راپۆرتی تایبەت: رۆژهەڵات نیوز دیاردەیەکی نامۆیە، بەڵام ئیتر بڤە نەماوە. پێشتر دەشاردرایەوە، بەڵام ئێستا وەکوو شێوەژیانیش باس دەکرێت. هێندە زۆر بووە، ئیتر ئێستا کەمتر باسی هاوسەرگیری سپی دەکرێت، چوونکە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە هەتا رادەیەک ئاسایی بووەتەوە، هەربۆیە ئێستا زۆرتر باس لەو شێوازە هاوسەرگیرییە دەکرێت. هێندە زۆر بووە، کاریگەری لەسەر ئەدەبیاتی رۆژانەی خەڵکیش داناوە. ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەگەرچی بەرێژە کەمترە و هێشتاش بەراورد بە شارە گەورەکانی ئێران کەمترە، بەڵام ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە روودەدات، رۆژانەش لە ئاخافتنی رۆژانەدا بەر گوێ دەکەوێت. لە ئەدەبیاتی رۆژانەدا بە "شوگر دەدی" و "شوگر مامی" ناسراوە. سادەترین پێناسەی هاوسەرگیرییەکە کە تەمەنی یەکێک لەلایەنەکان جیاوازییەکی زۆر بەرچاوی هەیە. بەڵآم ئەوە هەموو چیرۆکەکە نیە. دکتور س.ر کۆمەڵناسی کورد لە سنە بەمشێوەیە بۆ رۆژهەڵات نیوز روونیکردەوە:" جۆرێک لە پەیوەندی سۆزداری-ئابوورییە، لایەنێک توانای ئابووری زیاتری هەیەو لەبەرامبەر سۆز و سێکس و هەندێک کات خۆشەویستیش توانا ئابوورییەکەی بەکاردەهێنێت." ئەو کۆمەڵناسە پێیوایە هەردوولا لەناوخیاندا هەست بەوە دەکەن پەیوەندییەکە نامۆیە، بەڵام دۆخە ئابوورییەکە وا دەکات، هیچیان بەرووی خۆیان نەهێنن. یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٨ لە ئەمریکا و بەدیاریکراوی لە نیۆیۆرک و سان فرانس سیسکۆ دەستەواژەی شوگر دەدی (Sugar Daddy) هاتە ئاراوە. (Sugar) وەکوو نیمادی سەروەت، خۆشگوزەرانی و دیاریی دێت. (Daddy) وەکوو هێمای پیاوێکی بەتەمەن دێت. کەوایە ئەوکاتی ئەمریکا دۆخی ئابووری خراپ بوو، پیاوێکی دەوڵەمەند و بەتەمەن لەپای دابینکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی کەم تەمەنتر دەکرد، یان ژنێکی کەم تەمەن هەوڵی دەدا هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەن بەڵام دەوڵەمەند بکات. ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە رێژەی شوگر دەدی و شوگر مامی-یەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەگشتی ئێران لەبەردەستدا نیە. دکتور س.ر هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە ئەگەر بەفەرمیش بێ لەناوەندی ئامار بڵاوناکرێتەوە، هاوکات بەشێکی لە دەرەوەی کوردستان و لە شارە گەورەکانی ئێران هەر دۆستایەتی و پەیوەندییەکی نافەرمییە، لەهەندێک حاڵەتیشدا بە خوێندنەوەی سیغەیەک فەرمییەتی پێ دەدرێت. لەگەڵ ئەوەش باس و خواستی شوگر دەدی و شوگر مامی لە شارە گەورەکانی ئێران زۆر و لە کوردستانیش باسکردنی ئیتر نامۆ و بڤەش نیە. م.