەببات و بە یەکێک لە هۆکارەکانی هێرش کردنە سەر ئێران ناویان برد.