لە وڵاتی ئاڵمان کۆڕێکی تایبەت بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی بەڵگەنامەییی "ڕاپەڕینی ژینا" بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢۵ (٢١ی فێبرێواریی ٢٠٢٦)، لە شاری "نورێنبێرگ"ی وڵاتی ئاڵمان، کۆڕێکی تایبەت بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی "ڕاپەڕینی ژینا" (Jina Uprisin)، بە بەشداریی هەندێک لە ئەندامانی تیمی بەڕێوەبەریی ئەم پڕۆژەیە، کۆمەڵێک لە برینداران و قوربانییانی ڕاپەڕینی ژینا کە هەنووکه لە ئورووپا دەژین، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ئامادەکاری کتێبەکە، کەسایەتییە کوردستانی و بیانییەکان و کوردستانییانی تاراوگە، بەڕێوە دەچێت.
لەو کۆڕەدا وێڕای پەیامی تیمی بەڕێوەبەریی پڕۆژەی ئەم کتێبە و پەیامی ڕێکخراوەکانی ئامادەکاری کتێبەکە، بریندارانی بەشداربووی کۆڕەکە، لەسەر ئەزموونەکانی خۆیان لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا، قسە و وتاری خۆیان پێشکەش دەکەن.
شایانی باسە کە، کتێبی "ڕاپەڕینی ژینا"، کتێبێکی بەڵگەنامەیییە کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی، ئاڵمانی، ئیتالیایی و فەرانسەیی، لەسەر ڕووداوەکان و تاوانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا، لەلایەن ڕێکخراوەکانی ناوەندی چوارباخ، ڕۆژڵات نیوز، ڕێکخراوی جیهانی کورد، کوردستان تریبووناڵ، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و کوردیش گێمایندە دویچلەند (کۆمەڵگەی کوردی لە ئاڵمان) ئامادە کراوە.
ئەم کتێبە لەو بەڵگە و ئامار و زانیارییە پێوەندارانەی ڕاپەڕینی ژینا ئامادە کراوە کە لە بەردەستدا بوون یان مەجالی دەستپێڕاگەیشتن پێیان هەبووە، وەک: ژیاننامەی شەهید ژینا ئەمینی، ئامار و زانیاریی شەهیدان، ئامار و زانیاریی بریندارەکان، بەشێک لە بەڵگەوێنەی تاوانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، خۆپیشاندانەکانی کوردستانییانی تاراوگە و ... ئامانجی ئەم پرۆژەیە پاراستنی یادەوەری، ئاگادارکردنەوە و گەیاندنی دەنگی قوربانییان بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییە.