29 . ڕێبەندان . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

ئەمرۆش هاوپەیمانییەکە رانەگەیاندرا-دوو لایەن نایانهەوێ واژۆی بکەن

ئەمرۆش هاوپەیمانییەکە رانەگەیاندرا-دوو لایەن نایانهەوێ واژۆی بکەن
23 . ڕێبەندان . 2725

راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز
لەکۆبوونەوەی لوتکەی ٧ لایەنی ناوەندی دیالۆگ-دا، پلاتفۆرمی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات واژۆ نەکرا، دوو لایەن ئامادە نین، واژۆی بکەن و چەند رۆژێکی دیکەش بۆ دوا بڕیار کات دیاری کراوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٣ی رێبەندان حەوت لایەنی ناوەندی دیالۆگ لە ئاستی کەسی یەکەمدا کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لە سەر واژۆکردنی پلاتفۆرمی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بدەن. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، ئەمرۆش پلاتفۆرمەکە واژۆ نەکراوە، چوونکە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئامادە نەبوون، پلاتفۆرمەکە واژۆ بکەن.

پێشتر لە رۆژهەڵات نیوز ئاشکرایکردبوو، کە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەکۆبوونەوەی پێشوودا رایگەیاندبوو ئەگەر سەرەتا لەسەر بنەما ستراتیژییەکان رێکنەکەون، پلاتفۆرمی هاوپەیمانییەکە واژۆ ناکەن، هاوکات کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش رایگەیاندووە کە ئەوان ئامادە نین، بچنە ناو هاوپەیمانییەکە.

لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی ناوەندی دیالۆگ-دا مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، رەزا کەعبی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سەید برایم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و بابە شێخ حوسێنی سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەشدار بوونە.

هاوکات رۆژهەڵات نیوز زانیویەتی، واژۆکردنی پلاتفۆرمی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چەند رۆژێک کە لە ١٠ رۆژ زیاتر نەبێت، دواخراوە. بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەردەوام بن، چوونکە لایەنی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دوا بڕیاری داوەو بەشداری ئەو هاوپەیمانییە نابێت.