هێزی دەریاییی مالیزیا ڕای گەیاندووە: لە سنووری دەریاییی ئەو وڵاتە دوو نەوتهەڵگری ئێران کە گومانی گواستنەوەی نایاسایی و قاچاخی نەوتیان لێ کراوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دوو نەوتهەڵگری نەوتی خاو بە بڕی زیاتر لە ۵١٢ میلیۆن ڕینگیتی مالیزیا کە دەکاتە ١٢٩.٩ میلیۆن دۆلار، لە ٢٤ مایلیی دەریاییی باکووری ڕۆژاوای "موکاهێد"ی دووڕگەی پینانگ، لەلایەن هێزی دەریاییی مالیزیاوە دەستیان بەسەر گیراوە.
تیمە کاپتنییەکانی ئەو نەوتهەڵگرانە کە ۵٣ کەس و هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی ئێران، چین، میانمار، پاکستان و هیندستان بوون، لەلایەن هێزی دەریاییی مالیزیا دەستبەسەر کراون و ڕادەستی لایەنی پێوەندیداری ئەو وڵاتە لە دووڕگەی پینانگ کراون.
سەرەڕای ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی "ڕۆیتێرز"دا ئاماژەی بەوە نەکراوە کە ئەو نەوتهەڵگرانە نەوتی ئێرانیان پێ بووە یان نەوتهەڵگری ئێران بن، بەڵام ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووە؛ کەچی تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ بەرپرس و کاربەدەستێکی ڕێژیم ئەو هەواڵەیان ڕەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەم بارەیەوە ڕاگەیاندن و هەواڵدەرییەکانی مالیزیا، بەیاننامەیەکی محەممەد سۆفی محەممەد ڕەملی، بەڕێوەبەری بەشی دەریاییی دووڕگەی پینانگیان بڵاو کردووەتەوە و لەو بەیاننامەیەدا وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ئەو بەرپرسە ڕای گەیاندووە: لە کاتێکدا ئەم دوو نەوتهەڵگرە بە شێوەی نایاسایی و قاچاخ نەوتیان گواستووەتەوە و لە کاتی گواستنەوەی نەوتەکە لە یەکیانەوە بۆ ئەوی دیکەیان، لەلایەن هێزی دەریاییی مالیزیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەروەها محەممەد سۆفی ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهای ئەو نەوتە خاوەی دەستی بەسەردا گیراوە، زیاتر لە ۵١٢ میلیۆن ڕینگتە کە دەکاتە نزیکەی ١٢٩.٩ میلیۆن دۆلار، هاوکات بەهای هەرکام لەو دوو نەوتهەڵگرە ٧١٨ میلیۆن ڕینگتە کە دەکاتە نزیکەی ١٨٢.١ میلیۆن دۆلار.
بەگوێڕەی زانیارییەکانی ڕۆیتێرز، تیمە کاپتنەکانی ئەو نەوتهەڵگرانە بەهۆی ئەوەی کە بەبێ ڕێپێدانی یاسایی و مۆڵەتی دەریایی لە سنووری دەریاییی مالیزیا لەنگەریان خستووە، بڕی ١٠٠ هەزار ڕینگیت سزای پێبژاردن و هەروەها بەهۆی گواستنەوەی نەوتی قاچاخ و نایاسایی لە یەکیانەوە بۆ ئەوی دیکەیان، بڕی ٢٠٠ هەزار ڕینگیت سزای پێبژاردن، کە هەردووکیان پێکەوە دەکاتە ٣٠٠ هەزار ڕینگیت بەرانبەر بە ٧٦.١١ هەزار دۆلار، بەسەریاندا سەپاوە.
شایانی باسە کە پاش سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا، ئەمە یەکەم جار نییە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی نایاسایی و قاجاخ نەوت دەفرۆشێت و پێشتریش چەند جارێکی تر لەلایەن وڵاتانی بریتانیا لە ساڵی ٢٧١٩، یۆنان لە ساڵی ٢٧٢٢، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەندۆنێزیا ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، دەستیان بەسەر چەندان نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێراندا گرتووە. ئەو نەوتهەڵگرەی ڕێژیم کە لەلایەن ئەندۆنێزیاوە دەستی بەسەردا گیراوە ناوی "ئارمان ١١٤" بووە و هاوشێوەی ئەم دوو نەوتهەڵگرە، لە سنووری دەریاییی وڵاتی ئەندۆنێزیا و لە کاتی گوستنەوەی ١٦٧ هەزار تۆن نەوت بە نایاسایی و قاچاخ بۆ نەوتهەڵگرێکیت دیکە، لەلایەن هێزی دەریاییی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە.