16 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

خوێندنەوەیەک بۆ بەشداریی سیاسیی کورد لە کۆڕبەندە ئێرانییەکاندا

خوێندنەوەیەک بۆ بەشداریی سیاسیی کورد لە کۆڕبەندە ئێرانییەکاندا
13 . خاکەلێوە . 2726

ناسنامە، زمان و هاوسەنگیی هێز: خوێندنەوەیەک بۆ بەشداریی سیاسیی کورد لە کۆڕبەندە ئێرانییەکاندا
نووسین: کەژاڵ حاجی عەبباسی- چاڵاکوانی سیاسیی و بەرپرسی رێکخراوی ژنانی کوردستان

پێویستە هەر سیاسەتمەدار و چالاکوانێکی کورد، کاتێک پێ دەنێتە نێو هۆڵەکانی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن یان ناوەندە ئێرانییەکان، ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی و جەوهەری ببێتەوە: بۆچی زمانی فارسی هەمیشە دەبێتە تاقە کەرەستەی گەیاندنی پەیام؟ ئایا ئەمە هەڵبژاردنێکی تەکنیکی و ڕێکخراوەیییە بۆ ئاسانکاری، یان بەڵگەی سیستەمێکی نەنووسراوی ناوەندگەرایی و باڵادەستیی زمانی سەردەستە؟ ئایا ئەم پەنابردنە بۆ زمانی فارسی، نیشانەی باوەڕبەخۆنەبوون و جۆرێک لە خۆبچووک کردنەوەیە لە بەردەم دەسەڵاتی زاڵدا، یان تەنیا ڕێکارێکی سیاسییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا یەک ڕەهەند ناگرێتەوە، بەڵکوو چەند لایەنێکی لێکئاڵاوی هەیە:

یەکەم: هەندێک لە نوێنەرانی کورد پێیان وایە بەکارهێنانی زمانی فارسی «کورتەبڕ»ێکە بۆ گەیاندنی پەیام بە زۆرترین ژمارەی گوێگر و کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتیی ئێران. بەڵام ئەم ڕوانگەیە باجێکی مێژوویی هەیە؛ چونکە کاتێک ڕێکارێکی سیاسی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا دەستبەرداری زمان دەبێت، لە ڕاستیدا پێشوەختە دان بە باڵادەستیی کولتووری و سیاسیی ناوەنددا دەنێت و ڕەهەندی ناسنامە لە گوتارەکەیدا لاواز دەکات.

دووەم: هەرچەندە لە زۆرێک لەو کۆبوونەوانەدا ڕێگرییەکی یاساییی ڕەها نییە، بەڵام سنوورێکی نادیار و ترسێکی دەروونیی بەردەوام هەیە. زۆربەی بەشداربووان تووشی «خۆسانسۆرکردن» دەبن؛ دەترسن قسەکردن بە زمانی کوردی وەک هێمایەک بۆ جیاخوازی یان توندڕەوی لێکبدرێتەوە. ئەم دۆخە وا دەکات دەنگی کورد لەناو کایە سیاسییەکاندا تەنیا وەک پاشکۆیەکی زمانەوانی دەربکەوێت، نەک وەک جەمسەرێکی خاوەن ماف.

سێیەم: کاتێک باس لە دیموکراسی و هاوپەیمانی دەکرێت، زۆرجار بە ناوی زمانی هاوبەش و یەکگرتوویی نیشتمانییەوە، فرەچەشنیی و فرە زمانی پەراوێز دەخرێت. بەڵام پێویستە ڕوون بکرێتەوە: دیموکراسییەک کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی فرەزمانی بونیاد بنرێت، تەنیا گۆڕینی ڕوخسارەکانی دیکتاتۆرییە. ڕێزگرتن لە مافی زمان شتێکی لاوەکی نییە، بەلکوو بەردی بناغەی هەر ڕێککەوتنێکی دیموکراتییانەی ڕاستەقینەیە.

چوارەم: لایەنێکی گرینگی ئەم بابەتە تێکچوونی نیوان قسە و کردارە. جێی سەرنجە زۆربەی ئەو لایەنانەی باس لە فیدراڵیزم دەکەن، لە بچووکترین هەنگاوی کردەییدا شکستیان هێناوە. فیدراڵیزم تەنیا دابەشکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکوو یەکسانیی زمانەوانی یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانییەتی. لە کۆڕبەندێکدا کە وەرگێڕی هاوکات بۆ زمانە نافارسییەکان نەبێت، باسکردن لە فیدراڵیزم بی بنەما و تەنیا دروشمێکی بریقەدارە. ئەمە تەنیا کەم و کۆرێیەکی تکنیکی نییە، بەلکوو نیشانەی کزی ئێرادەی سیاسییە.

پێنجەم: زۆرجار داواکارییە بنەڕەتییەکانی کورد، وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە شێوەیەکی نەرم یان ناراستەوخۆ سانسۆر دەکرێن. هەمووکات کورد و میللەتەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران ناچار دەکرێن لەژێر ئاڵا و هێماکانی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگرای ئیرانی دا کۆببنەوە، بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت کەمترین هێمای ناسنامەیی خۆیان نیشان بدەن. ئەم کارە لە بنەرەتدا، هەولێکە بۆ خۆ گۆنجاندنی لایەنە پەراوێزخراوەکانە نەک هاوبەشی یەکسان. هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم نایەکسانییە لە لایەن میللەتانی غەیری فارس تەنیا بە دانانی درزیلەیەکی سەر یەخە یان ئاماژەیەکی بچووک، ناتوانێت جێگەی مافە سیاسی و یاسایییە فەرمییەکان بگرێتەوە.

لە کۆتاییدا، ئەم کێشەیە تەنیا پرسێکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێزە. زمانی کوردی تەنیا ئامرازێکی ئاخاوتن نییە، بەلکوو بەشێکی گرینگ لە ناسنامە و مافی سیاسیە. هەر بویە، کاتی ئەوە هاتووە سیاسەتی کوردی بە متمانەیەکی زیاترەوە، مەرج و سنوورە نەتەوەییەکانی خۆی بۆ بەشداری لە هەر سەکۆیەکدا دیاری بکات. هەر بەشدارییەک کە تێیدا زمانی کوردی، وەک زمانی فەرمی و یەکسان و ناسنامەی نەتەوەیی ئامادەیی نەبێت، نابێتە گەرەنتییەک بۆ داهاتوویەکی ئازاد. ئامانج تەنیا دیموکراتیزەکردنی ناوەند نییە، بەڵکوو پاراستنی شکۆ و دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە وەک نەتەوەیەکی یەکسان.