16 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

شەڕی ئێران، گۆرەپانی شەڕی بە وەکاڵەتی رووسیە و ئۆکراین

شەڕی ئێران، گۆرەپانی شەڕی بە وەکاڵەتی رووسیە و ئۆکراین
11 . خاکەلێوە . 2726

سەرچاوە: Council on Foreign Relations
وەرگێران: Rojhelat news

"مەکس بوت، توێژەری باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەو وتارەی لە کیێڤ-ی ئۆکراینەوە نووسیوە."

ئەوە باوە کە شەڕە گەورەکان، شەڕی بە وەکاڵەتی لێدەکەوێتەوە، بەو مانایەی هێزە دەرەکییەکان بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانیان و زیان گەیاندن بە دوژمنەکانیان دەستێوەردان لە شەڕەکەدا دەکەن. بۆ نموونە، یەکێتی سۆڤییەت لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا یارمەتی کۆریای باکوور و ڤیەتنامی دەدا. ئەمریکا لە دەیەی ١٩٨٠ بە یارمەتیدانی موجاهیدە ئەفغانییەکان زیانی گەورەی بە سوپای سووری یەکێتی سۆڤییەت گەیاند.شەڕی ئێرانیش هەر وایەو زۆر جیاواز نیە. هەر دوو وڵاتی رووسیە و ئۆکراین هەوڵ دەدەن لەو شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە، لە بەرژەوەندی خۆیان کەڵک وەربگرن.

روسیە لەمێژ ساڵە هاوپەیمانی ئێرانە، هەر بۆیە ئاسایی کە ڤیلادیمیر پۆتین لەرێگەی پێدانی زانیاری هەواڵگری و وێنەی سەتەڵایت و درۆن یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات. ڤۆلادیمیر زلێنسکی لە تۆری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئۆکراین باسی لەوە کردبوو، سەتەڵایتەکانی رووسیا وێنەی لە بنکەی سەربازی ئەمریکا و بەریتانیا لە دووڕگەی دیەگۆ گارسیا لە زەریای هیند، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوێت، بنکەی ئاسمانی پرینس سوڵتان لە عەرەبستان و بنکەی ئاسمانی العدید لە قەتەر گرتووەو بە ئێرانی داوە. ئەگەر قسەکانی زلێنسکی راست بێت، کەوایە بە رێککەوت نیە، ئێران ئاوا بە وردی ناوەندەکان دەکاتە ئامانج.

رۆژی ٢٧ی مارس ئێران بە مووشەک لە بنکەی پرینس سوڵتان کرد و زیانی بە چەندین فرۆکەی ئەمریکی گەیاند. فرۆکەی بە بەهای E-3 سەنتری (ئاواکس) لەو هێرشەدا لەناوچوو. لە هێرشێکی دیکەیشدا ئێران لانیکەم ١٠ وێستگەی راداری ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداوی کردە ئامانج، ئەو وێستگانە بۆ ئاگادارکردنەوە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان زۆر گرنگ بوون. بەپێی راپۆرتێکی نیۆیۆرک تایمز ١٣ بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە چۆڵ کراون.

زۆر ئەستەمە باوەر بەوە بکەین، ئێرانێک کە خۆی سەتەڵایتی نیە، بتوانێ بە بێ یارمەتییەکانی رووسیا و بەئەگەری زۆر چین-یش ئاوا بەو وردییە ئامانجەکانی بپێکێت.
لەرابردوودا، رووسیا لە لایەن ئێران یارمەتی سەربازی دەکرا، ئێران درۆنی شاهیدی بە رووسیا داوە، ئێستا ئەو درۆنە بە رێژەیەکی یەکجار زۆر بە دژی ئۆکراین بەکار دەهێندرێت. بەڵام ئێستا رووسیا نموونەیەکی تایبەت بە خۆی لەو درۆن دروستکردووەو ماتۆری جولێنەری جێت-ی لەسەر داناوە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئێستا یارمەتییەکە پێچەوانە بووەتەوەو رووسیا بە ناردنی درۆن هاوکاری ئێران دەکات.

