16 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

"کوردستان لە کنگرە آزاد ایران"... نەوەیەکی بەهێز و هاوپەیمانییەکی لاواز

"کوردستان لە کنگرە آزاد ایران"... نەوەیەکی بەهێز و هاوپەیمانییەکی لاواز
10 . خاکەلێوە . 2726

نووسین: ژیوار رەسووڵی

رۆژانی شەممە و یەکشەممە لە شاری لەندەن کنگرە ازادی ایران بەرێوەچوو. جیاواز لەوەی رێکخەرەکانیان کێ بوون و مەبەستیان چی بوو، ئەوەی دەمهەوێ باسی بکەم، شێواز و ئاستی بەشداری لایەنە سیاسیی و ئاکادیمیسییەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەو کۆنفرانسەدا رۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزەوە دەرکەوت، بەڵام هاوپەیمانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لاواز و بگرە تووشی شکستێکی گەورە هاتن.

کوردستانیان پێویستە لەهەموو تریبوونێک بۆ باسکردن لە خواست و وەبیرهێنانەوەی ئیرادەی نەتەوەی کورد کەڵک وەربگرن. بەو مەرجەی نابێ بچنە ژێر باری هیچ رێککەوتن یان هاوپەیمانییەکی سەراسەری کە لەسەر حیسابی خواستە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کوردستان بێت. هەربۆیە بەشداربوونی کوردستانیان لە کنگرە ازادی ایران لانیکەم بۆ من جێگەی گلەیی و رەخنە لێگرتن نیە.

سێ لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ نوێنەریان لەو کنگرەیەدا هەبوو. دکتور ئاسۆ حەسەنزادە ئەگەرچی وەکوو خۆی پانێلەکەی پێشکەش کرد، بەڵام کورتە پەیامێکی خالید عەزیزی وتەبێژی حدکا-شی باسکرد. ناهید بەهمەنی، ئەگەرچی لە پانێلی پرسی ژنان قسەی کرد، بەڵام ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەو هاوکات پەیامی عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری ئەو حیزبەش خوێندراویەوە، هاوکات رێوار ئاودانان ئەندامی رێبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان -پژاک وتاری ڤیدیۆیی پێشکەش کرد.

ئەو سێ لایەنە دەبووا، بەر لە بەشداریکردن لەناو هاوپەیمانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە گفتوگۆیان کردبا، ئەگەر وەکوو هاوپەیمانی بەشدار دەبوون، نوێنەریان لەوێ‌ هەڵبژاردبا، ئەگەریش حیزبەکان بە وەکوو خۆیان بەشداریان دەکرد، لەناو هاوپەیمانییەکەدا هەماهەنگیان کردبا. بەداخەوە نە لە وتارەکەی ناهید خانمی بەهمەنی و نە لە وتارەکەی رێوار ئاودانان هیچ باسێک لە هاوپەیمانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرا. ئەگەرچی دکتور ئاسۆ حەسەنزادە لە پانێڵەکەیدا لانیکەم دووجار باسی لە هاوپەیمانییەکە کرد و تەنانەت وەبیر ئامادەبووە کوردستانی و ئێرانییەکانی ناو هۆڵەکەی هێنایەوە کە مەرجەکانی هاوپەیمانی بۆ بەشداری لە هەر جۆرە هاوپەیمانییەکی سەراسەری چین. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەوانیتریش هەمان بۆچوونیان هەیە؟
بەڵام ئاکادیمیسییەنە کوردستانییەکان بۆشایی شپرزەیی حیزبەکانی ناو هاوپەیمانیان زۆر بە باشی پڕکردەوە. دکتور بێهروز چەمەن ئارا، دکتور ئاسۆ حەسەنزادە، دکتور شوکریا برادۆست و دکتور مەنسوور سۆهرابی لەجیلی نوێی ئەو بزاڤە، زۆر بە وریایی و لێزانی و متمانەبەخۆبوونەوە دەستیان بەسەر کەشی هۆڵەکەدا گرتبوو. ئەوان سێ تایبەتمەندی کوردستانیبوون لە وێژمان، زانستیبوون لە لۆژیک و نوێبوون لە ریتۆریکیان هەبوو. ئەو تایبەتمەندیانەی ئیدیۆلۆگی رێکخراوە سیاسییەکانمان بە تەواوەتی لێی بێبەشن.

ئەو جیلە لە ئاکادیمیسییەن و شۆرشگێرەکانی بزاڤی ئێمە، هەم بە باشی شارەزای ریتۆریکن، هەم لەکاریگەری پێرفۆرمانس لەکاتی وتاردان تێدەگەن، هەر ئەوەش متمانە بەخۆبوونێکی پێداون کە کایەی سەر گۆرەپانەکە لەبەرژەوەندی کوردستان بگۆرن. ئەوان بە وێژمانی ناسیۆناڵیستی و بە چەکی زانست، ریتۆریک، ئەمرۆییبوون و متمانەبەخۆبوون، هێرش وەکوو باشترین بەرگریکردن بەکار دەهێنن. چانس یان هەواڵ ناخۆشەکە بۆ رێکخراوە سیاسییەکان ئەوەیە، کوردستان پێشمەرگەی ئاوای کەم نین.

لەکۆتاییدا با بگەرێینەوە سەر هاوپەیمانی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، راگەیاندنی هاوبەش مەحەکی هەڵسەنگاندن نیە، بەڵکوو دەبێ و دەبووا لە هەنگاوی کردارەکی ئاوا نیشانی بدەن کە هاوپەیمانییەکە سەنتەرە بۆ بڕیارو چاڵاکییەکانتان. دەبێ بەربەستە زەینییەکان و بەرژەوەندییە حیزبییەکان وەلا بنێن و بۆ هەر هەنگاو و بڕیارێکی دیکە هاوپەیمانی بکەن بە سەنتەری دوا بڕیار.