چەند ڕۆژ دوای بڕیارەکەی یەکیەتیی ئورووپا کە سپای پاسدارانی خستە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئوکرانیش بڕیارێکی هاوشێوەی داوە و سپای پاسدارانی ئێرانی خستووەتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
ڤۆلۆدیمر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری وڵاتی ئوکراین لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆی، وێڕای ئاماژەدان یارمەتی و هاوکاریی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووسیە و بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو ڕێژیمە لە شەڕی نێوان ڕووسیە و ئوکراین، ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی بڕیارێکی هاوشێوەی بڕیارەکەی یەکیەتیی ئورووپای داوە و سپای پاسدارانی ئێرانی خستووەتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
دەقی پۆستەکەی زێلێنسکی بەو شێوەیە:
هەموو جیهان ئاگاداری ئەو ڕووداوانەن کە لە ئێران ڕوو دەدەن، بەتایبەت کوشتنی بەرفراوانی خەڵک و ئەوەش کە چۆن ڕێژیمی ئێران پارە و تێچوویەکی زۆری بۆ پەرەپێدانی شەڕ و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە و جیهاندا سەرمایەگوزاری دەکات.
ئوکراین هیچ کام لەو هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە "شاهێد"ەی کە شار و گوندەکان و خەڵکی ئێمەیان پێ دەکرانە ئامانج، لەبیر نەکردووە.
ئێمە ئاگادارین کە لەسەر پرسی ئێران، وڵاتانی دیکەی ئورووپا، واتە ئەو ئورووپایییانەی کە خوازیاری بەشداریی چالاکتر و هەڵوێستێکی ڕوونتر بوون، هەروەها خودی ئێرانییەکانیش، دەنگی ئوکراینیان بیستووە.
لە ڕاستیدا یەکیەتیی ئورووپا ڕێک کەوتووە لەسەر ئەو بڕیارەی کە یەکێک لە ڕێکخراوە گرنگەکانی ڕێژیمی ئێران، واتە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، وەک ڕێکخراوێکی بناسێنێت و بخرێتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
ئێمەش لە ئوکراین بڕیارێکی هاوشێوەمان داوە و ئەو ڕێکخراوەمان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە و خستووەتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. بۆ ئێمە ئەمە کۆتایی نییە؛ دەبێت هەموو تیرۆریستەکانی جیهان ئیدانە بکرێن و سزایان بدرێن - هیچ کامیان نابێت سەر بکەون.