دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڕەشەی لە ئۆکراین کردووەو داوای لێکردووە، هەتا پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو ئەگەر رەشنووسی ئاشتی ئەمریکا واژۆ نەکات، سەرجەم یارمەتییە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین دەوەستێنن. هەواڵدەری رۆیتێرز و ماڵپەری واشنتن پۆست ئاشکرایانکردووە، گوشارەکانی ئەمجارەی ئەمریکا بۆ سەر ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین لەهەموو کات زیاترن، بۆ ئەوەی رەشنووسی رێککەوتنە ئامادەکراوەکەی کۆشکی سپی واژۆ بکات. رۆژی پێنجشەممە، دێنیل دیسرۆڵ وەزیری سوپای ئەمریکا، نوسخەیەکی لە پرۆژەی ٢٨ مادەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەشەری ئۆکراین و رووسیای بە زێڵنسکی داوە. رەشنووسی پرۆژەکە پێشتر لەلایەن ستیڤ ویتکاف نوێنەری ئەمریکا و نێردراوی رووسیا ئامادە کرابوو. وڵاتانی رۆژئاوایی پێیانوایە رەشنووسی ئەو پرۆژەیە لە قازانجی رووسیا دایە. کارولین لویت گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ماوەی یەک مانگە ویتکاف و مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەبێ دەنگی کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکەن. دەقی پرۆژە ٢٨ خاڵییەکەی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕی ئۆکراین و رووسیا کە هەواڵدەری فەرانسە بڵاویکردووەتەوە: ١- سەروەری ئۆکراین پارێزراو دەبێت. ٢- رێککەوتنێکی کامڵ لەنێوان رووسیا، ئۆکراین و ئورووپا واژۆ دەکرێت و کۆتایی بە سەرجەم ئاڵۆزییەکانی ٣٠ ساڵی رابردوو دەهێندرێت. ٣- رووسیا هێرش بۆ وڵاتانی دراوسێ نەکات و ناتۆش چیتر پەرە نەستێنێ. ٤- ئۆکراین گرەنتی ئەمنییەتی و جێ متمانە وەردەگرێت. ٥- ژمارەی چەکدارانی ئۆکراین نابێ لە ٦٠٠ هەزار کەس تێپەر بکات. ٦- گفتوگۆ لەنێوان رووسیە و ناتۆ بە نێوەندگیری ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئەمنییەتی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەستپێدەکات. ٧- ئۆکراین لە یاسایی بنەڕەتیدا دەیچەسپێنێ کە ئۆکراین نابێتە ئەندامی ناتۆ، هاوکات ناتۆش دەستکاری پێرەوی خۆی دەکات، بۆ ئەوەی ئۆکراین لە داهاتوودا وەرنەگرێت. ٨- ناتۆ هێز لەناو ئۆکراین جێگیر ناکات. ٩- فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئورووپا لە لەهستان جێگیر دەبن. ١٠- ئەمریکا لەبەرامبەر گرەنتی ئەمنیەتیدا غەرامەت وەردەگرێت. ئەگەر ئۆکراین هێرش بکاتە سەر رووسیا، گرەنتییەکە نامێنێ. ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراین، لەگەڵ وەڵامی سەربازی، سەرجەم گەمارۆکان دەگەرێنەوەو سەرجەم ئیمتیازەکانی رێککەوتنەکەش هەڵدەوەشێنتەوە. ١١- ئۆکراین دەتوانێ ببێتە بەربژێری ئەندامبوون لە یەکێتی ئورووپا و هەتا بەفەرمی دەبێتە ئەندام، دەتوانێ دەستی بە بازاری ئورووپا رابگات. ١٢- بەستەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بونیادنانەوەی ئۆکراین دادەرێژرێت. ئەو بەستە درووستکردنی سندووقێکی گەشە بۆ ئۆکراین، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وزە، بونیادنانەوەی ناوچە شەڕ لێدراوەکان، گەشەی ژێرخانی نوێ و دەستپێکردنەوەی دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان و پشتیوانی تایبەتی بانکی جیهانی لەخۆی دەگرێت. ١٣- جارێکیتر رووسیا دەگەرێتەوە ناو ئابووری جیهان، بەدواداچوون بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر رووسیا