16 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

کۆنگرەی ئازادی ئێران، تەنیا بۆ دیالۆگە و بڕیاری تێدا نادرێت

کۆنگرەی ئازادی ئێران، تەنیا بۆ دیالۆگە و بڕیاری تێدا نادرێت
1 . خاکەلێوە . 2726

ئەکاونتێک بەناوی کۆنگرەی ئازادی ئێران، ناوی ناوی کەسانێکی بەناوی "شورای هماهنگی کنگره آزادی ایران" بڵاوکردەوەو لەنێویاندا خالید عەزیزی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ناهید بەهمەنی لە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی تێدابوو. سەرچاوەیەکیش دەڵێ ئەو کۆنگرەیە تەنیا بۆ دیاڵۆگەو رەخنەیان لەشێوازی بڵاوکردنەوەی ناوەکان گرتووە.

رۆژی هەینی ٢٩ی رەشەممە (٢٠-ی مارس)، کۆنگرەی ئازادی ئێران، ناوی ئەندامانی "شورای هماهنگی کنگره آزادی ایران" بڵاوکردەوە. ئەندامەکان ٣٠ کەسن و کەسایەتی جیاوازی ئێرانی تێدایە، کە دیارترینەکانیان بڕیتینە لە :" شەهریار ئاهی، رەزا عەلیجانی، حوسێن رەزاق، موحسین مەخمەلباف، موحسین سازگارا، نەدا سوڵتانی و مێهرداد خانساری و …"، هاوکات نوێنەری نەتەوەکانی دیکەش چەند کەسێکی وەکوو ناسر بۆلیدەیی و یونس شاملی بەشدارن. لەناو کوردەکانیش لەو لیستەی لە ئەکاونتی ئیکسی ئەو کۆنگرەیە بڵاوکراوەتەوە، ناوی خالید عەزیزی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ناهید بەهمەنی لە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەبینرێت.

ئەو شۆرایە لە کەسانی جیاواز و هەتا رادەیەک بەپێشینەی دژبەیەک پێکهاتووە، شەهریار ئاهی کە چەند ساڵ بەر لەئێستا لە کەسە یەکەمەکانی دەفتەری رەزا پەهلەوی بوو، هەتا دەگاتە موحسین سازگارا و موحسین مەخمەلباف کە هەردووکیان پێشتر لە ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسیارییەتی ئەمنیان هەبووە. تەنانەت کەسێکی وەکوو حوسێن رەزاق کە تەنیا چەند مانگێکە لەئێران چووەتەدەر و بە لایەنگری موسەوی و وێژمانی گوزاری بزوتنەوەی سەوز دەناسرێت. هەموویان خۆیان بە کۆماریخواز دەناسێنن.

لەماڵپەرەکەیاندا ئەو کۆنگرەیە باسی لە ئامانجەکانی کردووە، ئەوان دەلێن دەیانهەوێ کاریگەری و بەشدارییەکی ئاشکرایان لە قۆناغی گوزار لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، نایانهەوێ قۆناغی دوایی کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆی پشتی پەردە یان دەستێوەردانی دەرەکی تێدا بێت.
ئامانجێکی دیکەیان ئاوا پێناسە کردووە:" فڕەیی بە فەرمی دەناسین و دەروونی دەکەین، بەفەرمی ناساندنی دەنگی جیاواز و گرەنتیکردنی مافی مەدەنی و سیاسیی بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شکستخواردووی ١٣٥٧ بگرین."
هاوکات باس لەوە دەکەن، دەیانهەوێ چوارچێوەیەکی کرداری بۆ بڕیاردان دابنێن، بۆ ئەوەی بتوانێ رێنوێنی قۆناغی گوزار و رێکاری حوکمڕانی بکات.

هاوکات بەرێوەبەرانی ئەو کۆنگرەیە دەلێن، ئەوان ناوەند یان ئۆرگانێکی حکومەت نیە، تەنیا دەستپێشخەرییەکی مەدەنییە بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسیی لە قۆناغی قەیراندا. لەپێناسەی خۆیاندا دەلێن، کۆنگرەی ئازادی ئێران شوێنی بڕیاردان یان ناوبژیوانی سیاسیی کۆتایی نیە، تەنیا زەمینەیەکە بۆ گفتوگۆی کردارەکەی، بەیەک گەیشتنی ئیدەکان و راهێنان بۆ بڕیاردانی بە کۆمەڵە. کۆنگرەی ئازادی ئێران لەماڵپەرەکەیدا باس لەوەش دەکات، کۆنگرەکە شوێنی دیاریکردن یان بانگەشە بۆ رێبەرێکی دیاریکراو و تەنانەت دروستکردنی هاوپەیمانیش نیە. بەڵکوو ئامانجیان نێوەندگیریکردنی گونجاو بۆ حکومەتی راگوزەری هاوبەشە.

ئەگەرچی پێشتر لەماڵپەرەکەیاندا و ئێستاش هەر ئاوایە، شۆرای هەماهەنگی کۆنگرەکە ٢٩ کەس بوون و لەکوردەکان تەنیا ناوی ناهید بەهمەنی ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی شۆرشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی تێدایە، بەڵام رۆژی رابردوو لە پەیجی ئیکسی ئەو کۆنگرەیەدا ناو و وێنەی ٣٠ کەس وەکوو شۆرای هەماهەنگی بڵاوکرایەوەو خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی پێ زیاد کراوە.

سەبارەت بە بەشداری ئەو دوو کوردە لەو کۆنگرەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، گفتوگۆکان بۆ دانانی ئەو کۆنگرەیە پێش راگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، ئامانجیش تەنیا گفتوگۆ کردن بووەو بڕیاربووە نوێنەری ئەو دوو حیزبە لە کۆنفرانسێکی چاوەروانکراوی لەندەن وتاری خۆیان پێشکەش بکەن. ئەو کۆنفرانسە بڕیارە ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە لە لەندەن بەرێوەبچێت.

سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، بڕیار نەبووە، ئەو کۆنگرەی ئازادی بەمشێوەیە رابگەیەندرێت، گلەییەکەشیان پێ گەیاندوون، بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، پێیان واتراوە، کۆنگرەی ئازادی ئێران، تەنیا بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆرکردنی بیرۆڕایەو بڕیار نیە، هیچ هاوپەیمانییەکی تێدا رابگەیەندرێت.