16 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنی مێژوو..فرۆکەوانەکە چۆن رزگار کرا؟

بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنی مێژوو..فرۆکەوانەکە چۆن رزگار کرا؟
16 . خاکەلێوە . 2726

راپۆرتەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی نیویورک تایمز، ئێن بی سی و پەیامەکەی ترەمپ ئامادەکراوە.

هەموو شتێک لەو کاتەوە دەستی پێکرد، فرۆکەی شەڕکەری F-15E Strike Eagle ئەمریکا لە باشووری رۆژئاوای ئێران کرایە ئامانج و کەوتە خوار. دوو فرۆکەوانەکەی بە پەرەشووت خۆیان رزگار کرد، بەڵام هەردووکیان لە ٤٠٠ کیلۆمەتر لە قووڵایی خاکی ئێران و لە زنجیرە شاخێکی ئەستەم کەوتنە خوار. دوو فرۆکەوانەکە هەر کامەشیان لە شوێنێکی جیاواز هاتبوونە خوارێ.

فرۆکەوانی یەکەم هەر زوو دۆزرایەوە، بەڵام ئەوەی دووەم کە باس لەوە دەکرێت فەرماندەیەکی سەربازیی شارەزاش بووە، لە ناوچەیەکی شاخاوی گیری خواردووە. ئەو بڕیندا بوو، بەڵام هێشتا هەر زیندوو بوو.

لە ناو تاشەبەردەکان و لە شەوێکی ئەستوونگەچاودا، ئەو فرۆکەوانە تەنیا چەکێکی سووک و ئامێری رادیۆی و کۆد دارێژی تایبەتی پێ بوو. بەپێی زانیارییەکان فرۆکەوانەکە نێوە نێوە و لەکاتی دیاریکراودا تەنیا بۆ چەند چرکە ئامێرەکانی هەڵدەکرد، بۆ ئەوەی ئاماژە و فریکۆنسەکان بەو ئەمریکاییانە بگەن کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرد.

هەر لەو رۆژەدا شەرێکی هۆلیوودی دەستیپێکرد
ئەمریکاییەکان بۆ رزگارکردنی رایان دەکرد و ئێرانییەکانیش بۆ دەستگیرکردنی هەوڵیان دەدا. سەدان چەکداری سەر بەرژێمی ناوچەکە کە هەمووشیان شارەزایی شوێنەکە بوون، بەدوای فرۆکەوانەکەدا دەگەران. رژێمی ئێران لەهەموو میدیاکانی داوای دۆزینەوە یان کوشتنی دەکرد و تەنانەت خەڵاتێکی دەیان میلیارد تومەنیش بۆ زیندوو یان کوژرانی فرۆکەوانەکە تەرخان کرابوو.

بەڵام ئەمریکاییەکان بڕیاری رزگارکردنی فرۆکەوانەکەی فرۆکەی F-15E دابوو، چەندین درۆنی گەرۆک بەسەر ناوچەکەدا کەوتنە کار، فرۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی و دوو فرۆکەی دیکەی دیکەی تایبەتی گواستنەوەی هێز و گەران لەسەر زەوی بۆ دۆزینەوەی فرۆکەوانەکە لەسەر ناوچەکە بوون. لەو لاشەوە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا چەندین سیناریۆیان بۆ فریودانی ئێران جێبەجێکرد.

سەرەتا وترا دۆزراوەتەوە، لەکاتێکدا هێشتا نەدۆزرابوویەوە، دوایی لەرێگەی چەند سەرچاوەی سەربازی باس لەوە کرا، فرۆکەوانەکە دۆزراوەتەوەو ئیستا خەریکن بەرەو سنوورەکانی پاکستان دەیبەن. ئەوەش‌ بۆ ئەوەی ئێرانییەکان لەسەر سنوورەکان بەدوای فرۆکەوانەکەدا بگەرێن و خۆشیان هەر لەو شوێنە لەگەران بەردەوام بن.

شوێنەکە دۆزرایەوەو ئۆپەراسیۆنی سەرەکی دەستی پێکرد
شەوی رابردوو، کۆپتەرە تایبەتەکانی ئەمریکا بە نزمییەکی زۆر کەم چوونە ناوچەکە. کۆماندۆکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و تیمەکانی Combat Search and Rescue لە نزیک شوێنی فرۆکەوانەکە دابەزین. هەر لەو کاتەوە چەکدارانی ئێرانیش‌ لێیان نزیک بوونەوە، شەڕ لەسەر زەوی دەستیپێکرد. هێزەکانی تایبەت لەسەر زەوی و کۆپتەرەکانی پشتیوانیش لە ئاسمانەوە پشتیوانی کۆماندۆکانیان بۆ دەرهێنانی فرۆکەوانەکە دەکرد. فرۆکەوانەکە لەو شوێنەی خۆی حەشار دابوو، هێندرایە دەر و رزگار کرا. دۆناڵد ترەمپ دەڵێ بڕیندارە بەڵام زۆر زوو چاک دەبێتەوە. سەرۆکی ئەمریکا وتیشی ئەوان هەرگیز پشتی چەکدارەکانیان چۆڵ ناکەن و ئاشکراشیکرد هیچ سەربازێکیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەکوژراوە.

بەڵام مەترسییەکی گەورەتر هاتەپێش
دوای دەربازکردنی فرۆکەوانەکە، فرۆکەیەکی وارتوگ A-10 دەکرێتە ئامانج، ئەگەرچی تووشی کێشە دەبێ، بەڵام دەتوانێ خۆی رزگار بکات و بچێتەوە کوێت. بەڵام دوو فرۆکەی هاوک کە بۆ گواستنەوەی هێز لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون، تووشی کێشەی تەکنیکی دەبن. لەو کاتەدا فەرماندەکان دەبووا بڕیارە قورسەکە بدەن، ئەگەر فرۆکەکانیان ئاوا بەجێهێشتبا دەکەوتنە دەستی دوژمن. بڕیارەکە گەیشت و هەردوو فرۆکەکە تەقێندرانەوە. سەرنشینانەی ئەو دوو فرۆکەیە، بە فرۆکەیەکی دیکە گواسترانەوە.
ئەو ئۆپەراسیۆنە کە ٤٨ کاتژمێری خایاند، ئامانجیشی رزگارکردنی فرۆکەوانەکە بوو، شێوازەکەی هێندە ئاڵۆز و پڕ لە مەترسی و رێکوپێک بوو، کە نیۆیۆرک تایمز «بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنی مێژووی» لێ ناوە.