چاوەروان دەکرا، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە یارمەتیدانی رووسیە بە ئێران نیگەران بێت، بەڵام ئەو زۆر نیگەران نیە. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێک لە ١٣ی مارس رایگەیاند:" پێموایە ئەو (پۆتین) هەندێک یارمەتی ئەوان (ئێران) دەکات." بەڵام ئاوا پاساوی بۆ ئەو یارمەتییە هێنایەوە:" رەنگە ئەو (پۆتین) پێیوابێت کە ئێمە یارمەتی ئۆکراین دەکەین، ئەوان ئەو کارە دەکەن و ئێمەش ئەو کارە دەکەین." لەگەڵ ئەوەش، ئەمریکا لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی تووڕەیە، چونکە لە کردنەوەی گەڕوی هۆرمۆز یارمەتی نەداون.

ترامپ نەک بەهۆی یارمەتیدانی ئێران، پۆتین-ی سزا نەداوە، بەڵکوو بەشێک لە گەمارۆکانی سەر رووسیەیشی کەم کردووەتەوە. ئەو کارە دەتوانێ داهاتێکی یەکجار زۆری بۆ رووسیە هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لە شەڕ لەدژی ئۆکراین خەرجی بکات.
چونکە ئەمریکا رێگری لە رووسیە ناکات، ئۆکراین ناچار بووە، خۆی بێتە ناو گۆرەپانەکە. هەفتەی رابردوو، درۆنە دوورهاوێژەکانی ئۆکراین ژێرخانەکانی هەناردەی نەوتی رووسیایان لە کەنارئاوەکانی زەریای ئەتڵانتیک کردە ئامانج. دەوترێ ئەو هێرشە رێژەی هەناردەی نەوتی رووسیەی بە رێژەی ٤٠ لەسەد دابەزاندبوو.

هاوکات، زلێنسکی شارەزایانی درۆنی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی کەنداو لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران رەوانەی ناوچە کردووە. لەگەڵ ئەوەش خۆی سەردانی کەنداوی کردووە، بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و قەتەر واژۆ بکات. ئەو وڵاتانە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی سیستەمی پاتریۆت بەهۆی ئەوەی نرخی هەر مووشەکێکیان ٣.٧ ملیۆن دۆلارە بۆ بەرپەچدانەوەی درۆنی ئێرانی کە نرخەکانیان ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلارە، کاریگەر نیە. بڕیارە ئۆکراین درۆنی گەرۆک و کاریگەری خۆی بە وڵاتانی کەنداو بدات، نرخی ئەو درۆنانە تەنیا هەزار دۆلارە.

لەبەرامبەردا، ئۆکراین دەتوانێ وەبەرهێنانی سەربازی خۆی گەشە پێبدات. لەئێستادا، نزیکەی ٦٠ لەسەدی رێژەی درۆنەکانی ئۆکراین لە کۆگاکاندا ماونەتەوەو بەمشێوەیە ئەوانیش دەفرۆشێت و ئامانجی کیێڤ-یش ئەوەیە ساڵی داهاتوو نزیکەی ٧ ملیۆن درۆن دروست بکات.
بە گشتی، رووسیا یەکێک لە سوودمەندترین وڵاتانی شەڕی ئێرانە، لەلایەک داهاتی فرۆشی نەوتی زۆر بەرزبووەتەوە، هاوکات ئەمریکاش چەکە کاریگەرەکانی وەکوو مووشەکی پاتریۆتی بە رێژەی بەرچاو بەکار هێناوەو چیتر ناتوانێ وەکوو جاران یارمەتی ئۆکراین بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئۆکراین دەیهەوێ ئەو باڵادەستییەی رووسیا لە رێگەی شەڕی بە وەکاڵەت و یارمەتیدانی لایەنی بەرامبەر قەرەبوو بکاتەوە.