دەکرێت، رووسیا جارێکیتر دەچێتەوە ناو گروپی جی هەشت و رێککەوتنێکی درێژخایەنی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکات. ١٤- ١٠٠ میلیارد دۆلار لە پارەی بڵۆکەکراوی رووسیا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆکراین تەرخان دەکرێت و ئەمریکا ٥٠ لەسەدی سوودەکەی وەردەگرێت. ١٥- گروپێکی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و رووسیا بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنەکە پێکدێت. ١٦- رووسیا یاسای دەسترێژیکردنە سەر ئورووپا و ئۆکراین پەسەند دەکات. ١٧- ئەمریکا و رووسیا رێککەوتنی رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم و لەناویاندا ستارت یەک درێژ دەکەنەوە. ١٨- ئۆکراین بەپێی رێککەوتنی رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم، وەکوو وڵاتێکی غەیرە ئەتۆمی دەمێنێتەوە. ١٩- وێستگەی ئەتۆمی زاپوریژیا لەژێر چاودێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستبەکار دەکاتەوەو کارەبای بەرهەمهێنراویش بەشێوەی هاوبەش لەنێوان رووسیا و ئۆکراین دابەش دەکرێت. ٢٠- هەردوو وڵات پرۆژەی راهێنان و پەروەردە لە قوتابخانە و کۆمەڵگە بۆ بڕەودان بە لەیەک تێگەیشتن و بەیەکەوە هەڵکردن جێبەجێ بکەن. ٢١- کریمە، لوهانسک و دونتسک بە شێوەی دوفاکتۆ (ئەمری واقیع) لە کۆنترۆڵی رووسیا دا دەمێننەوەو ئەمریکا دانی پێدا دەنێ. هێرسۆن و زاپوریژیا وەکوو ناوچەی (Frozen line)، واتە ناوچەیەک کە وەکوو ئەمری واقیع دەچەسپێت و هیچ یەک لە لایەنەکان نە پاشەکشێ دەکەن و نە پێشرەوی زیاتر ناکەن. رووسیا لە ناوچەکانی دیکە پاشەکشێ دەکات، ئۆکراین لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە دۆنتسک پاشەکشێ دەکات و ناوچەکە دەبێتە سنووری هەردوولا. ٢٢- رووسیا و ئۆکراین پابەند دەبن کە دەستکاری سنوورەکان نەکەنەوە، بەپێچەوانە گرەنتییەکانی پاراستنی رێککەوتنەکە بێ کاریگەر دەبن. ٢٣- رووسیا رێگری لە ئۆکراین ناکات رووباری دنیپێر بۆ بازرگانی بەکاربهێنێت، رێککەوتنی دیکەش لەسەر هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەش ئەنجام دەدرێت. ٢٤- کۆمیتەیەکی مافی مرۆڤ بۆ ئاڵوگۆری بەندکراوان، گەراندنەوەی تەرمەکان، ئازادکردنی بارمتەکان و پرۆژەی تێکەڵکردنەوەی بنەماڵە پێکدەهێندرێت. ٢٥- ئۆکراین لە ماوەی ١٠٠ رۆژ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. ٢٦- هەموو لایەنەکانی لێبوردنی گشتی وەردەگرن، بەڵێن دەدەن کە هیچ سکاڵایەکیان لە داهاتوودا لەسەر یەکتر نەبێت. ٢٧- ئەو رێککەوتنە دەبێ جێبەجێ بکرێن، ئەنجوومەنی ئاشتی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ چاودێری دەکات. پێشێڵکردنی رێککەوتنە بە گەمارۆدان وەڵام دەدرێتەوە. ٢٨- دوای قبووڵکردنی پرۆژەکە لەلایەن هەردوولا، دەستبەجێ ئاگربەست رادەگەیەندرێت و هێزەکانی هەردوولا دەگەرێنەوە ئەو خاڵانەی کە لەسەری رێککەوتوون. سەبارەت بە کاردانەوەکانیش ئورووپاییەکان رایانگەیاندووە، هەر رێککەوتنێک دەبێ بەرژەوەندییەکانی ئۆکراین و ئورووپا لەبەرچاو بگرێت و هەر جۆرە رێگە چارەیەک بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی ئۆکراین و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێت. هاوکات ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاندووە، ئەگەر ئۆکراین ئەو پرۆژەیە قبووڵ نەکات، لە سەرجەم یارمەتییە سەربازییەکان و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بێبەش دەکرێت.