س چاڵاکوانی بواری ژنان لە ئورمییە هۆکاری ئاسایی بوونەوەی ئەو جۆرە پەیوەندییە سۆزدارییە بۆ هەبوونی قەیرانێکی قووڵی ئابووری دەگەرێنێتەوە، بە رای ئەو چاڵاکوانە گوشاری ئابووری، بێکاری و تێچوونی زۆری دابینکردنی خانوو و تێچووی زۆر بۆ خوێندن وایکردووە، لاوەکان وەکوو ستراتیژی مانەوە کەڵک لەو شێوازە پەیوەندییە وەربگرن. لەگەڵ ئەوەش گۆرانکاری لە شێوە ژیانی خەڵک و لەژێر کاریگەری سۆشیاڵ میدیاش هۆکارێکی دیکەیە. لاوان لەژێر ئەو کاریگەرییە بەرەو پەیوەندییەکی سۆزداری لەسەر بنەمای وەگرتنی دیارییەکی بەبەها یان گەشتوگوزاری دەرەوەی وڵات دەرۆن. مەترسییەکی پەیوەندی سۆزداری شۆگری بە کاڵاکردنی جەستەی هەردوو رەگەزەکەیە، دکتور س.ر کۆمەڵناس لەسەر بنەمای لانیکەم پێنج نموونە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە توێژینەوەی لەسەر کردوون، بۆ رۆژهەڵات نیوزی روونکردەوە، کە لەهەر پێنج حاڵەتەکەدا جیاوازی تەمەن و دەوڵەمەندبوونی لایەنێکی پەیوەندییەکە جۆرێک لە گرێدراوی ئینتزاعی سۆزداری درووستدەکات، لەو حاڵەتەدا ئەگەرچی پەیوەندییەکە بەرێککەوتنی هەردوولایەو بەرووکەش کەیفخۆشیش دەکەونە بەرچاو، بەڵام لەراستیدا هەردوولا دۆخێکی دەروونی شڵەژاویان هەیەو هەندێک کات باج وەرگرتنی سۆزداری لایەنێکیشی لێدەکەوێتەوە. ئەو کۆمەڵناسە پێیوایە، پەیوەندی شۆگری بۆ ژنانی کوردستان و بەگشتی بۆ ژنانی کۆمەڵگەیەک کە ئایین و نەریت تێیدا باڵادەستبووە، وەبیرهێنانەوەیەکی تراژیکی دیکەیە بۆ ژنان. بە باوەری دکتور س.ر ئێستا شۆگر دەدی جۆرێک لە شێوەژیانە کە قەیرانی ئابووری لەلایەک و لایڤ ستایڵ و جۆرێک چاوڵێکەری سەپاندوویەتی، بەڵام پێشتریش ئایین و نەریت و زۆرداری کۆمەڵگەی پیاوساڵاری بەشێوەیەکی دیکە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەی بەسەر کچاندا دەسەپاند، بەجۆرێک بەر لە هاتنی پەیوەندی شوگر دەدی، کچانی کەم تەمەن بە پاساوی ئایینی و نەریتی بەزۆری دەدرانە ئەو پیاوانەی کە تەمەنیان زۆر زیاتر بووە. بەرای ئەو کۆمەڵناسە ئەوان چەندین جار زیاتر زوڵم-یان لێدەکرا، چوونکە هەڵبژاردەی خۆیانی تێدا نەبووەو کچانی کەم تەمەن زۆرتر وەکوو هەدیە و کاڵا دەدران، بەڵام لە شوگرەکانی ئێستا بۆ هەردوو رەگەز وەرگرتنی دیارییەکە کە لەحاڵەتی ئاساییدا ناتوانن بە ئاسانی بەدەستی بهێنن. لەگەڵ هەموو ئەوانە، ئەگەر پێشتر ئایین و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دۆخێکیان درووست دەکرد کە کچانی کەم تەمەن ناچار بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ پیاوانێک بکەن کە تەمەنیان زۆر زیاترە. ئێستا لە پەیوەندی شۆگری-دا ئەگەرچی رێککەوتنی رووکەشی هەردوولای تێدایە، بەڵام لێرەش شێوەژیانی باو و قەیرانی ئابووری دەبێتە هۆی ئەو پەیوەندییە، لەهەردووکیاندا هەست وجوودی نیە، لەیەکیاندا هەست دەکوژرێت، لەوەی دووەمدا پێی لەسەر دادەنرێت.